سه‌فین دزه‌یى: گۆڕەپانی خه‌باتى په‌كه‌كه‌ شوێنێكیتره‌ نه‌ك خاكى هه‌رێمى كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2019‌ :: 207‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

(ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ى ته‌مموزى 2019) به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى بۆردومانه‌كانى وڵاتانى دراوسێ بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هاتەدەنگ.


سه‌فین دزه‌یى، به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ دواڕۆژ وتى: "نیگه‌رانین له‌و هێرشانه‌ى له‌لایه‌ن وڵاتانى ئێران و توركیاوە ده‌كرێنه‌ سه‌ر خاكى كوردستان  كه‌ تائیستا خه‌ڵكێكى زۆر له‌و ناوچانه‌ گونده‌كانى خۆیان جێهێشتووه‌ و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌".

وتیشى: "ئه‌و بۆردوومانه‌ى ده‌كرێت به‌هۆى بوونى هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌یه‌ و به‌و هۆیه‌شەوە خه‌ڵك بێتاقه‌ت بوون، بۆیە ده‌بێت په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌ بزانێت گۆڕەپانی خه‌باتى چه‌كدارى ئه‌وان شوێنێكى تره‌ نه‌ك خاكى هه‌رێمى كوردستان".

ئەوەشی وت: "هه‌رێمى كوردستان پێگه‌یه‌كى یاسایى و ده‌ستوورى هه‌یه‌ و په‌رله‌مان و حكومه‌تێكى هه‌ڵبژێردراوى هه‌یه‌ و هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ ناتوانن خۆیان بكه‌ن به‌به‌دیلى فه‌رمانڕه‌وایى له‌ هه‌رێمى كوردستان و پێویسته‌ خه‌باته‌ چه‌كدارییه‌كه‌یان بگوازنه‌وه‌ شوێنێكى تر".

ئه‌م وتانه‌ى سه‌فین دزه‌یى له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ وڵاتانى توركیا و ئێران هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانیان بۆسه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانى كوردستان چڕتر كردووەته‌وه‌ و له‌ئاكامدا چه‌ندین قوربانى لێكه‌وتووەته‌وه‌.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure