دەسەڵاتی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆتایی دێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/07/2019‌ :: 713‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال

بەپێی دەستووری بزوتنەوەی گۆڕان، رۆژی (25ی تەمموزی 2019) كۆتایی بە دەسەڵاتی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دێت، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیش دەڵێت: "جڤات بڕیار دەدات دەسەڵاتەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە یان كۆتایی پێ بێت".


دوو ساڵ لەمەوبەر لەناو بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ خانەی راپەڕاندن بەڕێوەچوو كە تیایدا حەوت كەس بوونە ئەندامی خانەكە، دووانیان بریتین لە سەرۆكی جڤاتی گشتی و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، یەكێك لەو حەوت ئەندامەش رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەیە كە (عومەری سەید عەلی)یە، راستەوخۆ سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ئەندامی جڤاتی نیشتمانیشن.

هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە دواڕۆژی وت: "رۆژی 25ی ئەم مانگە دەسەڵاتی یاسایی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆتایی دێت كە بەپێی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەكەمان هەڵبژاردنەكەیان بۆ دوو ساڵە".

وتیشی: "پێش 25ی تەمموز، جڤاتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەكی یەكلاییكردنەوەی دەسەڵاتی خانەی راپەڕاندن و هەڵبژاردنی ناوخۆیی و كۆنفرانسی نیشتمانی دەبێت".

شێخانی، ئاماژەی بەوەشدا: "لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا بڕیار دەدرێت دەسەڵاتی خانەی راپەڕاندن درێژبكرێتەوە تا كاتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی كە ئەوە ئەگەرێكی لاوازە، یاخود لەناو جڤاتی نیشتمانی بە هەڵبژاردن دەستەیەكی نوێ‌ بۆ خانەی راپەڕاندن دیاری بكرێت".

باسی لەوەشكرد: "عومەری سەید عەلی بۆی هەیە و مافی خۆیەتی خۆی بۆ خولێكی دیكە هەڵبژێرێتەوە".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "هەر هەڵسوڕاوێكی دیاری گۆڕان بۆی هەیە خۆی بۆ خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی هەڵبژێرێت".

سەبارەت بەوەی ئایا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بۆیان هەیە خۆیان بۆ رێكخەری گشتی كاندید بكەن، هێمن شێخانی وتی: "بەڵێ‌، كوڕەكانی كاك نەوشیروانیش وەك هەر هەڵسوڕاوێكی دیكە مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بۆ پۆستی رێكخەری گشتی كاندید بكەن، بەڵام پێموانییە ئەو نیەتەیان هەبێت".

لەبارەی ئەوەی ئایا قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود ئێستا كە لەدەرەوەی بزوتنەوەكەن، مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بۆ پۆستی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن بپاڵێون، شێخانی جەختی كردەوە: "ئەگەر حاشا لە گۆڕان بوونی خۆیان نەكەن بەدڵنیاییەوە ئەو مافەیان هەیە، بەڵام لەماوەی رابوردوودا كاك قادر بێلایەن بوونی خۆی راگەیاندووە".

لەماوەی دوو ساڵی رابوردوودا خانەی راپەڕاندنی گۆڕان چەندین بڕیاری لەناو بزوتنەوەكەدا داوە و زۆرجاریش رووبەڕووی رەخنەی توندی هەڵسوڕاوە دیارەكانیان بوونەتەوە، لە سەردەمی ئەوانیشدا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەنگەكانی بەڕێژەیەكی زۆر دابەزی.

بەهادین ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ دواڕۆژ وتی: "جڤاتی نیشتمانی بڕیار لە دەسەڵاتی خانەی راپەڕاندن دەدات و بۆ ئەو مەبەستە كۆدەبێتەوە، مەرجیش نیە كۆبوونەوەكە پێش 25ی تەمموز بێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە