"لە شەوێکدا چوار چەکداری داعش دەستدرێژیان کردەسەرم"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/07/2019‌ :: 29312‌ جار بینراوە
ئیمان عیدو

تاگ :: شەنگال

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

کچێکی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ ته‌مه‌نى نۆ ساڵییه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش و چه‌ندین جار كڕین و فرۆشتنى پێوه‌كراوه‌ و ده‌شڵێت: دوو رۆژ پێش رزگاربوونى لە شەوێکدا چوار چەکداری داعش دەستدرێژیان کردوه‌ته‌سه‌ر.


دواى ئه‌وه‌ى چه‌كدارانى داعش له‌ 3ى ئابى 2014 هێرشده‌كه‌نه‌سه‌ر گوندى حه‌ردان، به‌ دانیشتوانى گونده‌كه‌ ده‌ڵێن: ئاڵاى سپى به‌رزبكه‌نه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كتان بۆ دروستنابێت.

ئیمان عیدو کورو، كه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نى 9 ساڵان بووه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كه‌ى له‌نێو ئه‌و گونده‌ ده‌بن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چه‌كدارانى داعش ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ "ئەگەر ھەوڵ بدەن بچنە شوێنێکی تر دەستگیرتان دەکەین"، هه‌وڵ بۆ هه‌ڵهاتن ده‌ده‌ن.

ئیمان بۆ دواڕۆژ وتى: "چەکدارانی داعش رۆیشتن و ئێمه‌ش ھەوڵماندا ھەڵبێین، به‌ڵام ئۆتۆمبێلەکەمان لەبەر دەرگا تێکچوو و ئیشی نەکرد تا ئه‌وكاته‌ى شاره‌زایه‌كى چاككردنه‌وه‌ى ئۆتۆمبێل له‌ به‌رامبه‌ر بڕێكى زۆرى پاره‌ چاكى كرده‌وه‌".

وتیشى: "لەبیرمە نزیکەی 16 کەس سواری ئۆتۆمبێلەکە بوون و جێگای من و چەند کەسێکی تر لە خێزانەکەمان نه‌مایه‌وه‌، بۆیه‌ من و کچێک و حه‌وت كه‌سى تر پێکەوە سواری تراکتۆری دراوسێکەمان بووین و ھەوڵماندا لەو ناوچەیە دووربکەوینەوە".

ئیمان له‌باره‌ى ساتى ده‌ستگیركردنیان وتى: "ئێوارەیەکی درەنگ لە چواریانی حەردان نزیکی ناوچەی ئوم شەبابیک دەستگیرکراین، به‌ڵام باوکم و ئەوانەی لەگەڵیدابوون بەرەو چیای شنگال رۆیشتن و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چەکدارانی داعش تەقەیان لێکردن، بەڵام نەوەستان و بەسەلامەتی لەو خاڵە پشکنینە تێپەڕین و خۆیان گەیاندە چیا".

"ھەر لە رۆژی یەکەمی رفاندنمان بردیانین بۆ تەلەعفەر له‌گه‌ڵ كچى مامه‌كه‌م به‌ناوى (نیدال) له‌ قوتابخانه‌یه‌كى قه‌زاكه‌ پێکەوە بووین، رۆژێک ھاتن کچى مامه‌كه‌میان برد، دواتریش هاتن و وتیان دەتبەینه‌ لاى نیدال، به‌ڵام بردیانمه‌ بارەگایه‌کی خۆیان لە موسڵ" ئیمان واى وت. 

یه‌كه‌م ده‌ستدرێژى لە تەمەنی ٩ ساڵیدا
ئەو وتی: "دوای رۆژێک لەو بارەگایە ئەمیرێک بەناوی (ئەبو موحتەس عێراقی) تەمەنى 40 ساڵ و بەرپرسی یەکەمی ھێزەکانی داعش بوو لە موسڵ، منی بردە ماڵی خۆی و له‌ ته‌مه‌نى 9 ساڵیمدا دەستدرێژی کردەسەرم، پاش هه‌شت رۆژ مانه‌وه‌ دواتر بە برای خۆی بەناوی (سەردار عێراقی) فرۆشتم".

براى ئه‌میره‌كه‌ى داعش نه‌ك ته‌نها ده‌ستدرێژى به‌ڵكو ئه‌شكه‌نجه‌شى داوه‌ و نزیكه‌ى سێ مانگیش لاى ئه‌و ماوه‌ته‌وه‌، ئیمان وتى: "دواتر بە (ئەبو عایشا)ی تەمەن 50 ساڵ فرۆشرام، كه‌متر له‌ دوو ساڵ لە ماڵی ئەو چەکدارە بووم لە ناوچەی موشرفیەی دووەم لە موسڵ، گەلێک جار دەستدرێژی کردەسەرم جاری وا ھەبوو لە حەفتەیەکدا چوار جار دەستدرێژی دەکردە سەرم".

دەرمانی منداڵنەبوون-یان دەکردە ناو خوادنەکەمان 
ئیمان باسیلەوەشکرد: "چەکدارانی داعش حەبی منداڵنەبوونیان بە ئێمەیان دەدا، لە کاتی نانخواردن ئەو حەبەی دەرکردە ناو خواردنەکەمان، چونکە دەمزانی تامێکی جیاوازی ھەبوو لەچاو رۆژانی تر، چونكه‌ هەر کچێک منداڵێکی ببوایه‌ کچەکە لەو چەکدارە مارە دەکرا و دواتر نەیده‌توانى بە چەکدارێکی ترى بفرۆشرێت". 

كڕیارى دواترى ئیمان دكتۆرێكى داعش بوو به‌ ناوى (ئیحسان) كه‌ تەمەنی 45 ساڵ بوو، له‌ ماوه‌ى ساڵێك مانه‌وه‌ى لاى ئه‌و دكتۆره‌ ئیمان چه‌ندین جار رووبه‌ڕووى ده‌ستدرێژى خۆى و ئه‌شكه‌نجه‌ى خۆى و خێزانه‌كه‌ى بووه‌ته‌وه‌، نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌ به‌ڵكو له‌لایه‌ن كه‌سێكى نزیكشیه‌وه‌ توشى هه‌مان دۆخ بووه‌.

ئەو وتی: "رۆژێک برای ژنی دکتۆرەکە کە ئەویش چەکداری داعش بوو بەناوی (ئیسماعیل) ھاتبووه‌ ماڵی ئەوان، لەو رۆژە کەس لە ماڵەکەیان نەبوو، دەستدرێژی کردەسەرم، کە دکتۆر و خێزانەکەی گه‌ڕانه‌وه‌ و رووداوه‌كه‌م پێوتن باوەڕیان نەکرد و 40 جه‌ڵدیان لێدام".

له‌و سه‌روبه‌نده‌دا به‌هۆى گه‌یشتنى شه‌ڕ به‌ ناو موسڵ، پزیشكه‌كه‌ ئیمان به‌ دوو چه‌كدارى تر ده‌فرۆشێت و ئه‌وانیش جارێكى تر ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ته‌له‌عفه‌ر و پاشان گوندێكى ده‌وروبه‌ر.

دوو رۆژ پێش رزگاربوون
ئەو کچە ئێزدییە دەڵێت: "کە گەیشتینە تەلەعفەر، لە شەوی یەکەم لە گوندێکی ئەو ناوچەیە دوو رۆژ پێش رزگاربوونم چوار چەکداری داعش دەستدرێژیان کردەسەرم، رۆژی دواتر من و دوو کچی ئێزدی و کچێکی شیعە و یەکێکی مەسیحی ھەوڵماندا ھەڵبێین، خۆمان گەیانده‌ شوێنێک، سێ چەکداری داعشیش ھاتنە لامان و وتیان خۆمان رادەستی پێشمەرگە دەکەین، بەڵام نابێت ئەوان بزانن ئێمە داعشین".

وتیشی: "ئەو سێ چەکدارە بە ئێمەیان وت ئامێرێکی پەیوەندیکردنتان پێده‌ده‌ین دەتوانن قسە لەگەڵ خێزانەکانتان بکەن، ئێمەش داواكه‌ی ئەوانمان قبوڵکرد، کاتێک لەگەڵ باوکم قسەمکرد وتی (تۆ کێی؟) پێموت باوکە من ئیمانم کچی تۆم، باوکم وتی (تۆ کچی من نیت کچەکەم مردووە) چونکە ساڵ و مانگێک ھیچ زانیارییەکیان بە دەست نەگەیشتبوو کە من ماوم یان مردووم".

چۆن رزگاربوون؟
ئەو کچە ئێزدیە دەڵێت: "دواتر ھێزەکانی پێشمەرگە ھاتنە لامان و ئەو سێ چەکدارەی داعشیش لەگەڵمان بوون، بە پێشمەرگەمان وت ئەوانە چەکداری داعشن و دەستگیرکران، دوو رۆژبوو لەگەڵ ئەو سێ چەکدارە بووین نەمانزانیبوو ئۆتۆمبێلەکەیان بۆمبڕێژکراوه‌، کاتێک پێشمەرگە سندوقی ئۆتۆمبێلەکەیان بەرزکرده‌وه‌ خۆیان دورخستەوە، كاتێك پرسیمان بۆچى واده‌كه‌ن پێیان وتین كه‌ ئۆتۆمبێلەکە بۆمبڕێژکراوە و مەترسی تەقینەوەی ھەیە".

دواتر ئیمان و كچه‌كانى تریش به‌ره‌و لاى پێشمه‌رگه‌كان هه‌ڵهاتن و له‌ 28ى ئابى 2017 پاش به‌سه‌ربردنى زیاتر له‌ سێ ساڵ رزگاربوو و گه‌ڕایه‌وه‌ ناو خێزانه‌كه‌ى له‌ ناحیه‌ى باعه‌درێ.

چاره‌نوسى ئه‌و به‌هه‌موو ئه‌و رۆژه‌ ره‌ش و رووداوانه‌ى به‌سه‌ریدا هاتن یه‌كلابوه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆى ده‌ڵێت: "براکەم و کچى مامم و سێ كه‌سى ترى خێزانه‌كه‌مان هێشتا لە دەستی داعشدا ماون".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure