پێشانگەیەك و بڵاوكردنه‌وه‌ی سێ كتێب لە هەولێر

هەواڵ / که‌لتور :: 16/07/2019‌ :: 64‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

لە دوو چالاكیی كەلتوریی جیاوازدا له‌ شاری هه‌ولێر، پێشانگەیه‌كی هونه‌ری كرایه‌وه ‌و سێ كتێب بڵاوكرانه‌وه ‌و رێز له‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌دیب‌ و هونه‌رمه‌ند نرا.

 نۆیەمین پیشانگەی شێوەکاریی تایبەتی هونەرمەند سامان ئەبوبەکر به‌ ناونیشانی (گەڕان بەدوای خۆردا) لە هۆڵی میدیا کرایه‌وه‌ كه‌ 20 تابلۆی تێدا خرابووه‌ڕوو.

سامان ئه‌بوبه‌كر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌م پێشانگەیه‌دا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوە كە به ‌شێوازێكی جیاواز و له‌ڕێگه‌ هونه‌ره‌وه‌ به ‌دوای حه‌قیقه‌تی شته‌كاندا بگه‌ڕێین".

هاوكات زانا خه‌لیل، به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵی كتێب له‌ هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی وت:"كتێبێكی نوێی شیعری ئازا حه‌سب قه‌رداغی به‌ ناوی (پڕ پڕه‌ له‌ تۆ..چۆڵ نییه‌ دڵم) له‌گه‌ڵ كتێبێكی شیعری كۆچكردوو كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر به‌ناوی (شه‌وه‌ تاریكه‌كانی ژیان خه‌م ده‌نووسنه‌وه‌) بڵاوكرایه‌وه و رێز له‌ هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار دارا محه‌مه‌د عه‌لی و شاعیران ئیسماعیل به‌رزنجی و هاشم سه‌ڕاج گیرا".

لەلایەكی ترەوە، كتێبێكی نووسه‌ر و ئه‌كادیمی دكتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان به‌ناونیشانی (حزبی شیوعی عێراق و مه‌سه‌له‌ی كورد 1934-1975) بڵاوكرایه‌وه‌.

له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌، سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان به‌ دواڕۆژی وت:"له‌ دووتوێی ٦٣٥ لاپه‌ڕه‌دا به‌ شێوازێکی ئه‌کادیمی شه‌نوکه‌وی هه‌ڵوێستی حزبی شیوعیی عیراق کراوه‌ ده‌رهه‌ق به‌ مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ باشوری کوردستاندا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌م حزبه‌وه‌ له ‌ساڵی ١٩٣٤ تا هه‌ره‌سی شۆڕشی ئه‌یلول له‌ ساڵی ١٩٧5".

وتیشی:"له‌و كتێبه‌ باس له‌ هه‌موو هه‌ڵوێسته‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌کانی ئه‌م حزبه‌ کراوه‌ که‌ به‌ درێژایی ئه‌و مێژووه‌ له‌به‌رامبه‌ر کورددا هه‌یانبووه‌، جگه‌ له‌مه‌ کۆمه‌ڵێک دۆکیۆمێنتی تایبه‌ت و دانسقه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌بابه‌ته‌که‌ی تیادا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌".

 

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure