نەبوونی فێنککەرەوە لە پاسەکانی ناوشاردا هاووڵاتیانی بێزار کردووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/07/2019‌ :: 351‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

ھێڵەکانی گواستنەوەی ھاووڵاتیان لەناوشاردا لەم وەرزی گەرمایەدا فێنککەرەوە بۆ سەرنشینان بەکارناھێنن و ھاووڵاتیانیش نیگەرانن.

بەشێکی زۆری ھاووڵاتیان کە خاوەنی ئۆتۆمبێلی خۆیان نین ھۆکاری گواستنەوەی گشتی بەکار دەھێنن رۆژانە بۆ چوونە دەوام و سەر کارەکانیان، وەرزی ھاوین بەھۆی گەرمی کەشوھەواوە ھاووڵاتیان گەرمایان دەبێت و شۆفێرەکانیش ئامادەنین فێنککەرەوە دابگیرسێنن.

سەبریە جەمال، لەناو پاسێک لەھێڵەکانی ناوشار دانیشتووە و چاوەڕێیە پاسەکە پڕبێت و بکەوێتەڕێ، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئەوا ١٥ دەقیقەیە من دانیشتووم بەم گەرمایە و یەک نەفەر کەمە ئەم کاتانە پاسەکانیش تا پڕنەبێت ناڕوات، بەم گەرمایەش ھەوا ھەر نیە سوتاوین".

دەشڵێت: " ئەم پاسانە تازەن ساردکەرەوەشیان ھەیە بەڵام شۆفێرەکان بۆمان داناگیرسێنن و ھیچ لایەنێکی پەیوەندیداریش پێیان ناڵێت و کەس لێیان ناپرسێتەوە، بۆیە ئەوانیش گوێی پێنادەن".

خاوەنی پاسەکان باس لەوەدەکەن: گەر فێنککەرەوە دابگیرسێنن ئەوا بەنزین زیاتر دەسووتێنن.

بەھمەن جەزا، شۆفێری یەکێک لە پاسەکانی گواستنەوە بۆ دواڕۆژ وتی: "حکومەت ھیچ ھاوکارییەکمان ناکات لە دابینکردنی سوتەمەنی بەنرخێکی ھەرزانتر تا ئێمەش بتوانین ساردکەرەوە ئیشپێبکەین، چونکە بەردەوام ئیشکردنی ساردکەرەوە پێویستی بە سوتەمەنیە و رۆژانە زۆرتر خەرج دەکەین".

وتیشی: "گەر حکومەت وێستگەیەکی بەنزین دابنێت بۆمان و لیتری بە 450 دینار بدات پێمان، ئەوا دەتوانین کار بە فێنککەرەوە بکەین بەڵام لەئێستادا ناتوانین".

لەشاری سلێمانی تەواوی گەڕەکەکان ھێڵی تایبەت بەخۆیان ھەیە و ھاووڵاتان ھاتوچۆی پێدەکەن، بەڵام بەھۆی کەمی خزمەتگوزاری ھێڵەکانەوە تائێستا ھاووڵاتیان بە تەواوەتی پشت بەھاتوچۆکردنی پاس نابەستن.

بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی تائێستا نەیتوانیوە خاوەن ھێڵەکان پابەندبکات بە کارکردنی سیستمی فێنککەرەوە بەھۆی قەیرانی داراییەوە.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: "بەھۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانیوە پاسەکان ناچاربکەین فێنککەرەوە کارپێبکەن".

وتیشی: "ئێمە رێنماییمان پێداون بۆئەوەی نەفەر زۆرتربێت پەیڕەوی سیستمی کات بکەن نەک پاسەکە پڕبێت و سیستمی گەرمی و ساردی لەوەرزەکاندا کار پێبکەن بۆ ئەوەی نەفەر بێزار نەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "پێویستە ڕێڕەوی پاس لەشەقامەکانی سلێمانی جیابکەینەوە تا ھاووڵاتیان دڵنیا ببنەوە لەوەی زوو دەگەنە دەوام و سەر کارەکانیان، بۆ ئەوە داواشمان لەپارێزگار کردووە کاری بۆ بکات".

بەشێک لە ھێڵەکانی گواستنەوەی گەڕەکەکان مۆدێلی پاسەکانیان ھی ساڵانی ھەشتاکانن کە ئەمەش تائێستا کاردەکەن و ھیچ گۆڕانکاریەکیان بەسەردا نەھاتووە، لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی وتی: "ئەو پاسانە بەکەڵکی ئەوە نەماون ھاووڵاتیان بگوازنەوە، ئێمەش لە ئێستادا ناتوانین ئەو پاسانە بمرێنین و پاسی تریان پێبدەین کە پێش قەیرانی دارایی ھاوکاری ئەو پاسانە دەکرا کە مۆدێلیان لە خوار 2000وەیە، بڕێک پارەیان بە سلفە پێدەدرا و تابلۆکەشی بە خۆڕایی پێدەدرا تا سەیارەکەی بگۆڕێت، بەڵام ئێستا وەستاوە گەر کاری پێبکرێتەوە ئەوا پاسە کۆنەکان نامێنن".

وتیشی: "بەشێکی زۆری ھاووڵاتیان لەبەر نەبونی سیستمێکی جێگیری کارکردنی پاس ناچارن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بچنە سەرکار و دەوام".

پ: چ.ع

 پێداچونه‌وه‌:هـ.ق

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure