بۆ یەکەمجار کورد هێزی دیبلۆماسی لە گەڕانەوە بۆ کەركوك تاقیده‌کاتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/07/2019‌ :: 289‌ جار بینراوە

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، عیماد جەباری 

لەدوو دەیەی رابردوودا، كورد دوو جار لەرێگەی هێزی سەربازییەوە گەڕاوەتەوە كەركوك، جارێکیان ساڵی ١٩٩١ کە هێزەکانی رژێمى رادەماڵى، بەڵام زۆرى نەبرد ناچار بەکشانەوە كرا، لەجاری دوەمیشدا ساڵی ٢٠٠٣ کە لەدوای ١٤ ساڵ لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا شارەکەى جێهێڵا، لەهەردوو حاڵەتەکەشدا گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی و ئەقلیمی هۆکاربون بۆ پاشەکشێی هێزی کورد لە شارەکە، بەڵام ئەمجارەیان بۆ گەڕانەوە رێگەی دیبلۆماسی گرتوەتەبەر کە هێشتا نازانرێت سەركەوتوو دەبێت یاخود نا.


کورد لە کەرکوک دوو ساڵی سەخت و پڕ لەتاڵی بە رێکرد بە تایبەت کە لە ئیدارە و مەلەفی ئەمنی شارەکەدا دورخراوەتەوە، یەکێتی و پارتی لەدوای ململانێیەکی زۆر دواجار بڕیاریاندا بەیەکەوە هەوڵی كردنەوەی شوێنپێی خۆیان بدەن تاوەكو جارێكیتر دەسەڵاتی شارەكە بگەڕێننەوە بۆ كورد.

كورد كە زۆرینەی دانیشتوانی كەركوك پێكدەهێنێت و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش لەساڵی 2005وە بەردەوام زۆرینەی كورسییەكانی شارەكەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێناوە، بەڵام لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دوورخراوەتەوە و هەموو پۆست و جومگە گرنگەكانیشی لێوەرگیراوەتەوە، ئەمەش بووە هۆی قۆستنەوەی دۆخی لاوازی کورد تاوەکو تۆڵەی 14 ساڵی رابردووی لێبکەنەوە كە دەسەڵاتداربوە لە كەركوك.

لەدوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017وە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 70 پۆستی گرنگ لە كورد وەرگیراوەتەوە و زۆرینەی پۆستەكانیش لەلایەن توركمانی شیعە و عەرەبی عەشیرەتی جبورەوە پڕكراونەتەوە، تەنانەت رێگا بە سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگا و فەرماندەی پۆلیس نادرێت بەشداری لەكۆبونەوەی ئەمنی شارەکە بكەن بەوپێیەی كوردن.

لەئێستادا كە یەكێتی و پارتی لەسەر تەیب جەبار رێككەوتون و دەستنیشانیانكردوە وەكو كاندیدی لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، پرسیارێك زەقدەبێتە كە ئاخوا لەدوای دانانی پارێزگاری نوێ، كورد دەتوانێت بەهێزەكەی رابردوو بگەڕێتەوە شارەكە یاخود هاوشێوەی ئێستا بێ دەسەڵات و پارێزگارەكەشی تەنها ناو دەبێت.

ئازاد جەباری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژی وت: "ئەگەر هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكان پاڵپشتی لە تەیب جەبار بكەن كاتێك پۆستی پارێزگار وەردەگرێت ئەوە پێگەی روخاوی كورد لە شارەكە راست دەبێتەوە بەوپێیەی ناوبراو دەبێتە سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و سەرۆكی یەكەی ئیداری كەركوك.

وتیشی: "ئێمەش وەكو كورد فەوزاكەی رابردوومان ناوێت كە زیانی بەهەموو لایەكمان گەیاند، بەڵكو دەمانەوێت بەیاسا كاربكرێت و خزمەت بە دانیشتووانی شارەكە بكرێت".

لە 14 ساڵی رابردوودا دوو بەڕێوەبەرایەتی جیای ئاسایشی یەكێتی و پارتی لە كەركوك هەبوون كە هاوشانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی دیكەی عێراق بەشداربوون لە پاراستنی مەلەفی ئەمنی كەركوكدا، بەڵكو زۆربەی كات وەكو سەرچاوەی هەواڵ و زانیارییەكان هاوكاری هێزە ئەمنیەكانیان دەدا، ئەمەش وایكردبوو دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان هەبێت كە رۆڵی گەورەی هەبو لە شكستپێهێنانی كردەوە تیرۆریستیەكان، بەڵام لەئێستادا ئەو دوو هێزە خراونەتە دەرەوەی شارەکە.

لەدوای سەرهەڵدانی گروپی چەکدارانی داعش، داگیركردنی بەشێكی زۆری ناوچەكانی باشور و رۆژئاوای كەركوك وایكرد هێزەكانی پێشمەرگە جوڵە بكەن و بۆ ماوەی سێ ساڵ بەرگری لە كەركوك بكەن، كە لەدوای كشانەوەشیان بۆشایی ئەمنی دروستبوو كە تاوەكو ئێستا هێزە عێراقییەكان نەیانتوانیوە ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە.

حكومەتیش عێراق زۆرینەی هێزە سەربازییەكانی رەوانەی شارەكە كردووە و فەرماندەیی هاوبەشی پێكهێناوە كە بەرپرسی مەلەفی ئەمنی پارێزگاكەیە بەسەنتەری شارەكە و دەوروبەرییەوە، حەشدی شەعبیش بەشێكن لە هێزە هاوبەشەكان و لە بازگە و ئۆپراسیۆنەكاندا بەشدارن بەبێ ئەوەی بەشداری بەهێزە کوردییەکان بکەن.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی لیستی برایەتی بە دواڕۆژی وت: "هەر كاتێك پارێزگار دانرا دەتوانێت لە دادگا فیدراڵی داوابكات مەلەفی ئەمنی و دەسەڵاتی ئەمنی كەركوك بدرێتەوە بەپارێزگار لەكاتێكدا ئەگەر پارێزگاكە كەوتە مەترسیەوە ئەوە پارێزگار داوای هێزی زیاتر دەكات، ئەو دۆخەی لەكەركوك هەیە لە نەبوونی پارێزگار دروستبووە".

وتیشی: "بەپێی قانون پارێزگار دەسەڵاتی دورخستنەوەی ئەو هێزانەی هەیە لەشارەكە یاخود بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، دواتر دەتوانێت رێگریبكات لەگەڕانەوەی عەرەبە هاوردەكانی سەردەمی سەدام بۆ داگیركردنەوەی زەوی كورد".

چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ دانانی پارێزگار و لابردنی دۆخی سەربازی لەسەر كەركوك، پارتی دیموكراتی كوردستانیش بگەڕێنە نێو بارەگاكانیان كە ماوەی دوو ساڵە شارەكەیان بەرەو هەولێر بەجێهێشتوە.

دواڕۆژ ئەوەی زانیوە كە لەگەڵ رێككەوتنی پێكهاتەكان لەسەر یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگار كە لەبنەڕەتدا شایستەی لیستی برایەتییە بەوپێیەی زۆرینەی ئەنجومەنەكەی پێكدەهێنێت، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەكالەت و قایمقام دەگەڕێنەوە كەركوك كە ئەمەش توندكردنی زیاتری جێی پێیە تاوەكو جارێكیتر رۆڵی كورد لەئیدارەدان و مەلەفی ئەمنیدا بگەڕێتەوە.

كاوە ئەحمەد، كارگێڕی لقی كەركوكی پارتی بە دواڕۆژی راگەیاند: كورد بەهێزێكی دیبلۆماسی دەگەڕێتەوە كەركوك بەشێوەیەكی سیاسەت و ستراتیژێكی نوێ بەكاردەهێنێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ واقعەكەدا بۆ ئەوەی دەسەڵات بكەوێتەوە دەستی، نابێت هێز لەبونی پێشمەرگەدا ببینین، چونکە پێشتریش ئەو هێزە لەکەرکوکدا نەبوو.

وتیشی: "دەتوانین هاوڵاتیانی كورد ئامادەبكەین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تاوەكو زۆرینەی كورسیەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەستبهێنین ئەوكات دەتوانین لەرابردوو بەهێزتربین".

ئەو لێپرسراوەی پارتی بەپێویستی دەزانێت كێشەی كەركوك لەنێوان هەرێم و بەغداد وەكو پاكێجێكی نێوانیان یەكلاییبكرێتەوە و هەرچی حزبە كوردستانیەكانی كەركوكیشە میساقێكی شەرەف لەگەڵ یەكتر ئیمزابكەن بۆ ئەوەی هیچ یەكێكیان بەبێ ئاگاداری ئەوانی دیكە دانوستان نەكات.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure