گه‌شتێكى بازرگانى بۆ بریتانیا رێكده‌خرێت

هەواڵ / ئابوری :: 15/07/2019‌ :: 334‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

سه‌رۆكى یه‌كێتى هاورده‌و ناردنكارانى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، گه‌شتێكى بازرگانى بۆ ئه‌ندامانیان رێكده‌خرێت، به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له‌ چه‌ند چالاكییه‌كى ئابورى و راهێنان لە بریتانیا، ده‌ڵێت: "سه‌رجه‌م ئه‌ندامانمان ده‌توانن به‌شداربن".


مسته‌فا شێخ عبدولڕه‌حمان سه‌رۆكى یه‌كێتى هاورده‌و ناردنكارانى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ مانگى 9 و 10ى ئه‌مساڵ سێ گه‌شتى بازرگانی بۆ له‌نده‌نى پایته‌ختى بریتانیا ئه‌نجامده‌درێت.

لەبارەی وردەکاری گەشتەکەوە، دەڵێت: "له‌ به‌روارى 10/1 به‌شدارى له‌ پێشانگایه‌كى پیشه‌سازی ده‌كه‌ین، له‌ 9/2 كۆبوونه‌وه‌ و چاوپێكه‌وتنى بازرگانی بۆ ئه‌ندامانمان له‌گه‌ڵ بازرگانانى بریتانیا رێكده‌خرێت، له‌ 10/20 خولێكى راهێنانى سێ رۆژه‌ بۆ چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كارخانه‌ و كۆمپانیا بیانییه‌كان و ئه‌نجامدانى گرێبه‌ست و ئاڵوگۆڕى بازرگانى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌شدارى ده‌كه‌ن".

سه‌رۆكى یه‌كێتى هاورده‌ و ناردنكاران وتیشى: "سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانى یه‌كێتییه‌كه‌ ده‌توانن به‌شداربن، به‌و مه‌رجه‌ى هه‌ركه‌سێك كۆمپانیاى پیشه‌سازى یان كارگه‌ى هه‌بێت یاخود بازرگانى بكات، ئه‌و كه‌سه‌شى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى بریتانیا كار ده‌كات، ده‌توانێت له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌شداربێت".

ناوبراو باسى له‌وه‌شكرد: گه‌شته‌كه‌ سودێكى باشى ئابورى ده‌بێت، به‌وپێیه‌ى ده‌بێته‌هۆى دروستبوون و به‌هێزبوونى په‌یوه‌ندى بازرگانى و ئه‌نجامدانى گرێبه‌ست له‌نێوان ئه‌ندامانى ئێمه‌ و كۆمپانیا بریتانییه‌كان، ناونوسینیش له‌ سبه‌ینێ 16ى ته‌مموزه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا كۆتایى ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure