جیهان بەکورتی: بوكێك له‌شه‌وى هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یدا گیانى له‌ده‌ستدا

هەواڵ / جیهان :: 17/07/2019‌ :: 49729‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

فرفش پڵه‌س – بوكێك له‌ غه‌ززه‌ چه‌ند كاتژمێرێك دواى ئاهه‌نگى گواستنه‌وه‌ گیان له‌ده‌ستده‌دات
ئیسرا سوبحى عه‌مار چه‌ند كاتژمێرێك دواى ئاهه‌نگى گواستنه‌وه‌ى له‌شارى خان یونس له‌كه‌رتى غه‌ززه‌، له‌هۆش خۆى ده‌چێت و به‌په‌له‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و ده‌خرێته‌ ژێر چاودێرى ورده‌وه‌، به‌ڵام پزیشكه‌كان هیچیان بۆ ناكرێت و گیان له‌ده‌ستده‌دات، جیهان ئه‌بو شماله‌ كه‌ خزمێكى بوكه‌کەیە، له‌ فه‌یسبووك نووسیویه‌تى: "كاتێك ئیسرامان گه‌یانده‌ نه‌خۆشخانه‌، دواى پشكنین ده‌ركه‌وت رێژه‌ى شه‌كر له‌خوێنیدا دابه‌زیوه‌، پزیشكه‌كان ده‌رزى گلوكۆزیان له‌سه‌ریه‌ك لێداوه‌، بێئه‌وه‌ى چاودێرى رێژه‌ى شه‌كر له‌خوێنیدا بكه‌ن، به‌وهۆیه‌وه‌ رێژه‌ى شه‌كر له‌خوێنیدا گه‌یشتووه‌ته‌ 700، به‌وهۆیه‌وه‌ چووه‌ته‌ غه‌یبووبه‌وه‌ و دواتر دڵى وه‌ستاوه‌ و گیانى له‌ده‌ستداوه‌.


ستره‌یتس تایمز – شاى پێشووى مالیزیا دواى ساڵێك له‌هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ شاجوانى پێشووى روسیا لێى جیابووه‌وه‌
سوڵتان محه‌مه‌دى پێنجه‌م شاى پێشووى كیلانتان له‌مالیزیا، دواى تێپه‌ڕبوونى ساڵێك به‌سه‌ر هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئۆكسانا ڤۆڤۆدینا شاجوانى پێشووى روسیا و بوونى منداڵێك لێى، لێى جیابووه‌وه‌.


ئیڤنینگ ستاندارد - ناسا پلانى هه‌یه‌ بیبه‌رى توون له‌بۆشایى ئاسمان بڕوێنێت    
ناسا ئاشكرایكرد: "پلانیان هه‌یه‌ له‌مانگى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵدا بیبه‌رى توونى ئیسپانى له‌ وێستگه‌ ئاسمانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان له‌بۆشایى ئاسمان بڕوێنن، به‌وه‌ش بیبه‌رى توون یه‌كه‌م میوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن گه‌ردوونزانه‌ ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ له‌بۆشایى ئاسمان چێنرابێت".


میدڵ ئیست مۆنیته‌ر – دیپلۆماتكاره‌ ئێرانییه‌كان و خێزانه‌كانیان كه‌ له‌نیویۆرك ده‌ژین رووبه‌ڕووى كۆتوبه‌ندى گه‌شتكردن ده‌بنه‌وه‌ 
ئه‌مریكا كۆتوبه‌ندى توندى گه‌شتكردن له‌به‌رده‌م ده‌یان دیپلۆماتكارى ئێرانی و خێزانه‌كانیان كه‌ له‌نیویۆرك ده‌ژین داده‌نێت و به‌پێى یاسا نوێیه‌كان، ده‌توانن ته‌نیا له‌نێوان ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا و له‌رێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى جۆن كه‌نه‌دییه‌وه‌ گه‌شت بكه‌ن.


نیوز 18 – كۆریاى باكور: ئه‌گه‌ر واشنتۆن مانۆڕه‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌گه‌ڵ سیئۆل رانه‌گرێت گفتوگۆى ئه‌تۆمى نێوانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ 
وته‌بێژى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كۆریاى باكور ئه‌مریكاى به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ له‌گه‌ڵ كۆریاى باشور به‌نیازه‌ مانۆڕى سه‌ربازى دۆنگ مینگ ئه‌نجامبدات و مه‌به‌ستیشیان لێى ئاماده‌كارییه‌ بۆ جه‌نگ.


گود نیوز نێتوۆرك – كۆمپانیایه‌كى فڕۆكه‌وانى له‌هه‌ر گه‌شتێكدا 55 ملیۆن پاشماوه‌ى پلاستیكى به‌كارده‌هێنێت و دواتر ده‌بێت به‌ پاشماوه‌
كۆمپانیاى فڕۆكه‌وانى نیوزلاند ئه‌یر، له‌ناو فڕۆكه‌كانیدا كه‌لوپه‌لى پلاستیكى به‌كارده‌هێنێت كه‌ رۆژانه‌ 55 ملیۆن كه‌لوپه‌لى پێویسته‌، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ كێشى فڕۆكه‌كه‌ سووكتر ده‌بێت، به‌وه‌ش فڕۆكه‌كه‌ رێژه‌یه‌ك سووته‌مه‌نى كه‌متر به‌كارده‌هێنێت.

ئەلئەهرام - ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تویتە "دەمارگیریەکان"ی ترامپ تۆمەتبار دەکەن
ئەنجومەنی نوێنەران کە زۆرینەیان دیموکراتیەکانن، بڕیارێکیان بۆ تۆمەتبارکردنی دۆناڵد ترامپ دەرکرد، ئەمەش پاش ئەوەی کۆمێنتی "دەمارگیری" ئاراستەی چوار ئەندامی ئەنجومەنکرد و بڕیارەکە بە 240 دەنگ پەسەندکرا و لەبەرامبەردا 187 کەس دژیبوون.


 

واشنتن پۆست – له‌ راپۆرتێكى ناتۆدا كه‌ به‌هه‌ڵه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ شوێنى نهێنییه‌كانى چه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ئه‌وروپا ئاشكرا كراوه‌
له‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كدا كه‌ به‌هه‌ڵه‌ له‌لایه‌ن سایتى ناتۆوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و دواتر سڕیویانه‌ته‌وه‌ و ئێستا بووه‌ به‌سه‌ردێڕى میدیا جیهانییه‌كان، تیایدا شوێنى نهێنى چه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا و وڵاتانى دیكه‌ ئاشكرا كراوه‌، ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ چه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى ئه‌مریكا له‌وڵاتانى به‌لجیكا و ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و هۆڵه‌ندا و توركیا هه‌ڵگیراون.  


ئه‌لنه‌هار – بۆیه‌كه‌مجار ژنێك و بۆیه‌كه‌مجار ئه‌ڵمانییه‌ك ده‌بێته‌ سه‌رۆكى كۆمسیۆنى ئه‌وروپا
(رۆژى سێشه‌ممه‌ 16ى ته‌مموزى 2019) ئورسولا ڤۆن در لاین بۆ یه‌كه‌مجار وه‌كو ژنێك و وه‌كو ئه‌ڵمانییه‌ك به‌ سه‌رۆكى كۆمسیۆنى ئه‌وروپا هه‌ڵبژێردرا و داواى له‌هه‌موو ئه‌ندامانى كۆمسیۆن كرد پێكه‌وه‌ بونیادنه‌رانه‌ هه‌نگاو بنێن.

 

ئه‌لبه‌یان - ژه‌مێكى گرانبه‌ها وه‌زیرێكى فره‌نسى ده‌خات
(رۆژى سێشه‌ممه‌ 16ى ته‌مموزى 2019) فرانسوا دو روگى وه‌زیرى راگوزه‌رى ژینگه‌ى فره‌نسا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى له‌پۆسته‌كه‌ى راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌دێت كه‌ ئاشكرابوو، كاتێك پێشتر سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى نیشتمانى بووه‌ ژه‌مى گرانبه‌هاى كڕیوه‌ و پاره‌ى به‌هه‌ده‌رداوه‌.  



حزبێكی توركی داوا له‌ ئه‌ردۆغان ده‌كات واز له‌ ئیخوان بهێنێت و چاكسازی له‌گه‌ڵ میسردا بكات
ئه‌لبه‌یان – كه‌مال كڵچدار ئۆغلۆ سه‌رۆكی حیزبی كۆماری گه‌لی توركیا داوا له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا ده‌كات كه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی بگۆڕێت و واز له‌ ئیخوان موسلیمین بهێنێت و چاكسازی له‌گه‌ڵ میسردا بكات.


ئه‌مریكا سه‌رۆكی پێشووی پێرو ده‌ستگیرده‌كات
ئه‌لبه‌یان – ئۆفیسی داواكاری گشتی له‌ پێرو رایگه‌یاند، له‌ رۆژی سێ شه‌ممه‌ ئه‌لیخاندرۆ تولیدۆ سه‌رۆكی پێشووی پێرو له‌ ئه‌مریكا ده‌ستگیركرا له‌سه‌ر داواكاری حكومه‌تى لیما، تولیدۆ له‌ ساڵی 2017ه‌وه‌ هه‌ڵهاتووه‌ كاتێك دادگای وڵاته‌كه‌ سزاى 18 مانگ زیندانى له‌دژى ده‌ركرد.

"نوێنه‌رانی" ئه‌مریكا سزاكان له‌سه‌ر وڵاتی سعودیه‌ په‌سه‌ند ده‌كات
گلگامیش پرێس – ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ داوایانكرد كه‌ سزاكانی ئه‌مریكا به‌سه‌ر سعودیه‌ بسه‌پێنرێت سه‌باره‌ت به‌ كوشتنی "جه‌مال خاشقچی" و سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان له‌ كوشتنیدا هه‌بووه‌.


وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال 
پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure