بڕیاری لادانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە نەگەیشتۆتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

هەواڵ / کوردستان :: 17/07/2019‌ :: 208‌ جار بینراوە

تاگ :: پەروەردە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: لەڕێگەی نووسراوێكەوە داوا لەجێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن هۆكاری لادانی دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییان بۆ روون بكەنەوە، چونكە ئەوان تائێستا نازانن هۆكاری لادانەكەی چییە، بەڵام سەرۆكی ئەنجومەن دەڵێت: "چاوەڕوانی هاتنی فەرمانەكە دەكەین".

بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەپشكی گۆڕان (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ى ته‌مموزى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: تائێستا هەمواری پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژووی لەسەر نەكردووە و لە وەقائیعی كوردستان بڵاونەبووەتەوە، هەموارەكە ماوەی یاسایی خۆی وەرنەگرتووە، لە ڕاگەیەندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانیشدا دەڵێت: سزای دڵشاد عومەر نەدراوە، بەڵكو بۆ دیوانی وەزارەت گواستراوەتەوە.

ناوبراو روونیكردەوە: بەپێی یاساكەمان ئێمە دەتوانین متمانەبەخشین بكەین، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە بڵێین ئەو كارە رەوایەتی هەیە، بڕیاری ئەنجومەنی شوراش جەخت دەكاتەوە كە لەدەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانیشدا نییە بەڕێوەبەرێكی گشتی بگوازێتەوە ئەگەر هۆكارەكان شایستەی ئەوە نەبن، بۆیە تا ئێستا هۆكاری گواستنەوەكەی مامۆستا دڵشاد روون نییە و هەر گواستراوەتەوە.

بەرزان شێخ محەمەد وتیشی :"ئێمە ئێستا تەنها دەتوانین ئەوە بكەین كە لەئەنجومەنی پارێزگاوە نووسراوێكی یاسایی ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردە بكەین لەوێشەوە بۆ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران تا بزانین هۆكاری گواستنەوەی مامۆستا دڵشاد چییە، دواتریش ئەنجومەن دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەو مەسەلەیە بدات".

لەبەرامبەردا ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشكی یەكێتی بەدواڕۆژی راگەیاند: تائێستا بەفەرمی هیچ نووسراوێكی فەرمییان لەسەر ئەو بابەتە بۆ نەهاتووە، سەبارەت بەوەی ئەوان كە متمانەیان بە دڵشاد عومەر بەخشیوە بەنیازن بەدواداچوون بۆ لادانەكەی بكەن، ناوبراو وتی: "ئێمە پلەی بەڕێوەبەری گشتیمان پێداوە، پلەكەی لێوەنەرگیراوەتەوە، بەڵكو تەنها لە پۆستەكەی لادراوە و شوێنی كارەكەی گواستراوەتەوە".
  
دەربارەی ئەوەی نووسراو بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت بكەن تا بزانن هۆكاری لادانەكەی چییە، سەرۆكی ئەنجومەن روونیكردەوە: "لەبەرئەوەی تائێستا فەرمانەكەیمان پێنەگەیشتووە، پەلەناكەین لەوەی بزانین چی بكەین یان چی نەكەین، چاوەڕوانی هاتنی فەرمانەكە دەكەین بزانین ئاماژەی بە چی داوە".

هەفتەی رابردوو بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و پشتیوان سادق، وەزیری پێشووی پەروەردە، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پشكی گۆڕان پۆستەكەی دوورخرایەوە كە ئەمەش دەنگدانەوەی لێكەوتەوە و بەرپرسانی گۆڕان بە "سزادانی سیاسی" ناویانبرد.

پاشان سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: دڵشاد عومەر سزانەدراوە، بەڵكو وەك رێكارێكی ئیداری گواستراوەتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە.

 پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure