دواڕۆژ هۆكاری دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ی به‌شێك له‌ كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 12/07/2019‌ :: 807‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌رپرسێكی رێكخراوی شه‌هیدانی زیندوو، هۆكاری دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ی مانگی 3ی 2019ی به‌شێك له‌ كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر ئاشكراده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌شێك له‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ كێشه‌یان هه‌یه‌ بۆیه‌ مووچه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه‌". 


حاجی قودسی، ئه‌ندامی باڵای رێكخراوی شه‌هیدانی زیندوو به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ی تاوه‌كو ئێستا مووچه‌ی مانگی 3ی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتووه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ لیژنه‌یه‌كی باڵای پزیشكی پشكنینی بۆ ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ ئه‌نجامداوه‌ و به‌شێكیان له‌ پشكنینه‌كه‌ ده‌رنه‌چوون، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ رێژه‌ی كه‌مئه‌ندامییەكه‌یان كراوه‌ و له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌نجامه‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌ندرێت. 

وتیشی: "هیچ كه‌مئه‌ندامێك مووچه‌كه‌ی نابڕێت، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ رێژه‌ی كه‌مئه‌ندامییه‌كه‌ی كه‌متر بێت بۆیه‌ پێده‌چێت ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ی رێژه‌ی كه‌مئه‌ندامییه‌كه‌یان كه‌متره‌ مووچه‌كانیان كه‌م بكرێته‌وه‌ یان ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان گه‌یشتۆته‌ ئاستی خانه‌نشینی خانه‌نشین بکرێن".
  
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌وانه‌ی ناڕازین له‌ پشكنینه‌كه‌ ده‌توانن تێبینی خۆیان بنوسن و ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ی بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت. 

حاجی قودسی رونیشیكرده‌وه‌: كه‌مئه‌ندام هه‌یه‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌نگه‌ر بریندار بووبێت مووچه‌ی كه‌مئه‌ندامی بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌ و هه‌شیانه‌ له‌ سه‌ر كار كه‌مئه‌ندام بووه‌ به‌ڵام به‌ كه‌مئه‌ندامی سه‌نگه‌ر تۆماركراوه‌، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ زۆربه‌یان كێشه‌ی مووچه‌یان بۆ دروست بووه‌ و لیژنه‌ باڵاكه‌ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌وانه‌ ده‌دات. 

له‌ هەردوو یه‌كه‌ی 70 و 80، 11 هه‌زارو 500 كه‌مئه‌ندامی سه‌نگه‌ر مووچه‌ وه‌رده‌گرن. 

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure