مانگ گیران لەهەرێمی کوردستان روو دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2019‌ :: 16779‌ جار بینراوە

تاگ :: زانست

دواڕۆژ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایدەگەیەنێت: ئەمشەو سێشەممە 16ی تەموزی 2019 مانگ گیرانی نیمچەییی روودەدات لە هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە ئاگادارییەکدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە رایدەگەیەنێت: بە پشتبەستن بە پێوانە فەلەکییەکان ئەمڕۆ مانگ گیرانی نیمچەیی لە هەرێمی کوردستان روودەدات و جگە لە هەرێم دیاردەکە لە هەریەكە لە (وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست و زەریای هیندی)شدا دەبینرێ. 

ئاماژەی بەوەشکردووە: كاتژمێر 9:43 ی شەو بە كاتی (هەولێر)، مانگ گیران دەستپێدەكات و ئەوكاتە مانگ دەچێتە ناوچەی نیمچە سێبەری زەوی (Penumbra) كە ئەستەمە بە چاوی ئاسایی هەستی پێ بكرێت، بەڵام لە رێگەی وێنەگرتنی فەلەكی دەردەكەوێت و كاتژمێر 11:01 ی شەو، مانگ گیرانی نیمچەیی دەست پێدەكات و مانگ دەچێتە نێو ناوچەی سێبەری تاریكی زەوی (Umbra) و ئەوكاتە بەچاوی ئاسایی هەستی پێدەكرێت.

راشیگەیاندووە: رۆژی چوارشەمە 2019.7.17 كاتژمێر 12:30 ی شەو، مانگ گیرانی نیمچەیی دەگات بە بەرزترین ئاست و نزیكەی %74 ی دیسكی رووناكی مانگ تاریك دەبێت و كاتژمێر 1:59 ی بەیانی كۆتایی قۆناغی مانگ گیرانی نیمچەیی كە ماوەكەی بە تەواوی 2 كاتژمێرو 58 خولەك دەخایەنێت و هەروەها كاتژمێر 3:17 بەیانی كۆتایی قۆناغی مانگ گیرانی نیمچەسێبەر و كۆتایی مانگ گیران بە تەواوی دەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: كاتی گشتیی دیاردەی مانگ گیران بە هەر سێ قۆناغ 5 كاتژمێر و 33 خولەك و 16 چركە دەخایەنێت و مانگ گیرانی نیمچەسێبەر بە چاوی ئاسایی هەستی پێناكرێت و دووریی نێوان مانگ و زەوی لە ئەمشەودا دەگاتە 398 هەزارو 571 كیلۆمەتر.

 

ئامادەکردن: رێباز
بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure