98 قومارخانه‌ له‌م شاره‌ى هه‌رێم داخران

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2019‌ :: 477‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

له‌ ماوه‌ی دوو ساڵ و نزیكه‌ی حه‌وت مانگی رابوردوودا 98 قومارخانه‌ له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر داخراون و قایمقامی هه‌ولێریش رایده‌گه‌یه‌نێت: رێگه‌ به‌هیچ جۆره‌ قومارخانه‌یه‌ك ناده‌ن پاره‌ له‌ خه‌ڵك به‌هه‌ده‌ربدات.


به‌پێی ئاماره‌كانی لیژنه‌كانی قایمقامیه‌تی هه‌ولێر له‌ ساڵی 2017-2018 له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر و قه‌زا و ناحیه‌كانی 98 قومارخانه‌ی ئاسایی و ئه‌لیكترۆنی داخراون كه‌ یه‌كێك له‌و قومارخانانه‌ ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تاوانه‌وه‌ داخراوه‌.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوه‌ندی ھەولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئەمڕۆ ھێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی تاوانی ھەولێری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان، بە ھاوكاری ھێزە ئەمنییەكانی قایمقامیەتی ھەولێر لە گوندی ئینگلیزی دەستیان بەسەر قومارخانەیەكی ئەلیكترۆنیدا گرت كە لە رێگەی سیستمێكەوە بەستراوەتەوە بە ئینتەرنێت و ھەر كەسێك ویستوویەتی قوماربكات لەرێگەی كارتێكەوە پارەى داخڵ كردووه‌ و بە رێگەی مۆبایلی خۆیان قوماریان كردووە.

وتیشی: "ئەو سیستمەی بۆ قومارخانەكە دانراوه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتی قوبرس پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و لێره‌وه‌ پاره‌كه‌یان بۆ ئه‌وێ ناردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی قوماریان كردووه‌  له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا تووشی زه‌ره‌رێكی زۆر بوون".
  
قایمقامی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: لە قومارخانەكە چوار كه‌س دەستگیركراون و دەستیشیان به‌سه‌ر ته‌واوی كەلوپەلەكانی قومارخانه‌كه‌دا گرتووه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ناو ده‌ستگیركراوه‌كاندا ئافره‌تیش هه‌یه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش به‌ دوای خه‌ڵكی تره‌وه‌ن گه‌ر ده‌ستیان له‌م كاره‌دا هه‌بووبێت. 

بەپێی ئه‌و بەڵگەنامانه‌ی ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌وتووه‌ ئەو كەسانەی قوماریان لەو قومارخانەیه‌ كردووە، بە سه‌دان ملیۆن دۆلار پارەیان دۆڕاندووە و خاوەنی قومارخانه‌كه‌ش به‌ ره‌گه‌ز توركه‌ و له‌ئێستادا لە كوردستان نییە و سەفەری ئەفریقای كردووە.

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید ئاشكراشیكرد: جۆری قوماركردنه ئۆنلاین بووه‌ و تەنیا كارمەندانی قومارخانەكە ھاتوونەتە ئۆفیسی قومارخانه‌كه‌ و خەڵكی دیكەش لە ماڵەوە بە مۆبایل و كۆمپیوتەر قوماریان كردووە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure