چەندین كۆمپانیای ئێرانی گه‌شتیار ده‌بەنه‌ ده‌ڤه‌ری سۆران

هەواڵ / ئابوری :: 16/07/2019‌ :: 196‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت: كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا گه‌شتیارانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ڕێگه‌ی 18 كۆمپانیای گه‌شتیارییه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی گروپ ده‌هێنرێنه‌ هاوینه‌هه‌واره‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران، له‌به‌رامبه‌ردا گه‌شتیاران داشكاندنیان له‌و سنوره‌ بۆ ده‌كرێت.

بارزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران به‌دواڕۆژی وت: "رۆژی دووشه‌ممه‌ نوێنه‌ری 18 كۆمپانیای ئێرانی سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ی گه‌شتیاری ده‌ڤه‌ری سۆرانیان كرد و سه‌رسام بوون به‌ سروشتی ده‌ڤه‌ره‌كه‌، دوای پرس و راگۆڕینه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ له‌مه‌ودوا و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا گه‌شتیارانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه‌وە به‌ شێوه‌ی گروپ ده‌هێنرێنه‌ هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: كه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ به‌ ئێمه‌یان راگه‌یاند كه‌ له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌شتیاران خواستێكی زۆریان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رووبكه‌نه‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاتنی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ش بۆ به‌رچاوڕوونی زیاتر و ئاشنابوونیان بوو به‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران. 

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران رونیشیكرده‌وه‌: كه‌ له‌كاتی هێنانی گه‌شتیاران له‌ لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیا ئێرانیانه‌وه‌، ئێمه‌ش وه‌ك گه‌شتوگوزاری سۆران و به‌هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت داشكاندنیان له‌ شوێنی مانه‌وه‌ و خواردن و چه‌ند شتێكی دیكه‌ بۆ ده‌كه‌ین و هاوكار و ڕێنیشانده‌ریشیان ده‌بین بۆ ئاشناكردنی زیاتریان به‌ سنوره‌كه‌. 

وتیشی: "دوێنێش كه‌ سه‌ردانیان كردین به‌رچاوڕوونی و زانیاری زۆرمان پێدان له‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر و دڵخۆش بوون به‌ هه‌بوونی ئه‌و ناوچه‌ گه‌شتیارییانه‌". 

باسی له‌وه‌شكرد: كه‌ هێنان و هاتنی گه‌شتیارانی ئێرانی به‌ شێوه‌ی گروپ كاریگه‌رییه‌كی باشی ده‌بێت بۆ سنووره‌كه‌مان و ده‌بێته‌ مایه‌ی بوژاندنه‌وه‌ و به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی زیاتری كه‌رتی گه‌شتیاریی و هێنان و زیادكردنی داهاتی ئابوری له‌و ده‌ڤه‌ره‌. 

به‌پێی تۆماركردنی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان، %80ی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ڤه‌ری سۆران و به‌جۆرێك هه‌ندێك له‌و هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییانه‌ به‌ناوبانگترینی هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانن.

گرنگترین هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران بریتین له‌ هاوینه‌هه‌واری بێخاڵ، جوندیان، گه‌لی عه‌لی به‌گ، كانی ماران، گه‌لی فه‌قیان، پڕژێ، بێرمه‌ سارد، قه‌یماسان له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی گه‌شتیاری شنگلبانه‌ و چیای كۆڕه‌كی گه‌شتیاریی كه‌رتی تایبه‌ت و  بوونی ده‌یان ناوچه‌ی دیكه‌ی خۆڕسك و سروشتی گه‌شتیاریی له‌ قه‌زاكانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگه‌سۆر.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure