بۆچى یه‌ك لیتر به‌نزین له‌ كه‌ركوك به‌ 450 و له‌ سلێمانى به‌ 650 دیناره‌؟

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 16/07/2019‌ :: 923‌ جار بینراوە
محه‌مه‌د حه‌سیب

دواڕۆژ، سامان قوبادى 

"مه‌ترسى له‌سه‌ر بڕینى به‌شه‌نه‌وتى سلێمانى هه‌یه‌" ئه‌مه‌ وته‌ى محه‌مه‌د حه‌سیب به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌وت و كانزاكانى سلێمانى-یه‌ و له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت: "چیتر ئێمه‌ به‌رپرسیارێتى دابه‌شكردنى نه‌وت ناگرینه‌ئه‌ستۆ" ده‌شڵێت: "به‌پێى سیستمێكى ئه‌لیكترۆنى به‌شه‌ نه‌وتى 7 هه‌زار هاووڵاتى ده‌بڕدرێت".

دواڕۆژ: پێویستى ساڵانه‌ى پارێزگاى سلێمانى به‌ نه‌وت چه‌نده‌؟ 
محه‌مه‌د حه‌سیب:
شه‌ش مانگ جارێك ئاماره‌كه‌ گۆڕانكاریى به‌سه‌ردا دێت به‌هۆى هاوسه‌رگیریى تازه‌ و مردنه‌وه‌. پێویستمان به‌ نزیكه‌ى 104 ملیۆن لیتر نه‌وت هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ر ماڵێك ته‌نیا یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى بدرێتێ.

دواڕۆژ: ده‌وترێت ئه‌و به‌شه‌ سووته‌مه‌نییه‌ى له‌ به‌غداوه‌ ده‌نێردرێت بۆ پارێزگاى سلێمانى نیوه‌ى ئه‌و رێژه‌یه‌ دابه‌شكراوه‌، به‌شێكى زۆرى هاووڵاتییانیش نه‌وتی ساڵى رابوردوویان وه‌رنه‌گرتووه‌، چۆن دڵنیابین ئه‌و نه‌وته‌ى دێته‌ سلێمانى وه‌كو خۆى دابه‌ش ده‌كرێت؟
محه‌مه‌د حه‌سیب:
ئێمه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارین و ئه‌و قسانه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ باشتره‌ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ سووته‌مه‌نى بۆ سلێمانى دابین بكه‌ن، چونكه‌ حكومه‌تى هه‌رێم سیاسه‌تى ده‌عمى نه‌ماوه‌، ئه‌و شه‌ڕه‌ى ئێمه‌ و پارێزگارى سلێمانى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ده‌یكه‌ین بۆ ئه‌وه‌یه‌ پشكى سلێمانى دابین بكرێت، ئه‌وه‌ى ده‌نێردرێت له‌ به‌غداوه‌ كه‌متره‌ له‌ پارێزگاكانى ترى عێراق و به‌شى سلێمانى ناكات، له‌ 2018دا 57 ملیۆن و 741 هه‌زار و 167 لیتر نه‌وتمان بۆ نێردراوه‌، له‌مساڵدا تا 30ى نیسان نه‌وت هاتووه‌ و راگیراوه‌ كه‌ 21 ملیۆن و 275 هه‌زار و 325 لیتر بووه‌، واته‌ به‌ دوو ساڵ نزیكه‌ى 79 ملیۆن لیترمان بۆ نێردراوه‌،  له‌كاتێكدا له‌ یه‌ك ساڵدا ئه‌گه‌ر هه‌ر ماڵێك یه‌ك به‌رمیلى پێ بدرێت پێویستمان به‌ 104 ملیۆن لیتر هه‌یه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵك نه‌یتوانیوه‌ وه‌كو پێویست وه‌ریبگرێت كێشه‌كه‌ لێره‌دایه‌، به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئه‌وه‌ى له‌ مسته‌وده‌عى سلێمانى ده‌رچووه‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان خۆیان دابه‌شیان كردووه‌.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ بۆچى به‌رده‌وام كێشه‌ى سووته‌مه‌نى له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى پارێزگاكانى تر؟
محه‌مه‌د حه‌سیب:
راگه‌یاندن گه‌وره‌ى ده‌كات، هه‌ندێكجار شتێك ده‌كه‌ن به‌ قوربانى ململانێى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵك ده‌فه‌وتێت، ئه‌گه‌ر نا دوو ساڵه‌ باشترین كواڵێتى به‌نزین له‌ سلێمانی ده‌فرۆشرێت، رۆژانه‌ چه‌ندین ته‌نكه‌ر له‌ باشماخه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌ى نه‌وت له‌ هه‌موو پارێزگاكانى هه‌رێم وه‌ك یه‌كه‌، زۆرجار له‌ سلێمانى نرخى نه‌وت جێگیر بووه‌، له‌ هه‌ولێر به‌رزبووه‌ته‌وه‌، دوو ساڵه‌ كێشه‌ى غازمان نییه‌ و نرخه‌كه‌ى جێگیره‌ له‌ پارێزگاكانى تر كه‌متره‌ و نرخه‌كه‌شى به‌رزتره‌.

دواڕۆژ: ئایا له‌مه‌ودوا ئێوه‌ نه‌وت دابه‌ش ده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د حه‌سیب:
له‌گه‌ڵ پارێزگارى سلێمانى قسه‌مان كردووه‌، ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ خه‌ڵك بخه‌نه‌ گومانه‌وه‌، ئێمه‌ كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانین به‌پێى رێنمایى وه‌زاره‌ت و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سیاسه‌تى پشتیوانى نه‌ماوه‌، بۆیه‌ له‌مساڵه‌وه‌ ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ دابه‌شكردنى نه‌وته‌وه‌ نه‌مێنێت، له‌ حاڵه‌تى نه‌وتبڕان و نه‌ناردنى، ئه‌و كه‌سانه‌ به‌رپرسیار ده‌بن كه‌  گومان له‌ناو خه‌ڵكیدا دروست ده‌كه‌ن.

دواڕۆژ: واته‌ مه‌ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌غدا چیتر نه‌وت نه‌نێرێت؟
محه‌مه‌د حه‌سیب:
به‌ڵى مه‌ترسى هه‌یه‌ و زۆریش، ئه‌وه‌ى كراوه‌ و وتراوه‌ كارێكى زۆر خراپ بوو، سنوورى پارێزگاى سلێمانى فراوانه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ى بۆمان ده‌نێردرێت كێشه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاكانى ترى عێراق دروست بێت، ئۆباڵه‌كه‌شى له‌ ملى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ لێدوان ده‌ده‌ن. ئه‌م  كاره‌ى ده‌یكه‌ین خزمه‌تگوزارییه‌، ئه‌گه‌ر به‌شه‌نه‌وتى تر بنێردرێت به‌رپرس نابین له‌ دابه‌شكردنى، كه‌رتى تایبه‌ته‌ و سیستمه‌كه‌ش ئه‌لیكترۆنییه‌ با خۆیان بیكه‌ن، بۆیه‌ به‌ پارێزگارى سلێمانى راده‌گه‌یه‌نین، چیتر كار بۆ دابه‌شكردنى نه‌وت ناكه‌ین.

دواڕۆژ: به‌پێى ئه‌و سیستمه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ چۆن نه‌وت دابه‌شده‌كرێت؟ ئایا به‌شى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بڕدرێت كه‌ به‌ فۆڕمى كه‌سێكى مردوو نه‌وت وه‌رده‌گرن؟
محه‌مه‌د حه‌سیب:
سیستمێكى نوێ و پێشكه‌وتووه‌، بوونى دوو بایه‌عى ناهێڵێت و مردووه‌كانى ئاشكراكردووه‌، وه‌ره‌قه‌ى 24 و 25 كه‌ ساخته‌ ده‌كرا ئێستا ناكرێت، به‌و هۆیه‌وه‌ بڕێكى زۆر نه‌وت گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌، به‌شه‌نه‌وتى 7 هه‌زار كه‌س ده‌بڕدرێت كه‌ ده‌كاته‌ 1 ملیۆن و 400 هه‌زار به‌رمیل.

دواڕۆژ: له‌كاتێكدا ده‌ڵێن بازاڕ ئازاده‌ بۆچى هێنانى به‌نزین له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ قۆرخ كراوه‌؟ 
محه‌مه‌د حه‌سیب:
ئێمه‌ ته‌نیا ره‌سیدى نه‌وت و به‌نزین و گاز ده‌ده‌ین، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ئه‌گه‌ر داواى ره‌سیدى كردبێت پێى نه‌درابێت بابێت به‌ به‌ڵگه‌وه‌ راده‌ستى ئێمه‌ى بكات.

دواڕۆژ: له‌ یه‌ك رۆژدا پارێزگاى سلێمانى چه‌ند ملیۆن لیتر به‌نزین ده‌سووتێنێ؟ له‌ كه‌ركوك یه‌ك لیترى نۆڕماڵ به‌ 450 دینار و له‌ سلێمانى به‌ 650 بۆ 700 دیناره‌، له‌جیاوازیى چه‌ند كیلۆمه‌ترێك 250 دینار زیاتر وه‌رده‌گیرێت بۆچى؟ 
محه‌مه‌د حه‌سیب:
له‌ئێستادا سلێمانى نزیكه‌ى 3 ملیۆن لیتر به‌نزینى پێویسته‌، وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق سیاسه‌تى پشتیوانى له‌ پارێزگاكانى خۆیدا به‌كارده‌هێنێت، له‌به‌ر قه‌یرانى دارایى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌م سیاسه‌ته‌ى نه‌ماوه‌، بۆیه‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌عم ناكات، به‌ڵام كوالێتى ئه‌و به‌نزینه‌ى له‌ كه‌ركوك ده‌درێت نزمه‌.

دواڕۆژ: به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان ئه‌وه‌ى له‌ كه‌ركوك ده‌فرۆشرێت كوالێتى باشتره‌؟
محه‌مه‌د حه‌سیب:
ساڵى رابوردوو به‌غدا وتی دوو ملیۆن لیتر به‌نزینتان بۆ ده‌نێرین، ئێمه‌ وه‌رماننه‌گرت، هه‌ولێر و دهۆك وه‌ریانگرت، ئه‌نجامه‌كه‌شى ئه‌وه‌ بوو نزیكه‌ى 40 ئۆتۆمبێل سووتا، ئه‌و به‌نزینه‌شى له‌ كه‌ركوك ده‌فرۆشرێت كوالێتیه‌كه‌ى باش نییه‌. 

دواڕۆژ: جگه‌ له‌ بازیان و كه‌ڵه‌ك نه‌وتى خاو نادرێت به‌ پاڵاوگه‌ى دوكان، ئه‌گه‌ر كار بكات ئایا سلێمانى كێشه‌ى سووته‌مه‌نى ده‌بێت؟
محه‌مه‌د حه‌سیب:
پاڵاوگه‌كانى كه‌ڵه‌ك و بازیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێن، پێنه‌دانى نه‌وتى خاو به‌ پاڵاوگه‌ى دوكان په‌یوه‌ندیى به‌ سیاسه‌تى ئه‌م وه‌زاره‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌وتى خاوى پێ بدرێت سلێمانى كێشه‌ى سووته‌مه‌نى، به‌تایبه‌ت به‌نزینى نامێنێت.

دواڕۆژ: له‌نێوان كه‌متر له‌ یه‌ك كیلۆمه‌تر به‌نزینخانه‌یه‌ك له‌ناو شاردا دروستكراوه‌، به‌شێكى زۆریان نزیكن له‌ شوێنى نیشته‌جێبوون، تاكه‌ى رێگریى لێ ناكه‌ن؟
محه‌مه‌د حه‌سیب:
راسته‌، له‌ پارێزگاى سلێمانى تووشى گرفتى زۆر ده‌بین، ده‌بوایه‌ مۆڵه‌تى به‌نزینخانه‌ و كارگه‌ى غازیش به‌پێى چه‌ند پێوه‌ر و بنه‌مایه‌ك بدرایه‌، به‌ڵام وا نه‌كراوه‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌كیش داواى به‌نزینخانه‌ بكات مۆڵه‌تى پێ نه‌درێت، ده‌ڵێت قۆرخكراوه‌ بۆ به‌رپرسه‌كان، نووسراومان ئاڕاسته‌ى پارێزگارى سلێمانى كردووه‌، دوو ساڵه‌ جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سلێمانى پڕ بووه‌ له‌ به‌نزینخانه‌ و چیتر به‌ هه‌موو یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانه‌وه‌ پێویستى به‌ به‌نزینخانه‌ و كارگه‌ى غاز نییه‌، به‌ته‌نیا ناتوانین رێگریى لێ بكه‌ین، چونكه‌ مۆڵه‌تى به‌نزینخانه‌ ره‌زامه‌ندیى 11 فه‌رمانگه‌ى ده‌وێت.

دواڕۆژ: ئایا ئابڵوقه‌كانى سه‌ر ئێران هاتنى به‌نزینى له‌و وڵاته‌وه‌ كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، به‌دیلى ترتان هه‌یه‌؟
محه‌مه‌د حه‌سیب:
به‌دیلى ترمان هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ نه‌وت به‌ كه‌مى دێت، به‌ڵام چه‌ند كۆمپانیایه‌ك به‌نزین و گاز ده‌هێنن، رۆژى وا هه‌یه‌ زیاتر  لە 100 ته‌نكه‌ر دێته‌ هه‌رێم له‌ ئێرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخى ئێرانیش روو له‌ خراپى بكات پێویسته‌ له‌گه‌ڵ عێراق گفتوگۆ بكرێت كه‌ له‌ زۆر كێشه‌ رزگارمان ده‌كات.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure