جیهان بەکورتی: ژنە مامۆستایەک بەتۆمەتی سەرجێیکردن لەگەڵ قوتابییەکدا زیندانی دەکرێت

هەواڵ / جیهان :: 14/07/2019‌ :: 17622‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

سپوتنیک: مامۆستایەکی ئەمریکی بەتاوانی سەرجێیکردن لەگەڵ قوتابییەکدا 20 ساڵ زیندانی دەکرێت.
دادگای ئەمریکا سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ژنە مامۆستایەکدا بە ناوی (بریتانی زامۆرا) سەپاند، ئەوەش دوای ئەوەی دانی بەوەدانا کردەوەی سەرجێی لەگەڵ قوتابی خوار تەمەن 18 ساڵدا کردووە.

 

سپوتنیک: واشنتۆن سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت

بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان، لەبەرامبەر کڕینی سیستمی S400ی رووسی، بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە واشنتۆن چەند سزایەک بەسەر تورکیادا بسەپێنێت، تیمێکیش لە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ پاکێجی سزاکانیان ئامادەکردووە.

 

سپۆتنیک: رووسیا سیستمی S-400 بەوڵاتانی دیکەش دەفرۆشێت
لیۆنید سلۆتسكی، سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی (دوما)ی رووسی ئاشکرایدەکات تورکیا تەنیا وڵات نابێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیستمی بەرگری S-400 رووسی وەربگرێت و چەند وڵاتێکی تر داوای ئەو سیستمەیان کردووە.

 

فۆکس نیوز: ڤاتیکان روفاتی کەسێک دەدۆزێتەوە و گومان دەکرێت هی کچێک بێت کە 36 ساڵ پێش ئێستا ونبووە
ڤاتیکان رایدەگەیەنێت کە چەند ئێسک و پروسکێکیان لە نێو بینای زانکۆیەکدا دۆزیوەتەوە، کە گومان دەکەن روفاتی ئەو کچە ئیتاڵییە 15 ساڵانە بێت کە 36 ساڵ بەر لەئێستا بێسەروشوێن بووە.

 

فرانس 24: فرەنسا هێزی بۆشایی ئاسمان دروستدەکات
ئیمانوێل ماکۆرن سەرۆکی فرەنسا دوێنێ شەممە رەزامەندی نیشانداوە بە دروستکردنی هێزی بۆشایی ئاسمان وەکو بەشێک لە هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە.

 

فۆربیس: دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی دروستکردنی پۆدرەی منداڵان دەکەن
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەیەکیان لەگەڵ کۆمپانیای جۆنسن & جۆنسن کە بەرهەمهێنەری پۆدرەی منداڵانە دەستپێکردووە، ئەوەش بەهۆی ئەگەری مەترسییەکانی بەرهەمەکەیان لەسەر تەندروستی و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە بەهۆیەوە.

 

واشنتۆن پۆست: 18 سەگ خاوەنەکەیان دەخۆن
پۆلیسی شاری ڤینسی سەر بە ویلایەتی تێکساس ئاشکرای دەکات، ئەو پیاوە 57 ساڵەی کە بۆ ماوەیەک دیارنەمابوو، لەلایەن سەگەکانییەوە خوراوە.
ئاماژە بەوەشدەکەن کە نازانن ئایا ئەو پیاوە خۆی مردووە و دواتر سەگەکانی خواردوویانە، یان سەگەکان کوشتوویانە.

 

ئێقتساد نیوز: هه‌ڵوێستی نوێی كیم جۆن ئون به‌رامبه‌ر بێبه‌ڵێنییه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا
كیم جۆن ئون سه‌رۆكی كۆریای باكوور له‌ نوێترین هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر بێبه‌ڵێنییه‌كانی دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی سه‌ر وڵاتەکەی، داوای دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ پارێزراوی و سه‌قامگیری ئه‌منی و ئاسایش بۆ كۆریای باكوور ده‌كات.

ته‌سنیم: توركیا 107 سه‌رباز زیندانی ده‌كات
هه‌رچه‌ند سێ ساڵ به‌سه‌ر كوده‌تا بێئه‌نجامه‌كه‌ی توركیا له‌ ساڵی 2016 تێده‌په‌رێت، به‌ڵام تائێستاش ده‌ستگیركردنی ئەو سەربازانەی گومانیان لێدەکرێت پەیوەندیان بە فه‌تحوڵڵا گوله‌نەوە هەبێت درێژه‌ی هه‌یه‌.


ئاژانسى ئەنادۆڵ- بریتانیا بە مەرجێک کەشتییە نەوتییەکەى ئێران ئازاد دەکات
جێرمى هینت وەزیرى دەرەوەى بریتانیا لە تویتێکدا ئاشکرای دەکات، کە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەگەڵ محەمەد جەواد زەریفى وەزیرى دەرەوەى ئێران ئەنجامداوە و ناوبراوى ئاگادارکردووەتەوە کە ئاسانکارى دەکات بۆ ئازادکردنى کەشتییە نەوتییەکەى ئێران، بەمەرجێک حکومەتەکەى بریتانیا دڵنیابکاتەوە کە دواى ئازادکردنى ئاراستەکەى بەرەو سوریا نەبێت.

 
ئاژانسى ئەنادۆڵ- گرینبلات: لەگرێبەستى سەدەدا نەهاتووە کە هەردوو وڵات هەڵدەوەشێندرێتەوە
جیسۆن گرینبلات یاریدەدەرى سەرۆکى ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت ئاشکرایدەکات، کە لەگرێبەستى سەدەدا نەهاتووە کە هەردوو وڵات هەڵدەوەشێندرێنەوە، بەڵکو لە رووى سیاسییەوە هەوڵدەدرێت ئەو کێشانە چارەسەربکرێت کە پێشتر چارەسەرى بۆ نەکراوە، لەوانەش چارەسەرکردنى کێشەى غەزە و چۆنیەتى مامەلەکردن لەگەڵ گروپە چەکدارەکانى حەماس و جیهادى ئیسلامى کە بارەگاکانیان لە فەڵەستینە.


ئەهرام- بەهۆى بڕانى کارەباى نیویۆرک 40 هەزار کەس زیانى بەردەکەوێت
بەهۆى بڕانى کارەبا شارى منهاتن و دەوروبەرى زۆربەى خزمەتگوزارییەکانى ئەو شارە لەکارکەوتن وەک ئەسانسۆر و وێستگەکانی شەمەندەفەر و میترۆ و چەندین خزمەتگوزارى گرنگى دیکە، لەوبارەیەوە وتەبێژ بەناو کۆمپانیاکە کۆن ئەدیسۆن کە لێپرسراوە لەسەر دابینکردنى کارەباى ئەو شارە، لە تویتێکدا وتى:"ئێمە بەردەوامین لەچارەسەرکردنى کێشەکان و گۆڕینى ئەو محەویلانەى بەهۆى گەرماوە سوتاون و لەداهاتوودا زانیارى زیاتر لەوبارەیەوە دەدەین".

 

ئەلعەرەبى ئەلجەدید- ئەوروپا هۆشدارى دەدات کە سەرکێشییەکى مەترسیدار لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروستبووەو کوەیت-یش دەجوڵێت و پارێزگارى لە بەندەرەکانى دەکات
فیدریکا مۆگیرینى لێپرسراوى سیاسەتەکانى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا دوێنێ شەممە 13ى تەمموزى 2019 بەسەردانێک گەیشتە بەغدا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا  هۆشداریدا، کە بەهۆى ململانێیەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران ناوچەکە کەوتووەتە مەترسییەوە و بەهۆى سەرکێشییەکانیانەوە زیان بە وڵاتانى کەنداوى عەرەبى دەگەیەنێت.

لەوبارەیەوە کوەیت هەوڵدەدات بەپلانێکى نوێیەوە بەندەرەکانى لەو مەترسییانە بپارێزێت کە ئەگەرى مەترسی زیاتریان لەسەرە.


 
ئەلمەسەلە- زەریف: ئێران لەهەموو هەلومەرجەکاندا بەردەوام دەبێت لە هەناردەکردنى نەوتەکەى
محەمەد جەواد زەریف وەزیرى دەرەوەى ئێران لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ جرێمى هانت وەزیرى دەرەوەى بریتانیا، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەى لە هەموو هەلومەرجێکدا بەردەوام دەبێت لە هەناردەکردنى نەوتەکەى و ئەو سزا ئابووریانەى ئەمریکا سەپاندویەتییە سەر ئێران نایاسایین و وڵاتە ئەوروپییەکان-یش دژى ئەو سزایانەن.

 
ئاژانسى ئەلمەدار- خۆپیشاندانێکى ملیۆنى لە سودان رێکدەخرێت بەمەبەستى دادپەروەرى و سزادانى ئەو کەسانەى خۆپیشاندەرانیان کوشتبوو
گردبوونەوەى پیشەیی لە سودان دوێنێ شەممە 13ى تەمموزى 2019 ئاشکرایکرد کە بەبۆنەى تێپەڕبوونى 40 رۆژ بەسەر رووداوى کوشتنى ئەو خۆپیشاندەرانەى لەبەرامبەر بارەگاى فەرماندەیی سوپا کوژرابوون، خۆپیشاندانێکى ملیۆنى بەناوى (ئاپۆڕاى دادپەروەرى)ئەنجامدەدرێت بۆ سزادانى ئەو کەسانەى لە خۆپیشاندانەکانى مانگى رابوردوو تەقەیان کردووە و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانیان کوشتبوو.

 
مەرکەز ئەلرەوابت- کڕینى موشەکى S400 خاڵى گەڕانەوەى (خط رجعة) نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن دەبڕێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى تورکیا دواى ئەوەى موشەکى S400 لەروسیا کڕى و لەخاڵى گەڕانەوەی کڕینى ئەو موشەکە تێپەڕى کە واشنتۆن پێشتر هەڕەشەى لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارەى کردبوو و واچاوەڕوان دەکرێت کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک لە کڕینى ئەو موشەکە روسییە سزاى تورکیا بدات لەو کەلەرەقییەى دژى ئەمریکا نواندوویەتى.


 
گلگامش پرێس- ئەمریکا لە ئامادەباشیدایە بۆ پێشوازیکردنى گەردەلووێکى بەهێز
دانیشتوانى ویلایەتى لویزیانا-ى ئەمریکا چاوەڕوانى گەیشتنى گەردەلوولى (بارى) دەکەن کە واچاوەڕوان دەکرێت ئەمرۆ یەکشەممە 14ى تەمموزى 2019 بگاتە ئەو ناوچەیە و پێشبینى دەکرێت زۆر بەهێزبێت و بارانێکى بەخوڕیش بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ئەمەش لەکاتێکدا کە پێشتر کەشناسى ئاشکرایکردبوو کە بارانێک بەخوڕ و گەردەلوولێک بە خێرایی 120کم لەکاتژمێرێکدا رووى لە دورگەى مەکسیک کردبوو و بەوهۆیەوە رێژەى ئاوى دەریاکان بەرزببووە.

سکای نیوز- ژمارەى پەنابەرە خنکاوەکانى ناو کەشتییەى بەرامبەر تونس نقومبوو گەیشتە 82 کەس
مانگى سوورى تونسى ئاشکرایکرد، ئەو کەشتییەی هەفتەى رابوردوو لە لیبیاوە بەرێکەوتبوو تاکو پەنابەرە سەرنشینەکانى بگەیەنێتە ئەوروپا و بەهۆى کێشى زیادەوە لە رووداوێکدا بەرامبەر خاکى تونس نقوم بوو و بە هۆیەوە 82 پەنابەر خنکان و گیانیان لەدەستدا و توانرا تەرمەکانیان دەربهێنرێت و رادەستى کەسوکاریان بکرێتەوە.

 

و: ئازوو محەمەد، ئاکۆ زەنگەنە، ناکام رەحیم

پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە