چەند وێنەیەکی نەبینراوی ساتی سوتانی سێوان قادر بڵاوکرایەوە

هەواڵ / کوردستان :: 13/07/2019‌ :: 68837‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

 

(ئەمڕۆ 13ی تەمموزی 2019) پەرلەمانتارێکی کوردستان، چەند وێنەیەکی نەبینراوی ساتی سوتانی سێوان قادر-ی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد: کەیسەکە بەلاڕێدا براوە.

 

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەگەڵ چەند وێنەیەکی ساتی سوتانی سێوان قادر کە لە کامێرای چاودێرییەوە گیراون، رونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە.

 

دەقی روونکردنەوەکە:

 

تاوانی سوتانی سێوه‌ قادر و سێ منداڵه‌كه‌ی به‌لاڕێدا ده‌برێ! 

كه‌یسه‌كه‌ ته‌داخولی تێدایه‌ و تۆمه‌تبارێك ئازاد كراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش وه‌ك پێویست نه‌بوون! 


سۆران عومه‌ر

كه‌یسی سێوه‌ قارد كه‌ سوتانی دایكێك و سێ كۆرپه‌ی بوو، رووداوێكی ئاسایی نه‌بوو، سه‌ره‌تا پشتیوانی دۆسیەكه‌ زۆر بوو، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ڵێنی لێكۆڵینه‌وه‌ی وردیاندا، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌سێك كه‌ له‌دۆسیەكه‌دا كه‌ سكاڵای له‌سه‌ر بوو له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دا ئازاد كرا، به‌ڵگه‌ی تاوانیش پاش 3 هه‌فته‌ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌دا ده‌چێته‌ شوێنه‌ تاوانه‌كه‌ و له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هاوسه‌ری سێوه‌ نه‌یسوتاندون! له‌كاتێكدا دادگا داوای به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڵگه‌ و تاوانی سلێمانی ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاردانه‌ی پێش لێكۆڵینه‌وه‌ و دادگا! به‌ڵام ئاماده‌ نابێ بچێته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر، له‌هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی كه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا ئازاد ده‌كرێ! گومانی گه‌وره‌ی خستووەته‌ سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كانی دۆسیەكه‌، به‌پێی ئه‌وه‌ی زۆرترین فشار ده‌كرێ بۆ ئازاد كردنی ئه‌و تۆمه‌تباره‌ كه‌ ئافره‌تێكه‌ و سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ و به‌هۆكاری ئه‌م كاره‌ساته‌ تۆمه‌تباره‌! سێوه‌ قادریش پێش گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، هاوسه‌ری سێوه‌ش چه‌ند ڕۆژێك پێش ڕووداوه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌سێوه‌ ده‌كات.
ئه‌وه‌ی دادگا و لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌خاته‌ ژێر پرسیار و گومانی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌لێكۆڵنه‌وه‌دا تۆمه‌تبارێك كه‌ به‌هۆكاری كێشه‌كه‌ ناوزه‌د ده‌كرێ و سكاڵای له‌سه‌ره‌ و له‌ته‌واوی ڕووداوه‌كه‌دا ئاگاداره‌! سه‌ره‌ڕای ئازاد كردنی له‌ ته‌میزی بڕیاره‌كه‌دا دۆسیەكه‌ی داده‌خرێ! 
له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌و هه‌موو فشاره‌ و ته‌ده‌خوله‌یه‌ كه‌ كراوه‌ بۆ ئازادبوونی ئه‌و تۆمه‌تباره‌! هه‌ر بۆیه‌ش بڕیاری گواستنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌ درا له‌چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ بۆ سلێمانی.
به‌ڵگه‌كان به‌رده‌ستن له‌ تۆماری كامێرای چاودێری ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ نیشانی ده‌دات ئه‌م تاوانه‌ به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوه‌، بۆیه‌ كاتێك هاوسه‌ری سێوه‌ دێته‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ عه‌ره‌بانه‌ی منداڵه‌ ساواكه‌یان ده‌شكێنێ و ده‌یسوتێنێ، پاشان قورئانه‌كه‌ی ده‌سوتێنێ، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا چه‌ندینجار له‌كۆڵانه‌كه‌دا له‌ سێوه‌ ده‌دات، تاكو ئه‌وكاته‌ی ده‌به‌ نه‌وته‌كه‌ دێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌یكات به‌ شته‌كاندا تاكو به‌ته‌واوی بسوتێن په‌لاماری سێوه‌ ده‌داته‌وه‌ و ده‌به‌ نه‌وته‌كه‌ له‌سه‌ر سه‌ری ڕاده‌گرێ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی سوتاندن! دواتر له‌ئه‌ژنۆی ده‌دات و شه‌لی ده‌كات.
پاش ئه‌وه‌ ده‌ڕوات و ماوه‌یه‌كی پێ ده‌چێ به‌پاسكیلێك دێته‌وه‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ (گه‌وره‌ و بچوك قوفڵ) ده‌كات و ده‌ڕوا، دواتر سێوه‌ هه‌وڵی شكاندنی فوفڵه‌كه‌ ده‌دات به‌ كۆسەره‌ بیبڕێته‌وه‌، كاره‌بای ماڵه‌كه‌یان مۆلێده‌ ده‌بێ بۆیه‌ ده‌كوژێته‌وه‌ منداڵه‌كه‌ی ده‌نێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌رگاكه‌وه‌ تاكو جۆزه‌ی مۆلیده‌كه‌ هه‌ڵبداته‌وه‌.
دوای ئه‌مه‌ هاوسه‌ری سێوه‌ به‌پاسكیله‌كه‌ دێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا هاوسه‌ری سێوه‌ به‌رده‌وام مۆبایله‌كه‌ی پێیه‌ و زۆركات قسه‌ی پێده‌كات، تۆمه‌تباری ئازادكراو له‌نێو حه‌وشه‌ و ناو مه‌دخه‌لی ده‌رگاكه‌ی ماڵه‌وه‌یان ئاگاداری كێشه‌كانه‌.
ئه‌م هاوسه‌ره‌ی سێوه‌ ئاگر به‌ماڵه‌كه‌وه‌ ده‌نێ و دێته‌ ده‌ر ده‌ڕوات! نێوانی كڵپه‌ سه‌ندنی ماڵه‌كه‌ و ڕۆشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی 4 چركه‌ی به‌ینه‌! به‌ڵام ده‌ڕوات و پاش كه‌متر له‌ 2 خوله‌ك دێته‌وه‌! 
به‌ڵگه‌كان ئاشكرا و به‌رده‌ستن، به‌ڵام به‌ ئازادكردنی ئه‌و تۆمه‌تباره‌ چه‌ندین كه‌س ده‌یه‌وێ دۆسیەی خۆی ون بكات له‌و كه‌یسه‌دا! له‌ڕۆژانی داهاتوو له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له‌په‌رله‌مان و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان و داواكاری گشتی و ڕێكخراوه‌كانی ژنان و منداڵان و مافه‌كانی مرۆڤ فشاره‌كان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری ده‌گرینه‌ به‌ر له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ و هه‌وڵی به‌لاڕێدا بردنی!

ئا:ئەڤین

بڵاوکردنەوە:  چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure