پێشنیاره‌كانى وه‌فدى هه‌رێم له‌ به‌غدا ئاشكراده‌كرێن

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2019‌ :: 3998‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ

وه‌فدى هه‌رێم له‌ به‌غدا پێشنیارێكیان پێشكه‌شكردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند كه‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له‌خۆده‌گرێت له‌وانه‌ش پرسى بودجه‌ و مووچه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى میدیا عێراقیه‌كان باسیده‌كه‌ن.


به‌یانى (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ى ته‌مموزى 2019) وه‌فدێكى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران گه‌یشته‌ به‌غدا و زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراق و عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئه‌نجامدا.

میدیا عێراقییه‌كان له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌ به‌رپرسه‌كانه‌وه‌ به‌شێك له‌ ناوه‌رۆكى كۆبونه‌وه‌كانیان ئاشكراكرد.

سایتى (تسریبات) له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ رایگه‌یاند: وتوێژه‌كانى وه‌فدى هه‌رێم له‌ به‌غدا به‌ پله‌ى یه‌كه‌م تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ى نه‌وت و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرسى بودجه‌یه‌.

وتیشى: "مه‌سرور بارزانى له‌میانه‌ى وتوێژه‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و له‌سه‌روو هه‌موشیانه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیران ره‌زامه‌ندى هه‌رێمى نیشاندا له‌سه‌ر ناردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و راده‌ستكردنى به‌ كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتیمانى (سۆمۆ) له‌ به‌رامبه‌ر ناردنى بڕى 880 ملیار دینارى مانگانه‌ له‌ به‌غداوه‌".

دوپاتیشیكرده‌وه‌: بارزانى رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌غدا ته‌نها 443 ملیار دینارى ره‌وانه‌ كردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌رێم ناچاربووه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ بكات تا بتوانێت مووچه‌ دابه‌شبكات.

ئاماژه‌شیدا: دۆسیه‌یه‌كى تر بریتیه‌ له‌ سه‌رله‌نوێ كاراكردنه‌وه‌ى پێنج لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ كه‌ پێشتر سه‌باره‌ت به‌ دۆخى كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان پێكهێنران و ئێستا كاره‌كانى ئه‌و لیژنانه‌ وه‌ستاون.

دواین دۆسیه‌ش به‌پێى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌غدا تاوتوێكراوه‌ سه‌رپه‌رشتیكردنى حكومه‌تى ناوه‌ندییه‌ به‌سه‌ر پڕۆسه‌ى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان له‌ كه‌ركوك و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى نێوان پێكهاته‌كانى شاره‌كه‌.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ سایتى (مه‌سه‌له‌) رایگه‌یاند: سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئاماده‌یى هه‌رێمى نیشانداوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى سه‌رجه‌م گرفته‌ هه‌ڵواسراوه‌كان.

پێشتریش نوسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌یاننامه‌یه‌كى له‌باره‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: بارزانى په‌رۆشى خۆى نیشانداوه‌ بۆ سه‌ردانكردنى به‌غدا وه‌ك یه‌كه‌م وێستگه‌ پاش وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌روه‌ك ئاماده‌یى حكومه‌تى هه‌رێمى نیشانداوه‌ بۆ كارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگى و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ند بۆ چاره‌سه‌ركردنى سه‌رجه‌م پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌پێى ده‌ستور.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا عه‌بدولمه‌هدى پێشوازى خۆى نیشانداوه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگى و لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure