کوردانی باشوور جگەرە و چای وشك دەبەنە تورکیا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/07/2019‌ :: 444‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو

حکومەتی تورکیا ڕێگە نادات ئەو کەلوپەل و بەروبوومانەی خۆی بەرهەمیان دەهێنێت هاوردەی تورکیا بکرێتەوە، ئەمەش دەرفەتی بۆ بازرگان و فرۆشیاران و تەنانەت بەشێک لە گەشتیارانیش ڕەخساندووە کە جگەرە و چای وشك هاوردەی تورکیا بکەن و بەنرخێکی زۆر زیاتر لە نرخی کوردستان دەیفرۆشنەوە.


کوردانی باکور کڕیاری سەرەکی جگەرە و چای وشكی هاوردەکراو یاخود قاچاغن، زۆرترین فرۆشیاریش ئەو کاسبکارانەن کە لە شارەکانی کوردستانەوە فرۆشیاری جلوبەرگ یان کەلوپەلی ناوماڵن.

ئیسماعیل حاجی واحید، فرۆشیارێکی جلوبەرگە لە بازاڕی نیشتمان لە شاری هەولێر، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "جاری یەکەم کە چوومە تورکیا بە ڕێگەی وشکایی و بە پاس چووم بینیم شۆفێرەکان و زۆربەی دوکاندارەکان پاکەتیان پێبوو پرسیارم کرد وتیان قازانجی زۆرە و کرێكەی شەوانی هوتێل دابین دەکات".

ئیسماعیل حاجی واحید، کە ئەمجارە بە دوو جانتا 30 پارچە پاکەت جگەرەو 25 کیس چای وشكی پێبوو، باسی لە قازانجەکەی کرد و وتی: "هەر پارچە پاکەتێک بە 4 هەزار دینار دەکڕم و لە تورکیا بە 55 لیرە دەیفرۆشمەوە کە 11 هەزار دینار دەکات، واتا لە هەر پارچەیەك 7 هەزار دینار قازانجمە، چای وشك بە 3 تا 4500 دینار دەکڕم لەتورکیا  بە 60 لیرە دەیکڕن، کە دەکاتە 12 هەزار دینار."

لە تورکیا زۆرترین خواست لەسەر جگەرەی جۆری ئێم ئێم و چای وشكی دووغەزال-ە، ئەمەش وایکردووە بازرگان و فرۆشیاران زۆرتر ئەو جۆرانە هەناردە بکەن.

سامی جەلال، ناوی خوازراوی بازرگانێکی کەلوپەلی ناوماڵە کە جاری دوازدەهەمێتی تەنیا جگەرە لەگەڵ خۆی دەبات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "جاری یەکەم لە 10 پارچەوە دەستمپێکرد کە پارەی شەوێکی هۆتێلم پێ كۆكردەوە، بەڵام ئێستا بە دوو جانتا 30 پارچە دەبەم".

سامی جەلال، لەبارەی ڕێگریی و چۆنیەتی دەربازکردنی لە فڕۆکەخانە دەڵێت: "لە فڕۆکەخانە بەپێی یاسا تا 5 پارچە جگەرە قسە ناکەن، بەڵام خۆت و شانست جاری وایە دەمووچاوتیان بەدڵ بێت، 10 پارچەشت پێبێت، قسە ناکەن".

سامی جەلال ئەمجارە لەگەڵ خانەوادەکەی هەم زیارەت هەم تیجارەتی کردووە و دەڵێت: "چوار جانتامان پێبوو خۆم و خێزانم و چوار منداڵم هەر یەکەی 10 چارچەی تێدابوو، بەڵام پۆلیس پێی وتین تەنیا 5 پارچەبۆ داهاتوو دەبێت بهێنن".

جەمیل کایا، مارکێتێکی بچووکی هەیە لە ناوچەی ئەکسەرای شاری ئەستەنبوڵ بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لێرە فرۆشتنی جگەرەی قاچاغ قەدەغەیە، بەڵام زۆرترین خواستی لەسەرە بۆ ئێمە و قازانجیشی زیاترە لە جگەرە تورکییەکان".

جەمیل کایا، دەشڵێت: "ئێمە دەزانین کە جگەرەی تورکی لە باشوور هاوشێوەی ئەو جگەرە قاچاغانە نرخیان گرانە، بەڵام لێرە جگەرەی قاچاغ هەرزانتر دەوەستێت، بۆیە کڕیاری زۆرە، بەڵام بە نهێنی".

جەمیل کایا، دەشڵێت: "زیاتر لە بیست بازرگان و دوکاندار بوونەتە هاوڕێم و هەر جارێک دێن پێشتر گفتوگۆ دەکەین لەسەر هێنانی پاکەت و چا".

جەمیل کایا، باس لەو گەشتیارە کوردانەش دەکات کە فێر بوون و  جگەرە دەبەن بۆ تورکیا،دەڵێت:"جار جار گەشتیارانیش بەترسەوە دێنە لامان پاکەتیان پێیە کە هەرزانتریش دەیفرۆشنەوە، هەر پارچەیەك 10 بۆ 15 لیرە هەرزانتر لە مشتەرییەکانم هەرزانتر پێم دەفرۆشن".

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کلتور و گەشتیاری تورکیا لە دوو ساڵی رابوردوو عێراقییەکان پلەی یەکەمیان گرتووە لە ریزبەندی زۆرترین گەشتیاران لە تورکیا، ئەمەش وایکردووە رێستۆرانت و کافێکان خواستیان لەسەر چای هاوردەکراو یاخود قاچاغ زۆر بێت، چونکە عێراقییەکان خواستیان لەسەر چای تورکی نییە.

محەمەد کەمال ئۆغڵو، خاوەنی رێستۆرانتی کەمال ئۆغڵو لە ناوچەی کەپەتاش بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "زۆربەی ئەو گەشتیارانەی لێرە نان دەخۆن، عێراقین بەچای ئێمە رازی نین، بۆیە چای قاچاغ دەکڕین بۆ رازیکردنی دڵی گەشتیارانمان".

محەمەد، دەشڵێت: "زۆر لەگەشتیاران ئەوانەی چەند جارێک سەردانمان دەکەن و بوونەتە مشتەری، داوامان لێکردوون چامان بۆ بێنن و لێیان دەکڕینەوە".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

 بڵاوکردنەوە: .ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure