کتێبی مێژوویی تەتەڵە بڵاوکرایەوە

هەواڵ / که‌لتور :: 15/07/2019‌ :: 281‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

نووسەر و شارەزای مێژوویی، شاسوار هەرشەمیی، کتێبێکی نوێی بڵاوکردەوە کە ناوەڕۆکەکەی پێداچونەوە و راستکردنەوەی چەند هەڵەیەکە لەسەر مێژووی کورد.

 

کتێبەکەی شاسوار هەرشەمیی، ناوی( تەتەڵە)یە و لە شازدە بابەتی مێژوویی پێکهاتووە لەڕووی سەردەم و ناوەڕۆکەوە بۆ یەک سەردەم و بابەت ناگەڕێتەوە و لەیەک جیان، بەڵام هەموویان لە یەک شتدا یەکدەگرنەوە، بابەتەکان یان پێشتر بەهەڵە لەسەریان نووسراوە و وەک هەبووە و ڕوویداوە، لە مێژووماندا تۆمارنەکراون یان ئەو گرنگی و بایەخەیان پێنەدراوە کە لە مێژووی ئێمەدا هەیەتی،  بابەتەکانی ئەم کتێبە پەیوەندیان بە کوردستان و وڵاتانی دەوروبەری کوردستانەوە هەیە، گوتارەکان لەوبابەتانە دەدوێن کە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەپۆشێت.

 

نووسەر سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکەی رایگەیاندووە: ئامانجی ئێمە لە نووسین لەم کتێبەدا ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و تەتەڵەکردنیانە، ئەمەش پێویستی بە میتۆدی سەلماندن و بەڵگە هێنانەوەیە بۆ بواری سنووری توێژینەوەکان کە بە سنووری کوردستان و مێژووی پڕ جەنجاڵی ئەم وڵاتە دەورەدراوە، دەرخستنی ڕاستییەکان وەک تێشووی ڕێگە پێویستمان پێیان هەیە و پێویستیشمان پێیان دەبێت.

 

شاسوار هەرشەمیی لەساڵی 1952 لەشاری هەولێر لەدایکبووە، مامۆستای مێژووە لە وڵاتی سوید  و شارەزایە لە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ڕووسی، ئینگلیزی و  سویدی.

 

ئەو نووسەرە خاوەنی چەندین کتێبە لەوانەش: مێژووی ئارامییەکان لە کوردستان، ئاوڕێک لەزمانی سومێری، داستانی گلگامێش.

 

پ: ئەڤین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure