پارێزگاری سلێمانی وەڵامی پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەداتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 15/07/2019‌ :: 1331‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پارێزگاری سلێمانی وەڵامی قسەكانی غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق دەداتەوە سەبارەت بە بەهەدەردانی سووتەمەنی و دەڵێت: "یەك لیتر بەهەدەر نەدراوە و دەبێت سوپاس بكرێین، نەك سوكایەتی بەئیشەكانمان بكرێت".


هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی (ئەمڕۆ 15ی تەمموزی 2019) لەمیانەی بەشداریكردن لەسیمیناری پاراستنی سامانی ئاو لەشاری سلێمانی وەڵامی قسەكانی دوێنێی غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراقی دایەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر رایگەیاند: "هیچ بڕە نەوتێك بۆ ئاوارەكان نەهاتووە، ئێمە لەوەرزی زستاندا نەوتمان بۆ كڕیون، لەسەر بودجەی خۆمان نەوتمان بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكانی بناری قەندیل و دۆڵی شاورێ و باڵەكایەتی كڕیوە، بەنیسبەت گاز و بەنزینیشەوە بۆ ئاوارەكان نییە، بەڵكو بۆ ئەو فەرمانگانانەن كە خزمەت بەئاوارەكان دەكەن، لەسەر بودجەی خۆمان دەكڕدرێن و دەبێت بەپارەی نەختینە بیدەینەوە بە عێراق".

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد: "ئەو بڕە سوومەتەنییە زۆر كەمە كە دەدرێتە ئەو فەرمانگانە، بەشانازییەوە یەك لیترمان بەهەدەر نەداوە و ئاگامان لێیەتی، لەپێنج ساڵی رابوردوودا یەك لیتر نەوت لەسلێمانی دابەش نەكراوە، ئەوە ئێمەین كە نەوتمان دابەشكردووە، لەپارێزگای هەڵەبجە كە ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "نەوت دابەش نەكراوە، خەڵك سێ بەرمیلی وەرگرتووە، شوێنەكانی دیكەش دابەشكراون ".

هەڤاڵ ئەبوبەكر روونیكردەوە: "دەبێت سوپاس بكرێین، نەك سوكایەتی بەئیشەكانمان بكرێت، نەك لەشاری سنە كە بەشانازییەوە پاركی ناودارانی كوردم كردەوە، لەباشوری ئەفریقاش دارێكم پێ بسپێرن بۆ رواندن دەیڕوێنم، ئەوانە بەهای مرۆڤایەتین و پەیوەندی بەهەموومانەوە هەیە".

پارێزگاری سلێمانی وتیشی: "هەر بەڕێزێك ئامار و داتای وردی دەوێت دەیخەینە بەردەستی، بەمەرجێك ئەو داتایانە بۆ موزایەدەی سیاسی بەكار نەهێنرێت، بەڵام ئەگەر لەئێستاوە یەك لیتر سووتەمەنی سلێمانی كەمبكرێتەوە یان لەوەرزی دابەشكردنی سووتەمەنی لەنەوتی سپیدا لێمان ببڕن، ئەو پەرلەمانتارە لێی بەرپرسیارە".

بەوتەی هەڤاڵ ئەبوبەكر، قسەكانی غالب محەمەد وەك رای تایبەتی سەیر دەكەن، چونكە نە فراكسیۆنەكەی و نە فراكسیۆنە كوردییەكان و نە لیژنەی سووتەمەنی پەرلەمانی عێراق و نە حكومەتی عێراقی لەگەڵیدا نەبوون.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە