له‌ كه‌یه‌وه‌ دابه‌شكردنى نه‌وت ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/07/2019‌ :: 2359‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

له‌م مانگى ته‌مموزه‌دا نرخى یه‌ك به‌رمیل (نه‌وتى به‌غدا) له‌ بازاڕدا گه‌یشتووه‌ته‌ 120 هه‌زار دینار، خه‌مى زستانیش هێنده‌ى تر خواستى له‌سه‌ر زیادكردووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت: "سه‌رجه‌م ئه‌و نه‌وته‌ى له‌ به‌غداوه‌ بۆمان هاتووه‌ دابه‌شكراوه‌ و تا مانگى 9 هیچ به‌رنامه‌یه‌ك نییه‌ بۆ دابه‌شكردنى نه‌وت". 


وه‌رزى گه‌رمایه‌، به‌ڵام هاوشێوه‌ى ساڵانى رابوردوو هاووڵاتییان ترسیان له‌وه‌یه‌ له‌ زستاندا نه‌وت دابه‌شنه‌كرێت، بۆیه‌ سه‌یرنییه‌ خواست له‌سه‌ر كڕینى نه‌وت له‌ ئاستێكى به‌رزدا بێت.

سالار مه‌حمود، فرۆشیارى نه‌وت له‌ سلێمانى به‌ دواڕۆژى وت: "نرخى یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى به‌غدا به‌ 120 هه‌زار دینار ده‌گه‌یه‌نینه‌ ماڵان، له‌ئێستاشدا ته‌نیا نه‌وتى سپى به‌غدا ده‌فرۆشرێت".

وتیشى: "هه‌رچه‌نده‌ وه‌رزى گه‌رمایه‌، به‌ڵام به‌هۆى دابه‌شنه‌كردنى نه‌وته‌وه‌ هاووڵاتییان خه‌مى زستانیانه‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ده‌ست به‌ كڕینى نه‌وت ده‌كه‌ن و خواستى باشیشى له‌سه‌ره‌، ته‌نانه‌ت خه‌ڵك هه‌یه‌ داواى كڕینى سێ به‌رمیل نه‌وت ده‌كات".

ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ وه‌رزى زستاندا كێشه‌ى دابه‌شنه‌كردنى سووته‌مه‌نى دروست ده‌بێت، ده‌شبێته‌ هۆى گه‌رمكردنى بازاڕى بازرگانان و به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخه‌كه‌ى. 

له‌ 2018دا پارێزگاى سلێمانى 44 ملیۆن و 961 هه‌زار لیتر نه‌وتى سپى له‌ به‌غداوه‌ بۆ نێردرا، له‌كاتێكدا پێویستى به‌ 100 ملیۆن لیتر نه‌وت هه‌یه‌، ئه‌و نه‌وته‌ش به‌سه‌ر 10 مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ى سلێمانى دابه‌شكرا، جگه‌ له‌وه‌ى پشكى هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانى لێده‌درێت.

محه‌مه‌د حه‌سیب، به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانى پارێزگاى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ 2018دا 57 ملیۆن و 41 هه‌زار 167 لیتر نه‌وت هاتووه‌ته‌ سلێمانى و دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر پارێزگاكانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانى گه‌رمیان و راپه‌ڕیندا. 

وتیشى: "له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا 30ى نیسان-یش 21 ملیۆن و 275 هه‌زار و 325 لیتر نه‌وتمان بۆ هاتووه‌ و دابه‌شكراوه‌ به‌ سیستمى كارتى ئه‌لیكترۆنى، له‌و به‌رواره‌یشه‌وه‌ دابه‌شكردنى نه‌وت به‌سه‌ر ماڵاندا وه‌ستاوه‌ و هیچ به‌رنامه‌یه‌كى نوێ نییه‌ بۆ دابه‌شكردنى نه‌وت، به‌ڵكو له‌ مانگى 9وه‌ ده‌ستپێده‌كات".

به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان ئه‌وه‌شى وت: "عه‌مبارى عه‌ربه‌ت و سلێمانى كراوه‌ن بۆ هه‌موو په‌رله‌مانتار و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن، تا داخڵبوون و ده‌رچوونى نه‌وت سه‌یربكه‌ن و بزانرێت كه‌ یه‌ك لیتر نه‌وت به‌هه‌ده‌رنه‌چووه‌".

نه‌بوونى پاڵاوتگه‌ى پێشكه‌وتوو و هاوكات بوونى كێشه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندا، سه‌رچاوه‌ى كێشه‌ى سووته‌مه‌نییه‌ بۆ هاووڵاتییانى هه‌رێم، بۆیه‌ به‌شێكى زۆرى ئه‌و نه‌وته‌ى دێته‌ هه‌رێم و ساغ ده‌كرێته‌وه‌، بازرگانان له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ى ده‌كه‌ن.

به‌ وته‌ى محه‌مه‌د حه‌سیب: "ئێستا كه‌رتى تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر بازاڕى نه‌وتدا هه‌یه‌، حكومه‌ت پشتیوانى ناكات، بۆیه‌ كۆمپانیا و فرۆشیاران نرخ دیاریى ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌ دابه‌شكردنى نه‌وت نه‌مێنێت نرخى نه‌وت ئه‌وه‌نده‌ى تر به‌رزده‌بێته‌وه‌". 

 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure