له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا 338 پڕۆژە له‌ هه‌رێم جێبه‌جێكراوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 15/07/2019‌ :: 115‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بریكارى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشتەجێکردن رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ماوه‌ى چوار ساڵى رابوردوودا، 338 پڕۆژەیان له‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكردووه‌.


(ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ى ته‌مموزى 2019) سدقى ئامێدى بریكارى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشتەجێکردنى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ماوه‌ى چوار ساڵى رابوردوودا، سێ رێگای دووساید، سێ رێگای سەرەكی یەك ساید و شەش پرد و تونێلێك جێبەجێ‌ كراون له‌گه‌ڵ 16 پڕۆژەی نیشتەجێبوون كە هەزار و 570 یەكەی لەخۆگرتووە، هه‌روه‌ها 92 رێگاوبان چاككراونەتەوە.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: 18 پڕۆژەی بیناسازی و 88 پرۆژەی جۆراوجۆریش جێبەجێكراون كه‌ تێچووی سه‌رجه‌می ئەو پڕۆژانە 641 ملیار و 891 ملیۆن دینار بووه‌.

سدقى ئامێدى، وتیشى: "له‌ماوه‌ى چوار ساڵى رابوردوودا، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن 338 پڕۆژەى له‌سه‌رانسه‌رى هه‌رێم جێبه‌جێكردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ولێر 85 پڕۆژه‌و له‌ سلێمانى 187 پڕۆژه‌و له‌ دهۆك 47 پڕۆژه‌و له‌ كه‌ركوكیش 19 پڕۆژه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، راشیگه‌یاند: داواكارین چیتر به‌رپرسان و په‌رله‌مانتاران به‌بێ به‌دواداچوون و زانیارى لێدوان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى شاره‌كان نه‌ده‌ن و گله‌یى له‌ بوونى كه‌میى پڕۆژه‌كان له‌ پارێزگاكان نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ى له‌ سلێمانى كراوه‌ زۆرترین پڕۆژه‌ بووه‌، به‌راورد به‌ پارێزگاكانى دیكه‌ى هه‌رێم".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure