سێ خێزانى هه‌رێمى كوردستان بێسه‌روشوێنن

هەواڵ / کوردستانی :: 15/07/2019‌ :: 2039‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

نوێنه‌رى فیدراسیۆنى په‌نابه‌ران له‌ توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت: سێ خێزانى كوردى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ 15 ئه‌ندام پێكهاتوون له‌نێوان توركیا و یۆنان بێسه‌رشوێنن، داواده‌كات هه‌ركه‌سێك زانیارى له‌باره‌ى ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌وه‌ هه‌یه‌،  ئاگاداریان بكاته‌وه‌.


رۆژ عەزیز، نوێنەری فیدراسیۆنی سه‌رانسه‌رى پەنابەرانى عێراق و هه‌رێم لە تورکیا (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند:  کۆمەڵێک پەنابەر لەتورکیاوە بەڕێکەوتوون بەرەو یۆنان، بەڵام کاتێک ئۆتۆمبێلى قاچاخچییەکان هاتوون نەفەرەکان هەڵبگرن، په‌نابه‌ران بە پەلە سەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتوون و هەرچی گەنج بوون خیزانیان پێنەبووە خۆیان دەربازکردووە، بەڵام به‌داخه‌وه‌ سێ خێزانی کورد نەیانتوانیوە سەربکەون، به‌هۆیه‌وه‌ له‌و دارستان و شوێنه‌ سه‌ختانه‌ به‌جێماون و تائێستا بێسه‌روشوێنن.

نوێنه‌رى فیدراسیۆنى په‌نابه‌ران، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئەم پەنابەرانە لە ناوچه‌ى (نۆکتە) بوون کە شوێنێکە لەناو خاکی یۆنان و له‌سه‌ر سنووری تورکیا - یۆنانە، له‌و شوێنانه‌ هەرکەس بگیرێت دیپۆرتی تورکیا ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و سێ خێزانه‌ دیپۆرت نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

فیدراسیۆنى په‌نابه‌ران داوا له‌ هاووڵاتیانى هه‌رێم ده‌كات له‌ بوونى هه‌ر زانیارییه‌ك له‌باره‌ى ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌وه‌، ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure