بڕیارێكى حكومه‌ت كاردانه‌وه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2019‌ :: 1674‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: پاراستنی نهێنیی كار، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقییە، بەڵام ئەم بەرپرسیارێتییە تا ئەو شوێنە راستە كە پاراستنی نهێنییەكە، هەڕەشە نەبێت بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی و دژی پرەنسیپەكانی شەفافیەت و دیموكراسی نەبێت، هاوكات ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێم داوا له‌ حكومه‌تى نوێ ده‌كات، یاساى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى جێبه‌جێ بكات.


له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمدا، بڕیارێك دەرکراوە له‌باره‌ى پاراستنى زانیارى له‌لایەن فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمەوە و تیایدا هاتووە: پابەندبن بە پاراستنی نهێنیی كاروباری فەرمانبەریەتیی و نابێت ئەو زانیارییانەی كە بە نهێنی پۆلێن دەكرێن، لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان ئاشكرابكرێن.

له‌باره‌ى بڕیاره‌كه‌ مه‌م بورهان، ئەندامى لیژنه‌ى راگه‌یاندن و رۆشنبیرى پەرلەمانی كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ده‌ترسین ئەم بڕیارە بۆ مەبەستی شاردنەوەی راستییەكان و نهێنییە مەترسیدارەكان بێت، هه‌روه‌ها نابێت ئەم بڕیارە دژی بەند و پرەنسیپەكانی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێم بێت كە له‌ ساڵى 2013وه‌ ده‌رچووه‌ و تائێستا نه‌خراوه‌ته‌ بواری جێبەجێكردنەوە.

وتیشى: "پاراستنی نهێنیی كار بەرپرسیارێتیی ئەخلاقییە، بەڵام ئەم بەرپرسیارێتییە تا ئەو شوێنە راستە كە پاراستنی نهێنییەكە هەڕەشە نەبێت بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی و دژی پرەنسیپەكانی شەفافییەت و دیموكراسیی نەبێت".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پاراستنی نهێنی كاروباری فەرمانبەرییەتی، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پیرۆزیی كاری فەرمانبەرێتیدا بێت، نەك دروستكردنی حكومڕانییەكی پۆلیسی كە دامەزراوەكانی حكومەت بە رووی میدیا و هاووڵاتیاندا داخراوبن و دژی سادەترین پرەنسیپی شەفافیەت بێت.

هاوكات محه‌مه‌د گۆمه‌شینى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێمه‌ داواكارین كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ى دوێنێ دراوه‌، نه‌بێته‌ هۆكارێك بۆ پێنەدانی زانیارى به‌ میدیاكاران و رۆژنامه‌نووسان، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و گومانه‌ نه‌مێنێت داواكارین یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ژماره‌ (11)ی ساڵی 2013 جێبه‌جێبكرێت كه‌ رۆڵی گرنگی ده‌بینی له‌ هه‌نگاونان به‌ ئاڕاسته‌ی شه‌فافیه‌ت و ده‌ستكه‌وتنی زانیاری.

پ: چ.ع

بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure