تا ئێستا جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتیان پێنەدراوە

هەواڵ / کوردستان :: 15/07/2019‌ :: 186‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز


بەپێی ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان، دەبێت سەرۆكی هەرێم كە نێچیرڤان بارزانییە، دوو جێگری هەبێت، بەڵام تائیستا هیچ كام لەم جێگرانە دەستبەكارنەبوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی تەمموزی 2019 سەفین دزەیی، وتەبێژی پێشووی حكومەتی هەرێم بۆ دواڕۆژ وتی: "جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتیان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دیاریدەكرێت و پێشبینی دەكرێت لەماوەیەكی نزیكدا دەستبەكاربن". 

وتیشی: "بەهۆی ئەوەی سەرۆكی هەرێم لەدەرەوەی وڵات بووە، پڕۆسەكە دواخراوە و پێشبینیكرد لەچەند ڕۆژی داهاتوو هەردوو جێگری سەرۆكی هەرێم دەستبەكاربن".

پێشتریش جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاندبوو: "پرسی دیاریكردنی دەسەڵات و پێدانی ناونیشان بە دوو نێچیرڤان بارزانی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دادەندرێت و پەیوەندی بەكاری یاسایی و پەرلەمانییەوە نییە".

بەپێی ڕێككەوتنی هەر سێ‌ لایەنی پاتی و یەكێتی و گۆڕان، سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەیە كە یەكێكیان مستەفای سیدقادر لەپشكی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەوەی تریشیان جەعفەر شێخ مستەفا لەپشكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان-ن، بەڵام تائێستا هیچ دەسەڵاتێكیان پێ نەسپێردراوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure