هه‌ولێر و به‌غدا له‌ سه‌ر ڕه‌شنووسێك رێكدەكه‌ون

هەواڵ / کوردستان :: 17/07/2019‌ :: 17282‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى دوێنێى شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا، هه‌ردوولا رێككه‌وتن به‌ نووسینه‌وه‌ى ڕه‌شنووسێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان و پاشان دروستكردنى چه‌ند لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش به‌مه‌به‌ستى گفتووگۆكردن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى ڕه‌شنووسه‌كه‌.


دوێنێ سێشه‌ممه‌، 16ى ته‌مموز، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومەتی هه‌رێمی كوردستان بەیاوەری شاندێك له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق كۆبوونه‌وه‌، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ هه‌ردوولا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ده‌ستكردن به‌ هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى نێوانیان، ئه‌ویش به‌ نووسینه‌وه‌ى ڕه‌شنووسێك به‌مه‌به‌ستى دیاریكردنى كێشه‌كان و چۆنیه‌تى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان و پاشان دروستكردنى چه‌ند لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش، به‌مه‌به‌ستى گفتووگۆكردن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى ڕه‌شنووسه‌كه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان کۆبونەوەكانى دوێنێى شاندى هه‌رێم له‌ به‌غدا گشتى بووەو باس لەوەکراوە کێشەکانى نیوان هەرێم و بەغدا به‌شێوه‌یه‌كی ریشەیى چارەسەر بکرێن ، پیشنیازی کردووە بۆ چوار ساڵ ڕێککەوتن بکرێت، نەك بەشێوەى پچرپچرو ساڵانە له‌پرسی بودجه‌دا كێشه‌كان سه‌رهه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه‌.

له‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوێنێ سێشەشه‌ممه‌، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند: هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەشدارێکی راستەقینە بێت لە عێراق و پێگە، ئەرك و مافی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور دیاری بکرێت کە هەرێم جگە لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان داوای هیچ شتێکی زیاتر ناکات، هەرگیز سازش لەسەر هیچ مافێکی دەستووری خەڵکی کوردستان ناکەن.

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو: تێگه‌یشتنی زۆر باش هه‌بوو، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێویست بوو بوترێت له‌ لایه‌ن شاندی هه‌رێمه‌وه‌ خستمانه‌ڕوو.

وتیشى: "له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌ست به‌ گفتوگۆی ته‌كنیكی ده‌كرێت بۆ تاووتوێكردنی پرسه‌كان".

لاى خۆشییەوە سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاندووە: هەرێمی کوردستان و عێراق بە یەکەوە ئەو وڵاتەیان بنیاتناوەتەوە لەدوای رووخانی رژێمی سەدام و دانیشی بەوەداناوە، کە کێشەی جۆراوجۆر لەنێوان هەردوولا هەن و پێویستە چارەسەر بکرێن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردوە: کە گرنگ ئەوەیە نیازێکی باش بۆ چارەسەری ئەو کێشانە هەیە، بۆیە پێشنیازکراوە کە هەردوولا بەجیا رەشنوسێك ئامادە بکەن، بۆ خستنەڕووی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بەپێی دەستووری عێراق بۆ کێشەکان.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure