هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ى هه‌رێم ئاشكراده‌بێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2019‌ :: 7237‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: بڕگه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى داهاتوو لاده‌برێت و ده‌شڵێت: له‌ ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌راندا "شه‌فافیه‌ت" نییه‌.


حه‌نین قه‌دۆ، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لیژنه‌ى دارایى (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پرسى مووچه‌ په‌یوه‌ندى به‌ بودجه‌وه‌ نییه‌، له‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى داهاتوو پرسى مووچه‌ى هه‌رێم لاده‌به‌ین.

وتیشى: "مووچه‌ به‌شێكى تایبه‌ته‌ له‌ناو بودجه‌ى هه‌رێمدا كه‌ نزیكه‌ى 12%یه‌، ناكرێت حكومه‌تى ناوه‌ند مووچه‌ و بودجه‌ بدات و هه‌رێمیش وه‌ك هه‌ندێك راپۆرت ئاماژه‌ى پێده‌ده‌ن رۆژانه‌ 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات".

لێدوانى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى وه‌فدى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانى عێراق به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و له‌نێویشاندا پرسى بودجه‌ و نه‌وته‌.

قه‌دۆ ئه‌وه‌شى دوپاتكرده‌وه‌: به‌رده‌وامى هه‌رێم له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ وامان لێده‌كات مووچه‌یان ببڕین. ئه‌وه‌شى وت: "هه‌رێم داهاتى گومرگ و داهاتى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و داهاتى نه‌وت راده‌ست ناكه‌ن و پابه‌ندنین به‌ ده‌ستور و یاسا".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ راشیگه‌یاند: له‌ ژماره‌ى راسته‌قینه‌ى پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌راندا ناشه‌فافیه‌ت هه‌یه‌، ناكرێت ژماره‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن بێت، به‌راورد به‌ سێ ملیۆن فه‌رمانبه‌رى سه‌رجه‌م شاره‌كانى عێراق.

به‌یانى ئه‌مڕۆ وه‌فدێكى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران گه‌یشته‌ به‌غدا و زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراق و عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئه‌نجامدا.

پێشتر میدیا عێراقییه‌كان له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌ به‌رپرسه‌كانه‌وه‌ به‌شێك له‌ ناوه‌رۆكى كۆبونه‌وه‌كانیان ئاشكراكرد.

سایتى (تسریبات) له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ رایگه‌یاند: وتوێژه‌كانى وه‌فدى هه‌رێم له‌ به‌غدا به‌ پله‌ى یه‌كه‌م تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ى نه‌وت و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرسى بودجه‌یه‌.

وتیشى: "مه‌سرور بارزانى له‌میانه‌ى وتوێژه‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و له‌سه‌روو هه‌موشیانه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیران ره‌زامه‌ندى هه‌رێمى نیشاندا له‌سه‌ر ناردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و راده‌ستكردنى به‌ كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتیمانى (سۆمۆ) له‌ به‌رامبه‌ر ناردنى بڕى 880 ملیار دینارى مانگانه‌ له‌ به‌غداوه‌".

دوپاتیشیكرده‌وه‌: بارزانى رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌غدا ته‌نها 443 ملیار دینارى ره‌وانه‌ كردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌رێم ناچاربووه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ بكات تا بتوانێت مووچه‌ دابه‌شبكات.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure