گێچه‌ڵ به‌ خانه‌واده‌ى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی ده‌کرێت

هەواڵ / عێراق :: 14/07/2019‌ :: 435‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ خانه‌واده‌ى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى سه‌ركرده‌ى دیارى عێراق، به‌ سایتى "ناس"ى راگه‌یاندووه‌: له‌كاتى مامه‌ڵكردنى خانه‌نشینى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بیدا لایه‌نێكى حكومى گێچه‌ڵى به‌ خانه‌واده‌كه‌ى كردووه‌ و داواى شتى نامۆیان لێده‌كه‌ن.


ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ ناس ناوه‌كه‌ى ئاشكرانه‌كردووه‌، وتوویه‌تى: "له‌كاتى سه‌ردانیكردنى خانه‌واده‌كه‌ى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى بۆ فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌ت بۆ ده‌ركردنى خانه‌نشینى سیاسى بۆ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى، لایه‌نێكى دیاریكراو داواى پێشكەشكردنى به‌ڵگه‌ى كردووه‌، كه‌ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى له‌ناو ئۆپۆزسیۆنى سیاسى عێراقدا كارى كردبێت، ئه‌وه‌ داوایه‌كى نامۆیه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ به‌ربه‌ستى به‌ڕێكردنى مامه‌ڵه‌كه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتووشیه‌تى: "داواكه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ سه‌رى سوڕماندووین، چونكه‌ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى كۆچكردوو، چه‌ندین ساڵى پێش رووخانی رژێمی بەعس وه‌ك دیارترین و ناودارترین كه‌سایه‌تى سیاسى ئۆپۆزسیۆن كاریكردووه‌، به‌ناوى كه‌سیى خۆیه‌وه‌ چاودێرى چه‌ندین كۆنگره‌ى نێوده‌وڵه‌تى كردووه‌، هه‌ستیش ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و داواكارییە گێچه‌ڵه‌، له‌وانه‌یه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌وه‌ زیاتر تا پرسێكى كارگێڕى بێت، هه‌رچى به‌ڵگه‌شمان هه‌یه‌ پێشكه‌شمان كردووه‌".

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌: پرسى شایسته‌كانى خانه‌نشینى زۆر بێهیواى نه‌كردووین، به‌ڵكو بارودۆخى گۆڕه‌كه‌ى له‌ناو مه‌زارى كازمییه‌دا جێگه‌ى نیگه‌رانییه‌، كه‌ گۆڕه‌كه‌ى به‌بێ هیچ گه‌واهینامه‌یه‌ك ماوه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا هه‌موو گۆڕه‌كانى ترى گه‌واهینامه‌یان له‌سه‌ره‌.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure