له‌ بن سێبه‌رى (گه‌وڕه‌كان)وه‌ بۆ سه‌ر مانگ و مه‌ریخ

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/07/2019‌ :: 470‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ

"پێش ئه‌وه‌ى كاتى ده‌ستپێكردنى وانه‌كانى خوێندنه‌كه‌م بێت، ده‌چووم ته‌پاڵه‌م كۆده‌كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك سووته‌مه‌نى له‌ماڵه‌وه‌ به‌كارى بهێنین. ساڵانى سه‌ره‌تاى خوێندنم له‌ سێبه‌رى دار و بن دیوار و ژێر سه‌یوانى په‌رستگاى گونده‌كه‌مان و گه‌وڕه‌كاندا ته‌واوكرد" ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ قسه‌كانى دكتۆر (میلسوامى ئه‌نادۆراى)ى زاناى به‌ناوبانگى بوارى فه‌زایى هندستان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین ئه‌و زانایانه‌ى له‌پشت سه‌ركه‌وتنى گه‌یشتنى وڵاته‌كه‌یه‌وه‌یه‌تى بۆ سه‌ر مانگ و مه‌ریخ.


هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:"پێڵاوم له‌ پێدانه‌بوو. كاره‌با نه‌گه‌یشتبووه‌ گونده‌كه‌مان". ئه‌مه‌ى ئه‌نادۆراى باسى ده‌كات له‌ شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى رابوردوودا بووه‌ كه‌ ئه‌مریكا و سۆڤیه‌ت له‌وپه‌ڕى پێشبڕكێى یه‌كتردا بوون بۆ گه‌یشتن به‌ فه‌زا و بۆشایى ئاسمان.


ئه‌نادۆراى له‌ گوندى كۆزاوادى له‌ هه‌رێمى تامیل نادۆ-ى باشورى هندستان له‌دایك و گه‌وره‌ بووه‌. گوندێك كه‌ دووربووه‌ له‌ هه‌موو پێداویستییه‌ ته‌ندروستى و زانستى و ته‌نانه‌ت خۆراكییه‌كانیش.

وه‌ك ئه‌م زانایه‌ خۆى ده‌یگێڕێته‌وه‌"هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ حه‌زم له‌ زانست و بیركاریى بووه‌. باوكم ئه‌گه‌رچى مامۆستا بوو به‌ڵام له‌گه‌ڵ قوتابحانه‌دا كارى رستن و چنین-یشى ده‌كرد چونكه‌ مووچه‌كه‌ى له‌وه‌ كه‌متر بوو گوزه‌رانى پێ بكه‌ین".

ته‌مه‌نى ئه‌نادۆراى 18 ساڵ ده‌بێت كه‌ ده‌بیستێت حكومه‌ت قوتابیانى گونده‌كان ده‌نێرێته‌ شاره‌كان بۆ خوێندن، ئه‌میش داواى خۆى پێشكه‌ش ده‌كات. به‌ڵام"ئه‌وكاته‌ مووچه‌ى باوكم 120 روپیه‌ بوو، خوێندنه‌كه‌ى منیش پێویستى به‌ هه‌زار روپیه‌ بوو بۆ ساڵێك". به‌هاندانى باوكى ده‌چێته‌ شارێكى نزیك گونده‌كه‌یان. له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ به‌ پله‌ى یه‌كه‌م ئاماده‌یى ته‌واو ده‌كات و ده‌چێته‌ كۆلێژى ئه‌ندازیارى.



هندستان یه‌كه‌م مووشه‌كى فه‌زایى له‌ 21ى كانونى دووه‌مى 1963دا ره‌وانه‌ى بۆشایى كردووه‌ به‌ڵام ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ زانستییه‌ نه‌بووه‌ هۆى گۆڕینى ژیانى هندییه‌كان. له‌ ساڵى1975دا به‌هاوكاریى روسیا هندستان یه‌كه‌م مانگى ده‌ستكردنى به‌ناوى (ئه‌ریابهاتا) نارده‌ فه‌زا، كه‌ وا دیزایین كرابوو بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ بمێنێته‌وه‌ به‌ڵام ته‌نیا چوار رۆژ كارى كرد. دواى چوار ساڵ هه‌وڵێكى ترى هندستان شكستیهێنایه‌وه‌ بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى مانگێكى ده‌ستكرد له‌ڕێى مووشه‌كێكى ده‌ستكردى خۆیانه‌وه‌. 

ئه‌نادۆراى، له‌سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابوردووه‌وه‌ ده‌چێته‌ سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ فه‌زاییه‌كانى هندستان و وه‌ك باسى ده‌كات"هه‌ر چوارساڵ جارێك مانگێكى ده‌ستكردمان ره‌وانه‌ ده‌كرد". یه‌كه‌م مانگێكى ده‌ستكرد كه‌ ئه‌نادۆراى كارى دیزاینى بۆ كردبێت وا به‌رهه‌مهێنرابوو كه‌ بگاته‌ خولگه‌ى 400 كیلۆمه‌ترى سه‌ر زه‌وى، به‌ڵام نه‌خشه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى دیاریكرابوو سه‌رینه‌گرت و كه‌وته‌ كه‌نداوى بنگال-ه‌وه‌.


سه‌ره‌ڕاى ئه‌و سه‌ره‌تا سه‌رنه‌كه‌وتووه‌یش، به‌ڵام ئه‌نادۆراى وازى له‌ به‌رنامه‌ى كارى خۆى نه‌هێنا و ئیداره‌ى هه‌شت ئه‌ركى ره‌وانه‌كردنى مانگى ده‌ستكردى له‌ڕێى سه‌نته‌رى به‌رنامه‌ى فه‌زایى هندیه‌وه‌ داوه‌ بۆ بواره‌ جیاجیاكانى هه‌ر له‌ پێشبینیكردنى كه‌شوهه‌واوه‌ هه‌تا دۆزینه‌وه‌ى شوێنى سه‌رچاوه‌كان و په‌خشكردن و...هتد. 

له‌ ساڵى 2003دا ئه‌نادۆراى بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنى یه‌كه‌م نێرده‌ى هندستان بۆ سه‌ر مانگ دیاریى كرا و له‌ رۆژێكى ته‌مومژاویى مانگى تشرینى یه‌كه‌مى 2008دا گالیستگه‌ى چندریان-1 ره‌وانه‌كرا كه‌ مانگێكى ده‌ستكردى هندستانى له‌سه‌ر رووى مانگ دانا و دڵنیاییدا له‌وه‌ى "به‌ڵێ رووى مانگ ئاوى له‌سه‌ره‌" ئه‌مه‌یش ئه‌و ئه‌ركه‌ بوو كه‌ ئه‌نادۆراى كردییه‌ ئامانجى سه‌ره‌كیى خۆى.

دواى ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ زانستییه‌، ئه‌نادۆراى وتى:"یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌ژارییمان، به‌شدارنه‌بوونمانه‌ له‌ شۆڕشى پیشه‌سازیدا. نه‌ته‌وه‌یه‌كى وه‌ك ئێمه‌ به‌م ژماره‌ زۆره‌ى دانیشتوانه‌وه‌، ناتوانین ده‌سته‌وه‌ستان و ته‌ماشاكه‌ربین به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ى له‌ بوارى فه‌زادا ده‌كرێت".


دواى چه‌ند ساڵێكى تریش هه‌ر به‌ رێبه‌رایه‌تیى ئه‌نادۆراى، هندستان بووه‌ یه‌كه‌م ده‌وڵه‌ت كه‌ سه‌ركه‌وتووبێت له‌ ناردنى گالیستگه‌ى فه‌زایى له‌ یه‌كه‌م هه‌وڵى ئه‌و بواره‌یدا، بۆ سه‌ر هه‌ساره‌ى مه‌ریخ.

ئه‌نادۆراى ده‌ڵێت:"مانگێكى ده‌ستكردى هیندى بۆ ئه‌وه‌ى بگاته‌ سه‌ر مانگ پێویسته‌ له‌ چركه‌یه‌كدا كیلۆمه‌ترێك ببڕێت، به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌ریخ ده‌بێت 30 كیلۆمه‌تر له‌ چركه‌یه‌كدا ببڕێت. ئه‌مه‌یش پێویستییه‌كى زۆرى به‌ پلان و به‌رنامه‌ڕێژیى ورد هه‌یه‌".  

بێگومان ئێستا دواى 11 ساڵ له‌ ناردنى یه‌كه‌م نێرده‌ى هندى بۆ سه‌ر مانگ، بازاڕى فه‌زا به‌ته‌واوى گۆڕاوه‌ و پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنه‌كان زۆر به‌خێرایى ده‌گۆڕێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌رنامه‌ و بوارى فه‌زایى هندستان چیرۆكێكى سه‌ركه‌وتوو و ده‌گمه‌نه‌، ئه‌مه‌یش له‌سایه‌ى زاناكانى وڵاته‌كه‌وه‌یه‌ له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ (میلسوامى ئه‌نادۆراى) كه‌ هندستانیان كردووه‌ته‌ هێزێكى ته‌كنیكیى حسابى تایبه‌ت بۆكراو. ئێستا به‌شێكى به‌رچاو له‌ زانا فه‌زاییه‌كانى هندستان، به‌ خودى سه‌رۆكى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ فه‌زاییه‌كانى وڵاته‌كه‌یشه‌وه‌، وه‌ك ئه‌نادۆراى، له‌ گونده‌كان یاخود له‌ شاره‌ بچووكه‌كانه‌وه‌ هاتوون و بوونه‌ته‌ جێى شانازیى زانستیانه‌ى وڵاته‌كه‌یان.

له‌م مانگى ته‌موزى 2019یه‌دا و دواى 11 ساڵ له‌ ره‌وانه‌كردنى چندریان-1، وا هندستان چندریان-2 ره‌وانه‌ى سه‌ر مانگ ده‌كات. ئه‌م ئه‌ركه‌یش هه‌ر به‌ دكتۆر میلسوامى ئه‌نادۆراى سپێردرابوو و ساڵانێكه‌ به‌رنامه‌ى وردى بۆ داده‌ڕٍێژێت، به‌ڵام له‌ ته‌موزى 2018دا خانه‌نشینكرا. ئامانجی ئه‌م هه‌نگاوه‌ توێژینه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ى زانیایى زانستییه‌ ده‌رباره‌ى ئاو و كانزا و پێكهاته‌ به‌رده‌ڵانییه‌كانه‌. به‌مه‌یش له‌ دواى ئه‌مریكا و سۆڤیه‌تى جاران و چین-ه‌وه‌، هندستان ده‌بێته‌ چواره‌م ده‌وڵه‌تى جیهان كه‌ به‌ (شێنه‌یى) له‌سه‌ر رووى مانگ دابه‌زێت.


وا ساڵێكه‌ ئه‌نادۆراى خانه‌نشینه‌، ئۆتۆمبێلێكى بچووك و ماڵێكى ساده‌ى له‌ گه‌ڕه‌كێكى میلـلیدا هه‌یه‌. خۆى ده‌ڵێت:"به‌ژیانى خۆم رازییم، ناوبه‌ناو ده‌چمه‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌م". ئه‌و گونده‌ى كه‌ ته‌پاڵه‌ى بۆ سووته‌مه‌نى تێدا كۆده‌كرده‌وه‌. ئه‌و گونده‌ى كه‌ به‌پێخاوسى تێیدا یاریى ده‌كرد. ئه‌و گونده‌ى كه‌ له‌ژێر دره‌خت و لادیواره‌كانیدا فێرى خوێنده‌واریى بوو. 

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure