پشووى هاوینه‌ى په‌رله‌مان ده‌ستپێده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 13/07/2019‌ :: 243‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

(رۆژى دووشه‌ممه‌ 15ی تەمموزی 2019) پشووى هاوینه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستپێده‌كات و ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: له‌ مانگى ئابدا په‌رله‌مان دانیشتنێكى نائاسایى له‌باره‌ى پرسى به‌ جینۆسایدناساندنى كه‌یسى ئێزدییه‌كان ئه‌نجامده‌دات.


له‌ (30ى حوزه‌یرانى 2019)دا په‌رله‌مانى كوردستان به‌مه‌به‌ستى متمانه‌دان به‌ كابینه‌ى نوێ پشووى هاوینه‌ى بۆ ماوه‌ى 15 رۆژ درێژكرده‌وه‌، به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆش 15ى ته‌مموز  پشووى هاوینه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ماوه‌ى دوو مانگ ده‌ستپێده‌كات، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانیش ئاگادارى ئه‌ندامانى كردووەته‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژانى 3 و 4ى ئاب ئاماده‌ى دانیشتنى نائاسایى په‌رله‌مانى كوردستان بن له‌باره‌ى پرسى به‌ جینۆساید ناساندنى ئێزدییه‌كان.

لوقمان وه‌رتێ، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان ماوه‌ی یاسادانانی خۆی بۆ ماوه‌ی 15 رۆژ درێژكرده‌وه‌، دووشه‌ممه‌ى داهاتوو پشووی هاوینه‌ى په‌رله‌مان ده‌ستپێده‌كات.

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو: "تا رێكه‌وتى 3ى ئابى 2019 كه‌ رۆژی داگیركردنی شه‌نگاله‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، په‌رله‌مان دوو كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی بۆ دۆسیه‌ی به‌ جینۆساید ناساندنی تاوانى دژ به‌ ئێزدییه‌كان ئه‌نجامده‌دات و هه‌وڵده‌درێت خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ پڕۆژه‌كه‌ بكرێت و په‌رله‌مان به‌ رەسمی تاوانه‌كه‌ به‌ جینۆساید بناسێنێت".

وتیشى: "له‌ مانگى ئه‌یلول پشووی په‌رله‌مان كۆتایی دێت دانیشتنه‌ ئاساییه‌كان ده‌ستپێده‌كەنه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكان بۆ دواى پشووى په‌رله‌مان".

هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ 30ى ئه‌یلولى رابوردوو به‌ڕێوه‌چوو و له‌ماوه‌ى پاش ده‌ستبه‌كاربونیشیدا جگه‌ له‌ رێوڕەسمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم و متمانه‌دان به‌ كابینه‌ى حكومه‌ت، ته‌نیا دوو پڕۆژه‌یاساى تایبه‌ت به‌ كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان په‌سه‌ندكراون.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure