قایمقامی كه‌ركوك: حكومه‌تی هه‌رێم رێگره‌ له‌ ناردنى كاره‌با بۆ شاره‌كه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 14/07/2019‌ :: 344‌ جار بینراوە
فه‌لاح یایچه‌لی

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

گرانیی نرخی ئه‌مپێری كاره‌باى موه‌لیده‌، ئیداره‌ و هاووڵاتیانی كه‌ركوك-ی نیگه‌ران كردووه‌. فه‌لاح یایچه‌لی، قایمقامی كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا بۆ یه‌كه‌مجار كۆمه‌ڵێك زانیاریی ورد له‌باره‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی كاره‌بای شاره‌كه‌ ئاشكراده‌كات و هۆكاره‌كه‌ی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ته‌كانی به‌غدا و هه‌رێم. ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ پاره‌ی موه‌لیده‌یان كه‌منه‌كردوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو وه‌ك قه‌رز لاى هاووڵاتیان هێشتویانه‌ته‌وه‌.


دواڕۆژ: ماوه‌یه‌كه‌ هاووڵاتیان نیگه‌رانن به‌هۆی گرانكردنی نرخی كاره‌بای موه‌لیده‌، بۆ وای لێهات؟
فه‌لاح یایچه‌لی:
له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كۆبووینه‌وه‌ و رێككه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ نرخه‌كه‌ی كه‌مبكه‌ینه‌وه‌ به ‌بڕی 2 هه‌زار دینار و له‌كاتێكی دیكه‌دا له‌ هاووڵاتیانی وه‌ربگرینه‌وه‌. كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ میكانیزمی كارپێكردنی موه‌لیده‌ له‌ كه‌ركوك پشت به‌ عه‌داد ده‌به‌ستێت بۆ ژماردنی كاتژمێره‌كانی كارپێكردنی موه‌لیده‌، به‌ڵام هاووڵاتییش مافی خۆیه‌تی نیگه‌ران بێت چونكه‌ 12 هه‌زار دینار بۆ ئه‌م رۆژگاره‌ قورسه‌.


دواڕۆژ: چۆن كاتژمێری پێدانی كاره‌با به‌گه‌ڕه‌كه‌كانی شار ده‌ژمێردرێت؟
فه‌لاح یایچه‌لی:
له‌ مانگی حوزه‌یراندا فه‌رمانمان كرد بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر موه‌لیده‌ كاربكات، له‌ هه‌ندێ گه‌ڕه‌ك له‌و مانگه‌دا 310 كاتژمێر موه‌لیده‌ كاریكردوه‌ كه‌ بۆ هه‌ر ئه‌مپێرێك 13 هه‌زار دینار ده‌كات، چونكه‌ ئێمه‌ بۆ هه‌ر كاتژمێرێك 40 دینارمان داناوه‌ وه‌كو پاره‌ی موه‌لیده‌ و هه‌ڵگرتنی خاشاك و زه‌ریبه‌ و زه‌وی و ژینگه‌.

دواڕۆژ: هۆی گرانیی نرخی موه‌لیده‌مان زانی، ئه‌ی هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتیمانیی چییه‌؟
فه‌لاح یایچه‌لی:
هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی كاره‌با بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه حكومه‌تی به‌غدا به‌شه‌ كاره‌بای راسته‌قینه‌، كه‌ شایسته‌ی كه‌ركوك بێت، ره‌وانه‌ ناكات. به‌غدا ته‌نها 500 مێگاوات ده‌نێرێت له‌و بڕه‌ كاره‌بایه‌ش به‌شێكی به‌سه‌ر موسڵ و تكریت-دا دابه‌شده‌كرێت و به‌شێكی ده‌چێت بۆ هێڵه‌كانی فریاكه‌وتن. هه‌روه‌ها نابێت له‌بیرمان بچێت‌ كه‌ كه‌ركوك گرێبه‌ستێكی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رێكی هه‌ولێر، به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ پێویسته‌ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ بڕی250 مێگاوات بداته‌ كه‌ركوك، به‌ڵام  وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ ماوه‌ی دووساڵه‌ پابه‌ند نابێت به‌ گرێبه‌سته‌كه‌یه‌وه‌، چه‌ند جار نووسراومان ئاراسته‌ی كردوه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێنه‌دانی كاره‌با، تێیدا روونمان كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ناكرێت پێدانی كاره‌با به‌ هاووڵاتیانی شاره‌كه‌ ببه‌ستنه‌وه‌ به ‌بابه‌تی سیاسیه‌وه‌، ئه‌ویش به ‌نووسراوی فه‌رمی وه‌ڵامی داوینه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هیچ لارییه‌كی نییه‌ ئه‌و بڕه‌ كاره‌بایه‌ بداته‌ كه‌ركوك به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگره‌.

دواڕۆژ: ده‌وترێت وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ بۆیه‌ كاره‌با ناداته‌ كه‌ركوك چونكه‌ قه‌رزێكی زۆر له‌سه‌ر ئیداره‌ هه‌یه‌؟
فه‌لاح یایچه‌لی:
نه‌خێر نووسراوی فه‌رمی ئاراسته‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك كردووه‌ تێدا ته‌نها هۆكار ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان ره‌زامه‌ند بن لاریی نییه‌ له ‌ناردنی بڕه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی، ئه‌گینا له‌به‌رامبه‌ر پێدانی ئه‌و كاره‌بایه‌ نه‌وت وه‌رده‌گرێت و كێشه‌ی نییه‌. هه‌روه‌ك پاره‌ی هه‌ڵگرتنی خۆَڵ و خاشاكی ماڵان و پێنه‌دانی سووته‌مه‌نی وه‌كو پاڵپشتی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وت-ه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ كاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رزربوونه‌وه‌ی نرخی ئه‌مپێری موه‌لیده‌.

دواڕۆژ: ئێستا به‌پێی بڕیاره‌كه‌تان بڕی دووهه‌زار له ‌پاره‌كه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌؟
فه‌لاح یایچه‌لی:
نه‌خێر تاقه‌ فلسێك له ‌كرێی موه‌لیده‌ كه‌منه‌كراوه‌ته‌وه ‌و وه‌كو خۆیه‌تی، راسته‌ ئێمه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی12هه‌زار بۆ ئه‌مپێرێك دانرابوو كه‌ممانكرده‌وه‌ بۆ10 هه‌زار دینار، به‌ڵام خاوه‌نی موه‌لیده‌كان وه‌كو قه‌رز له‌سه‌رمان حسابی ده‌كه‌ن، ناچارین له‌ مانگێكی دیكه‌دا وه‌ریبگرینه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ له ‌مانگی ئه‌یلول یاخود تشرینی یه‌كه‌مدا ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌ربگرینه‌وه‌ ئه‌مه‌ راستیی بابه‌ته‌كه‌یه‌.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر هه‌مان پاره‌ وه‌رده‌گیرێت بۆچی ماوه‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌تان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌؟
فه‌لاح یایچه‌لی:
گرێبه‌ستێك هه‌یه‌ له ‌نێوان ئیداره‌ی كه‌ركوك و موه‌لیده‌كاندا كه‌ كرێی ئه‌مپێر به‌ عه‌داد حه‌ساب بكرێت، ئه‌گه‌ر ماوه‌ی 24 كاتژمێر له‌م مانگه‌دا كاره‌با بدات ره‌نگه‌ نرخی ئه‌مپێرێك بگاته‌ 14 هه‌زار دینار، بۆیه‌ كه‌مانكرده‌وه‌ له‌ كاتژمێر 8ی به‌یانییه‌وه‌ تا 11ی پێشنیوه‌ڕۆ بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌م كرێكه‌ له‌سه‌ر هاووڵاتیان زیاد نه‌كات.

دواڕۆژ: هۆی نایه‌كسانی نرخی موه‌لیده‌ له ‌نێوان گه‌ڕه‌كه‌كاندا بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
فه‌لاح یایچه‌لی:
ئه‌وه‌ راسته‌ نایه‌كسانی هه‌یه‌ له ‌دابه‌شكردنی كاره‌با به‌سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كاندا، پێویسته‌ فه‌رمانگه‌ی كاره‌با به ‌شێوه‌یه‌كی عادل و یه‌كسان كاره‌با بداته‌ گه‌ڕه‌كه‌كان، دواتر سیستمی (خه‌سخه‌سه‌ی كاره‌با) هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ چونكه‌ كێشه‌ی بۆ دروستكردووین و هیچ سوودێكیشی نییه‌.

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure