داوایه‌ك ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2019‌ :: 976‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێم به‌ڕه‌سمى داواى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌ سه‌رجه‌م وه‌زیر و پله‌داره‌كانى كابینه‌ى نۆیه‌م فۆڕمى ئاشكراكردنى سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان پڕبكه‌نه‌وه‌ و به‌رپرسى ده‌سته‌ش ده‌ڵێت: فۆرمى ئاشكراكردنى سه‌روه‌ت و سامانى هه‌ندێك له‌ وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى رابوردوو نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. 


ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكى هه‌رێم (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ به‌ نووسراوى ره‌سمى داوامان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌، كه‌ فۆڕمى ئاشكراكردنى سه‌روه‌ت و سامانى وه‌زیر و به‌رپرسانى كابینه‌ى نۆیه‌م دابه‌شبكرێت و له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا بۆمان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان ئاشكرابێت.

به‌پێى یاساى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێم له‌ هه‌ر كابینه‌یه‌كى حكومه‌ت، وه‌زیر، بریكار، راوێژكار، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى،  شاره‌زا، به‌ڕێوه‌به‌ر و جێگرى به‌ڕێوه‌به‌ر،  ده‌بێت فۆرمى ئاشكراكردنى سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوون و كۆتاییهاتنى كابینه‌كه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌، دواتریش له‌لایه‌ن ده‌سته‌كه‌وه‌ به‌راوردده‌كرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر گومانێك له‌سه‌ر زیادبوونى سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان هه‌بێت، ئه‌وا له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى یاسایى ده‌سته‌كه‌ به‌داوادچوونى بۆ ده‌كرێت و سزایان ده‌درێت.

له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى فۆڕمى ئاشكراكردنى وه‌زیر و به‌رپرسانى كابینه‌ى هه‌شته‌م، حاكم ئه‌حمه‌د وتى: "به‌شێك له‌ فۆڕمه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زیران و به‌رپرسانه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌شێكیان نه‌یانگه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ و بڕیاره‌ تاوه‌كو هه‌فته‌ى داهاتوو سه‌رجه‌م فۆرمه‌كان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌".

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا هیچ وه‌زیر و به‌رپرسێكى كابینه‌ى هه‌شته‌م به‌ نایاسایى سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان زیادكردووه‌ كه‌ ببێته‌ جێگه‌ى گومانى ده‌سته‌؟ حاكم ئه‌حمه‌د وتى: "جارێ ناتوانین ئه‌و زانیارییانه‌ ئاشكرابكه‌ین، له‌ هه‌فته‌ى داهاتوودا له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا ئامارى شه‌ش مانگى ئه‌مساڵ و زانیارى له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى فۆرمه‌كان و تێبینییه‌كانیان بۆ سه‌روه‌ت و سامانى وه‌زیرو به‌رپرسان ئاشكراده‌كه‌ن".

پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمى وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى نوێ له‌كاتێكدایه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم، بڕیاردراوه‌ كه‌ سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كان سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان ئاشكرابكه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure