هاوشانى ماسى و سه‌وزه‌کان له‌ بازاڕه‌كانى عێراقدا چه‌ك ده‌فرۆشرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/07/2019‌ :: 153‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان و مووشه‌ك و گوله‌ى هاوه‌ن، به‌شێكن له‌وانه‌ى له‌ بازاڕه‌كانى چه‌ك له‌ به‌غدا و پارێزگاكانى عێراق خراونه‌ته‌ڕوو و كێبڕكێ له‌گه‌ڵ بازاڕى ماسى و سه‌وزه‌ ده‌كه‌ن.


چه‌ك بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌كى مه‌ترسیدارى له‌ عێراق، به‌جۆرێك هاووڵاتیان ملیۆنان چه‌كى بێ مۆڵه‌تیان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش هۆكارى رووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كانى رۆژانه‌یه‌.

رۆژنامه‌ى (شه‌رق لئه‌وسه‌ت) له‌و باره‌یه‌وه‌ راپۆرتێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر زارى دكتۆر هاشم هاشمى، شاره‌زاى ئه‌منى ده‌ڵێت: كێشه‌كه‌ خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌ قه‌باره‌ى ئه‌و لێشاوى چه‌كه‌ى هه‌یه‌، كه‌ وه‌ك پێشتر نه‌ماوه‌ ته‌نها چه‌كى سوك و مامناوه‌ند بێت، به‌ڵكو ئێستا عه‌مبار و جبه‌خانه‌ى چه‌ك له‌ به‌غدا و پارێزگاكان هه‌ن به‌ قه‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌تى.

چه‌كه‌كان له‌ جۆرى جیاوازن، له‌ ده‌مانچه‌ى ئاساییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ ده‌رهێنانى مۆڵه‌تى هه‌ڵگرتنى ئاسانه‌، بۆ چه‌كى مامناوه‌ندى وه‌ك مووشه‌ك و هاوه‌ن، تا ده‌كاته‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان، جگه‌ له‌ جۆره‌ جیاوازه‌كانى (كڵاشینكۆف).

ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رسامییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى رۆژنامه‌كه‌ باسیده‌كات له‌كاتێكدا بازاڕى ره‌ش له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى جیاوازى عێراق بۆ كڕین و فرۆشتنى جۆره‌ جیاوازه‌كانى چه‌ك هه‌ن، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى تر بازاڕى ئاشكرا و كراوه‌ هه‌یه‌، به‌جۆرێك هیچ جیاوازییه‌كى له‌ بازاڕى شمه‌كه‌ ئاساییه‌كانى وه‌ك بازاڕى جلوبه‌رگ و كه‌لوپه‌لى ناوماڵ نییه‌، ئه‌وه‌ش له‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین بازاڕه‌كاندا، كه‌ بازاڕى (مریدى)یه‌ له‌ شارى سه‌در له‌ رۆژهه‌ڵاتى به‌غدا.

له‌وه‌ش سه‌رسوڕهێنه‌رتر چه‌ندین په‌یچ له‌سه‌ر (فه‌یسبوك) هه‌ن تایبه‌ت به‌ فرۆشتنى چه‌ك، هاوشێوه‌ى په‌یجه‌كانى تایبه‌ت به‌ فرۆشتنى ئۆتۆمبێل و خانوبه‌ره‌.

ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌، جارى یه‌كه‌م نیه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كانى عێراق له‌سه‌ر زارى سه‌رۆك یان گه‌وره‌ به‌رپرسانیه‌وه‌ چه‌ند باره‌ى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ چه‌ك به‌ ته‌نها له‌ده‌ست ده‌وڵه‌تدا بێت.

یه‌كه‌مجاریش نیه‌ كه‌ فه‌رمان و رێنوێنى توند ده‌رده‌كرێت ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تى كۆنتڕۆڵكردنى چه‌ك و مۆڵه‌تى هه‌ڵگرتنى و مه‌رجه‌كانى بوونى له‌لاى هاووڵاتیان.

هاشم هاشمى ده‌ڵێت: "جگه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنى بێشومارى چه‌ك، زۆرێك له‌و چه‌كانه‌ى بڵاوبونه‌ته‌وه‌ شاره‌وه‌ن و ناچنه‌ ژێر سایه‌ى پشكنینى ده‌زگا ئه‌منیه‌كان به‌هۆى شاراوه‌ییه‌كه‌ى و ئاسته‌مى پشكنین و به‌دواداچوونى له‌ ترسى روودانى پێكدادانى چه‌كدارى".

به‌پێى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیش كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ى پێوه‌رى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌رباره‌ى دیارده‌ى بڵاوبونه‌وه‌ى چه‌ك ئاماده‌یكردووه‌، عێراق پشكى شێرى هه‌یه‌ له‌ پێشێلكردنى پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌رباره‌ى ژماره‌ و جۆرى چه‌كى به‌رده‌ست و نرخه‌كانیان.

به‌پێى راپۆرته‌كه‌ له‌كاتێكدا ناوبه‌ناو گرفتى كه‌مى و نه‌بوونى هه‌ندێك له‌ جۆره‌كانى خواردن و خواردنه‌وه‌ به‌هۆى بارودۆخى ئابورییه‌وه‌ روو له‌ وڵات ده‌كات، به‌ڵام بازرگانیكردن به‌ چه‌ك ئه‌و هه‌ڵكشان و داكشانه‌ نایگرێته‌وه‌ و چه‌كه‌ (ئه‌ڵمانى و به‌ڕازیلى و ئه‌مریكى و ئێرانى و روسى و یۆگۆسلافى و روسى و ته‌نانه‌ت ئیسرائیلى)ییه‌كانیش له‌ بازاڕ نابڕێن.

دواین پرسى تایبه‌ت به‌ بازرگانى به‌ چه‌ك ئه‌وه‌بوو كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق بڵاوكرایه‌وه‌ ده‌رباره‌ى ده‌ستگیركردنى كه‌سێك كه‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانى هه‌ڵگرى كامێراى پێبووه‌ له‌گه‌ڵ كڵاو كه‌ هه‌ڵگرى كامێراى شاراوه‌ بووه‌ له‌ نه‌جه‌ف.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: تۆمه‌تبار (ع.ش.ع) ده‌ستگیركرا كه‌ فڕۆكه‌یه‌كى بێفڕۆكه‌وانى پێبووه‌ كه‌ هه‌ڵگرى دوو كامێراى كوالێتى به‌رزى 4K بووه‌ و له‌ به‌رزى 1000 مه‌تره‌وه‌ كارده‌كات" رونیشیكرده‌وه‌: "هه‌روه‌ك ده‌ستیشگیراوه‌ به‌سه‌ر چوار كڵاودا كه‌ هه‌ڵگرى كامێراى شاراوه‌ بووه‌".

له‌كاتێكیشدا ناوبه‌ناو پشكنین به‌ ئامانجى كۆنتڕۆڵكردنى بڵاوبونه‌وه‌ى لێشاوى چه‌ك ده‌كرێت، به‌ڵام زۆر جار ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ كه‌سانى باڵاده‌ست كه‌ خاوه‌ن باره‌گا و تواناى گه‌وره‌ن ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو بازرگانه‌ بچوكه‌كان و كه‌سانى ئاسایى ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ بازرگانه‌ گه‌وره‌كان یان چه‌كه‌كانیان له‌ شوێنى پارێزراو ده‌شارنه‌وه‌ تا كۆتایى هاتنى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌، یان به‌رتیل ده‌ده‌نه‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌و هێزانه‌ و ئه‌وانیش پشكنینێكى رووكه‌شانه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ند چه‌كێكى ئاسایدا ده‌گرن له‌ به‌رامبه‌ر شاردنه‌وه‌ى جبه‌خانه‌ و چه‌كه‌ گه‌وره‌كاندا.

ئا: شیروان شه‌ریف

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure