حكومه‌تى هه‌رێم شه‌ش بڕیارى ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: 15/07/2019‌ :: 21546‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

له‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ى خۆیدا كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، کابینەی نوێی حكومه‌تى هه‌رێم شه‌ش بڕیارى نوێى ده‌ركرد كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ فه‌رمانبه‌ران و به‌غدا و چه‌ند پرسێكى تره‌وه‌ هه‌یه‌.


حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا به‌ ناردنى شاندێكى باڵاى هه‌رێم بۆ به‌غدا و رێكخستنه‌وه‌ى ده‌وامى سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم.

(ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ى ته‌مموزى 2019) یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ تیایدا شه‌ش بڕیار ده‌ركراون.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌ سبه‌ى شاندى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا بكات، هه‌روه‌ها ده‌وامى فه‌رمانبه‌ران رێكبخرێته‌وه‌ و رێگرى له‌ وه‌رگرتنى به‌رتیل له‌ فه‌رمانگه‌كان بكرێت. 

بڕیارەکانى یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران:

یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دەبێت پابەندبن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیە لەکاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێبهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەندبن بە پاراستنی نهێنی کاروباری فەرمانبەرێتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بەنهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرابکرێن.

چوارەم: هەموو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی یاسا و رێنماییەکانی دەستەی دەسپاکیی کوردستان، سەرجەم ماڵ و موڵکی خۆیان ئاشکرابکەن.

پێنجەم: دەبێت رۆتین لە دامودەزگانی حکومەتدا نەمێنێت و سەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی دامودەزگاکانی حکومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەر دواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرابێت و پێویستە رێز لە هاووڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکومەتدا.

شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزادەدرێن.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف
بڵاوكردنه‌وه‌: ه. ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure