دابه‌شكردنى مووچه‌ سستى تێده‌كه‌وێت و دواڕۆژ هۆكاره‌كه‌ى ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2019‌ :: 11165‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ

پاش به‌ڕێوه‌چوونى دابه‌شكردنى مووچه‌ له‌ ده‌ رۆژى رابردوودا، له‌ سبه‌ینێوه‌ دابه‌شكردن سستى تێده‌كه‌وێت و سه‌رچاوه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى دارایش هۆكاره‌كه‌ى ئاشكراده‌كات.


یه‌كشه‌ممه‌ى پێشتر 6ى ته‌مموز دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى نیسانى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌ستیپێكرد و به‌شێوه‌ى خشته‌ى رۆژانه‌ مووچه‌ى چه‌ند وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یه‌ك دابه‌شكران، به‌ڵام سبه‌ى ته‌نها مووچه‌ى فه‌رمانگه‌یه‌كى هه‌رێم دابه‌شده‌كرێت، له‌كاتێكدا به‌پێى خشته‌ى دیاریكراوى وه‌زاره‌تى دارایى چاوه‌ڕوان ده‌كرا مووچه‌ى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا دابه‌شبكرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تى دارایی و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تا ئێواره‌ى ئه‌مڕۆش به‌شه‌ مووچه‌ى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ و ئه‌مه‌ش هۆكارى دواكه‌وتنى مووچه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت، وتیشى: "تا گه‌یشتنى ئه‌و پاره‌یه‌ سستى له‌ دابه‌شكردنى مووچه‌دا رووده‌دات، به‌هۆى ئه‌وه‌ى بڕه‌ پاره‌ى به‌رده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایى كه‌ پێشتر و له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ دابینكراوه‌ ته‌نها به‌شى ئه‌و وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگانه‌ى كردووه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى نزیكه‌ى ده‌ رۆژى رابردوودا مووچه‌یان پێدراوه‌".

له‌ كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تى دارایی به‌ دواڕۆژى وت: "سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ مووچه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى هه‌رێم دابه‌شده‌كرێت".

ئه‌مڕۆش مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌م ئه‌ندامان دابه‌شكرا.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure