دواڕۆژ ورده‌كارى سه‌ردانى شاندى باڵاى هه‌رێم بۆ به‌غدا ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2019‌ :: 1320‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

(ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ى ته‌مموزى 2019) شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكى هه‌ڵپه‌سێردراوى نێوانیان گەیشتە بەغدا، به‌رپرسێكى حكومه‌تى هه‌رێمیش ده‌ڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌مڕۆ رێككه‌وتن ناكرێت، به‌ڵكو زه‌مینه‌ بۆ ره‌خساندنى رێككه‌وتن سازدەکرێت".


ئه‌مڕۆ شاندێكى باڵاى هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تى مەسرور بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زیره‌كانى پێشمه‌رگه‌، دارایى، ناوخۆ و سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه‌ گەیشتە به‌غدا و بڕیارە له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كۆببنه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆسیەكانى نەوت و بودجە و مووچه‌ و كێشه‌ى كه‌ركوك و مادده‌ى 140 ده‌كرێت، دواتر چه‌ند لیژنه‌یه‌ك له‌نێوانیان دروستده‌كرێت و جارێكی دیكە بۆ دۆسیە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان شانده‌كه‌ دەچێته‌وه‌ بەغدا.

سه‌فین دزه‌یى، سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌دواى 2003وه‌ عێراق به‌ پاڵپشتى كورد و له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌وافوق دروستبوو، به‌ڵام ئێستا كار به‌ ته‌وافوق ناكریت به‌ڵكو كار له‌سه‌ر زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بكرێت، بێگومان هه‌رێم براوه‌ نابێت.

وتییشى: "ئێستا هه‌وڵ ده‌درێت به‌رده‌وام لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌بێت بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌ردانى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ به‌غدا، ده‌رفه‌تى گونجاوى بۆ لێکتێگه‌یشتن و دیالۆگ ره‌خساندووه‌".

سه‌فین دزه‌یى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌مڕۆدا كۆبوونه‌وه‌ى چڕوپڕ ناكرێت به‌ڵكو ئه‌و كاره‌ پێویستى به‌ دروستكردنى لیژنه‌ى جیاواز هه‌یه‌، بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌مڕۆ زیاتر زه‌مینه‌خۆشكردنه‌ یاخود داڕشتنى میکانیزمێكه‌ بۆ كارى داهاتوو نه‌ك رێككه‌وتن.

له‌باره‌ى راده‌ستكردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌، سه‌فین دزه‌یى وتى: "هه‌رێم هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ رێكکه‌وتن بووه‌، به‌ڵام ده‌بێت گفتوگۆى زیاترى له‌سه‌ر بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى كاتێك به‌غدا داواى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌كات، ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرێت كه‌ كێ شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیاكان بدات؟ كێ ته‌كمیله‌ى مووچه‌ى مانگانه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ته‌واوده‌كات كه‌ مانگانه‌ 430 ملیار دینار له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنى مووچه‌ ته‌رخانده‌كرێت، ئایا به‌غدا ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییانه‌ هه‌ڵده‌گرێت؟ ئه‌مه‌ پێویستى به‌ گفتوگۆى جددى هه‌یه‌".

پ: چ.ع

بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure