پرۆژه‌یاسای چاكسازی چه‌ندین كه‌موكوڕی تێدایه‌

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2019‌ :: 280‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌به‌رنامه‌یه‌كی رادیۆی دواڕۆژدا له‌باره‌ى به‌رنامه‌ی چاكسازی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، پارێزه‌رێك باس له‌وه‌ده‌كات: ته‌نیا پرۆژه‌ یاسایه‌ك به‌ناوی چاكسازی ئاماده‌كراوه‌ و چه‌ندین كه‌موكوڕی تێدایه‌.


له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان چۆن ده‌توانن رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌، پارێزه‌ر شێركۆ ساڵح له‌و به‌رنامه‌یه‌ی رادیۆی دواڕۆژدا وتی: "گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌واو ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ و ئه‌و دوو ده‌زگایه‌ ده‌توانن رۆڵی باش ببینن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش نه‌یانتوانیوه‌ رووبه‌ڕووی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌".

ئه‌و پارێزه‌ره‌ باسی له‌وه‌شده‌كات: چه‌ند هۆكارێك هه‌یه‌ بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی كه‌ بووه‌ته‌ دیارده‌ له‌ كوردستاندا، ئه‌وانیش بۆ نموونه‌ كابینه‌ی پێشوو زۆربه‌ی حیزبه‌كان تێیدا به‌شداربوون، ئه‌وه‌ش وایكرد هه‌موویان چاوپۆشی له‌ گه‌نده‌ڵی یه‌كتری بكه‌ن، هۆكارێكی تر خودی كۆمه‌ڵگایه‌، جێبه‌جێنه‌كردنی یاساكان وه‌ك خۆی هۆكارێكی دیكه‌یه‌، خه‌ڵكی نه‌شیاو ده‌خرێته‌ شوێنی شیاوه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ هه‌رێمی كوردستانی دواخستووه‌ و نه‌توانراوه‌ گه‌نده‌ڵی كه‌مبكرێته‌وه‌.

پارێزه‌ر شێركۆ ساڵح ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه‌ یاسایه‌ك نییه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، ته‌نیا پڕۆژه‌یاسایه‌ك له‌ 2018 ئاماده‌كراوه‌، ئه‌ویش پرۆه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشینی ئیمتیازاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ چه‌ند روویه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كات و له‌ چه‌ندین رووه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ناكات و كه‌موكوڕی تێدایه‌.

وتیشی: "له‌ خاڵێكی پرۆژه‌یاسای چاكسازی باس له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ پله‌ی باڵا خانه‌نشینكراون و رۆژێك پۆستی نه‌بووه‌ مووچه‌كه‌ی ده‌بڕدرێت، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ پرۆژه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش باس بكرێت كه‌ ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌و مووچه‌یه‌ی وه‌رگرتووه‌ لێی وه‌ربگیرێته‌وه‌ كه‌ تێیدا باس نه‌كراوه‌".

له‌باره‌ى سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: تائێستا سزادانی ئه‌نجامده‌ری گه‌نده‌ڵی ته‌نیا به‌پێی یاسای سزادانی عێراقی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت كه‌ ئه‌وه‌ش زۆر به‌ كه‌میی به‌دیده‌كرێت و رۆژانه‌ گه‌نده‌ڵی به‌رچاو هه‌یه‌و كه‌سانێك له‌ پڕێكدا ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن و كه‌س پێی ناڵێت له‌ كوێت هێنا؟.

ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌: وه‌كوو پارێزه‌ران چه‌ندین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییان داوه‌ته‌ داواكاری گشتی، به‌ڵام كاری له‌سه‌ر نه‌كردووه‌، چونكه‌ یاسای داواكاری گشتی كه‌موكوڕی تێدایه‌و پێویسته‌ هه‌مواربكرێته‌وه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure