ئایا توركیا له‌ په‌یمانى ناتۆ ده‌كشێته‌وه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/07/2019‌ :: 218‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

میدیا جیهانییه‌كان به‌ بایه‌خێكى زۆره‌وه‌ باس له‌و گۆڕانكارییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ (واقیع)ى توركیادا روویداوه‌ و له‌ داهاتوویشدا رووده‌دات سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنى (چه‌ند باره‌ فڕۆكه‌یه‌ك) له‌ پێداویستى و كه‌لوپه‌لى تایبه‌ت به‌ سیستمى به‌رگریى مووشه‌كى ئێس400، له‌ روسیا.


له‌ رۆژى هه‌ینیى رابوردوو، 12ى ته‌موزى 2019وه‌، حه‌وت فڕۆكه‌ى روسى له‌ فڕگه‌ى سه‌ربازیى ئه‌لمورته‌د-ى نزیك ئه‌نقه‌ره‌ نیشتوونه‌ته‌وه‌ و كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كانى سیستمى به‌رگریى مووشه‌كى ئێس 400 یان گه‌یاندووته‌ توركیا. میدیاكانیش ده‌پرسن: ئاخۆ له‌دواى ئه‌و پێكهاتنه‌ى ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆ ده‌رباره‌ى مووشه‌كى روسى و ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و كاردانه‌وانه‌ى له‌لایه‌ن واشنتۆن-ه‌وه‌ لێیكه‌وتوونه‌ته‌وه‌، توركیا له‌ په‌یمانى باكورى ئه‌تڵه‌سى ده‌كشێته‌وه‌؟

 هه‌ندێك له‌ چاودێران پێیانوایه‌، ئه‌و پێكهاتنه‌ى مۆسكۆ-ئه‌نقه‌ره‌ پرسیارگه‌لى زۆر ده‌رباره‌ى ستراتیژیه‌تى داهاتووى توركیا هه‌ڵده‌گرێت، له‌وانه‌: ئایا توركیا ده‌ستبه‌ردارى ناتۆ ده‌بێت؟ ئایا توركیا روو له‌ روسیا و پشت له‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى ناتۆى ده‌كات؟.


به‌پێى لێكدانه‌وه‌ى ئه‌و چاودێرانه‌: دۆخ و ده‌رهاویشته‌كانى كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیاى ناچاركردووه‌ بیر له‌ بژارده‌ و ستراتیژیه‌تى نوێ بكاته‌وه‌. یه‌كێك له‌و بژاردانه‌یش كه‌ ده‌بێته‌ هۆى ره‌وینه‌وه‌ى ترسه‌كانى ئه‌ردۆغان، رووكردنه‌ روسیا و پشتكردنه‌ ئه‌مریكایه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌یش كارێكى هه‌روا ئاسان نییه‌ چونكه‌ بێگومان سیستمى مووشه‌كیه‌ روسییه‌كه‌ قه‌یران و ململانێكانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئاڵۆزتر ده‌كات، به‌تایبه‌ت خودى توركیا ده‌كاته‌ وڵاتێكى خاوه‌ن هێزى واى كه‌ ئه‌وه‌نده‌ گوێ به‌ ناتۆ و خۆراوا، له‌پێش هه‌موویشیانه‌وه‌ ئه‌مریكا، نه‌دات. ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت توركیا ببێته‌ لایه‌نكێكى سه‌ره‌كیى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى كێشه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى و روسیا، كه‌ خۆى له‌خۆیدا ده‌چێته‌ خانه‌ى دژایه‌تى و لێدانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆرئاوا و ئه‌مریكاوه‌ كه‌ بێگومان قبووڵى ناكه‌ن. كه‌واته‌ كێشه‌كان ئاڵۆز تر ده‌بن و ئاسۆى چاره‌سه‌ركردنیان تاریكتر ده‌بێت.



(توركیا له‌وه‌ زیره‌كتره‌ كه‌ واز له‌ ناتۆ و خۆرئاوا و ئه‌مریكاى هاوپه‌یمانى بهێنێت) ئه‌مه‌یش راى هه‌ندێك له‌ چاودێرانه‌ و ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه‌ى ئه‌نقه‌ره‌ له‌ مۆسكۆ به‌ مانۆڕ و سیناریۆیه‌كى ئه‌ردۆغان ده‌زانن بۆ راكێشانى سه‌رنجى خۆرئاوا به‌لاى پێگه‌ى جیۆسیاسیى ستراتیژیى توركیا له‌ ناوچه‌كه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك هێزێكى به‌ هه‌ژموون مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت و خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا بكات به‌ دۆست و هاوپه‌یمان!!.

هه‌ندێك چاودێرى دیكه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن ئه‌مریكا هه‌ر گوشارێك بخاته‌ سه‌ر توركیا ده‌بێته‌ هۆى نزیكبوونه‌وه‌ى زیاترى ئه‌نقه‌ره‌ له‌ روسیا، بۆیه‌ ده‌بێت واشنتۆن بیر له‌ سیاسه‌تێكى دیكه‌ بكاته‌وه‌ و ئه‌و لێژبوونه‌وه‌یه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ توركیادا له‌ خاڵێكدا رابگرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر توركیا له‌م هه‌نگاوه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بێت و پشت له‌ خۆرئاوا و روو له‌ روسیاى بۆ بچێته‌سه‌ر، ئه‌وا هیچ دوور نییه‌ وڵاتانى دیكه‌یش هه‌مان رێگه‌ى ئه‌نقه‌ره‌ بگرن بۆ خۆدوورخستنه‌وه‌یان له‌ هه‌ژموونه‌كانى ئه‌مریكا، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بى و ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ كه‌ هێشتا ئه‌مریكا و خۆرئاوا وه‌ك (ئیستیعمارى هاوبه‌شى زایۆنیزم) له‌ فه‌رهه‌نگى سیاسییاندا ماوه‌ته‌وه‌. 



له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، هه‌ندێك ده‌نگى عه‌ره‌بى له‌ كه‌نداوه‌وه‌ به‌رزبوونه‌ته‌وه‌ و توركیا به‌ حه‌ق ده‌زانن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌روه‌ریى خۆى بپارێزێت و ته‌نانه‌ت پرسیارى ئه‌وه‌یش ده‌كه‌ن: بۆ ده‌وڵه‌تانى ئه‌نجومه‌نى هاریكاریى كه‌نداو هه‌نگاوێكى وه‌ك ئه‌وه‌ى توركیا نانێن؟ بۆ سیستمى به‌رگریى مووشه‌كیى ئێس400ى روسى ناكڕن بۆئه‌وه‌ى زه‌وى و ئاسمانى (داگیركراو)یان ئازاد بكه‌ن و بیخه‌نه‌وه‌ ژێر سه‌روه‌ریى خۆیان؟ 

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید 

 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق






  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure