داعش له‌ سنوری خانەقین به‌ شه‌وان ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوی هه‌یه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/07/2019‌ :: 651‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ سنوورى ناوچه‌كانى جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌په‌ى سه‌ر به‌ قه‌زاى خانه‌قین جموجۆڵ و كرده‌وه‌كانى چه‌كدارانى داعش زیادیانكردووه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش رۆڵى ئه‌وتۆیان نییه‌ و بێده‌نگن، به‌ وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كیش: "داعش رۆژانه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا هاتووچۆ ده‌كه‌ن و له‌ شه‌وانیشدا له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ ده‌سه‌ڵاتى ته‌واویان هه‌یه‌". 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشى جه‌له‌ولا كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: نزیكه‌ى یه‌ك مانگه‌ له‌ سنوورى جه‌له‌ولا و ناوچه‌كانى نێوان جه‌له‌ولا بۆ خانه‌قین ژماره‌یه‌ك كرده‌وه‌ى تیرۆریستى له‌ كوشتن و ته‌قینه‌وه‌ و رفاندن و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و جموجۆڵ و هاتووچۆى چه‌كداره‌كانى داعش له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ ئاشكرا زیادیانكردووه‌. 

وتیشى: "هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ به‌هۆى خراپبوونى بارودۆخى ئه‌منییه‌وه‌ نیگه‌رانى ده‌رده‌بڕن و داواى هاوكارى له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن، هیچ گۆڕانكارییه‌كى ئه‌وتۆ نه‌كراوه‌و راسته‌ ژماره‌یه‌ك هه‌ڵمه‌ت و ئۆپراسیۆنى گه‌وره‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ بارودۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن و تادێت روو له‌ خراپتر ده‌كات". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌ر له‌به‌ر خراپى دۆخى ئه‌منى جگه‌ له‌ هاووڵاتیانى كورد، هاوكات عه‌ره‌بێكى زۆر به‌ تایبه‌تى دانیشتوانى گونده‌كان ناوچه‌كانیان جێهێشتووه‌ و متمانه‌یان به‌م هێزانه‌ نه‌ماوه‌. 

ئەوەشی وت: "هاتووچۆى چه‌كداره‌كان و كرده‌وه‌كانیان زۆر زیاتر بوون و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ش به‌ شه‌وان به‌ ته‌واوه‌تى ده‌سه‌ڵاتیان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست و چیان بوێت ئه‌نجامى ده‌ده‌ن". 

محه‌مه‌د عومه‌ر، به‌رپرسى كۆمیته‌ى یه‌كێتى له‌ قه‌ره‌ته‌په‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ هێزێكى زۆر له‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ سنوورى قه‌ره‌ته‌په‌ هه‌ن، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ له‌و ناوچانه‌ جێگیرنابن كه‌ چه‌كدارانى داعش تێیدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن یان ئه‌گه‌ر سه‌نگه‌ریشیان هه‌بێت له‌ شه‌واندا ته‌نیا پارێزگارى له‌ خۆیان ده‌كه‌ن و به‌ هاناى كه‌سه‌وه‌ ناڕۆن. 

وتیشى: "له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ به‌ تایبه‌تى ژماره‌یه‌ك له‌ گونده‌ عه‌ره‌به‌كانى رۆئاواى قه‌ره‌ته‌په‌، چه‌كدارانى داعش به‌ ئاشكرا هاتوچۆیان هه‌یه‌ و له‌ شه‌وانیشدا له‌ چه‌ندین شوێن و گوند به‌ ته‌واوه‌تى ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ ماوه‌ى رابوردوودا ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و داواى هاوكارى ماددیان له‌ هاووڵاتیانى گوندنشینى ئه‌و ناوچانه‌ كردووه‌". 

محه‌مه‌د عومه‌ر باسى له‌وه‌شكرد: هه‌ر له‌به‌ر جموجۆڵ و كرده‌وه‌كانیان، له‌ ماوه‌ى رابوردوودا ژماره‌یه‌ك گوندى كورد و عه‌ره‌بیش زێدى خۆیان جێهێشتووه‌ و روویان له‌ ناو قه‌ره‌ته‌په‌ كردووه‌ و له‌ راستیدا به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا كۆنترۆڵى ناوچه‌كه‌ ناكرێت. 

به‌پێى ئاماره‌كان ته‌نیا له‌ سنوورى خانه‌قین له‌ دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ زیاتر له‌ 130 كرده‌وه‌ى تیرۆریستى ئه‌نجامدراون و به‌هۆیانه‌وه‌ نزیكه‌ى 100 هاووڵاتى كوژراون و برینداربوون و نزیكه‌ى 10 گوندى كوردیش چۆڵبوون. 

ئه‌حمه‌د عوبێد، دانیشتووى ناوچه‌ى ئیسڵاح له‌ جه‌له‌ولا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بارودۆخى ناوچه‌كه‌یان كه‌ ناوچه‌یه‌كى فراوانه‌ و له‌ نزیكه‌ى 17 گوند پێكهاتووه‌ و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانى تێدا ده‌ژى له‌ كورد و عه‌ره‌بى سووننه‌ و شیعه‌، ئێستا ڕوو له‌ خراپ بوونه‌ و رۆژانه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه‌ تووشى كوشتن و ته‌قینه‌وه‌ و رفاندن و كێشه‌ و گرفت ده‌بنه‌وه‌. 

وتیشى: "ماوه‌ى رابوردوو خه‌له‌ و خه‌رمانى جوتیاران سوتێندرا، ته‌نیا له‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى پێشووشدا، ژماره‌یه‌ك كرده‌وه‌ى تیرۆریستى ئه‌نجامدراون كه‌ بریتى بوون له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى چه‌ند بۆمبێك له‌ نێو كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كان و كوشتنى جوتیارێك و برینداركردنى سێ كه‌سى دیكه‌، رفاندنى دوو كه‌س، ته‌قه‌كردن له‌ چه‌ند گوندێك و دوایه‌مینیشیان شه‌وى 14ى ته‌مموزى 2019 بوو لە گوندى ئوم حونته‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ى عه‌ره‌بى سووننه‌ن و هاوه‌نباران كران". 

ئه‌و هاووڵاتییه‌ راشیگه‌یاند: پێشووتر كه‌ هێزى كوردستانى له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بوو له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ئاسایش هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى له‌ نێوان ئه‌و گوندانه‌ و هێزه‌كان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌ تایبه‌تى چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى به‌و رێگه‌یه‌ كار ناكه‌ن و گوێ به‌ داواكارى و هاوارى هاووڵاتیان ناده‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ى پێشتر هاوكارى هێزه‌ ئه‌منییه‌ كوردییه‌كان بوون له‌لایه‌ن چه‌كدار و هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. 

ئه‌و گوندنشینه‌ بێ ئومێدى خۆیشی له‌و بارودۆخه‌ ده‌ربڕى و رایگه‌یاند: چه‌كدارانى داعش هێز و تواناى پێشوویان نه‌ماوه‌ و ئه‌گه‌ر هێزه‌كان بیانه‌وێت زۆر به‌ ئاسانى كۆنترۆڵى ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن و كۆتایى به‌م چه‌كدارانه‌ دێنن كه‌ زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ نه‌هامه‌تى زۆریان به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا هێناوه‌ و به‌رده‌وامیشن. 

به‌هۆى خراپى بارودۆخى ئه‌منییه‌وه‌ هاووڵاتیانى سنوورى ناوچه‌كانى قه‌ره‌ته‌په‌ و جه‌له‌ولا و خودى قه‌زاى خانه‌قینیش نیگه‌رانن و رۆژانه‌ خێزانه‌كانى ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ناچاریدا كۆچ ده‌كه‌ن. 

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure