شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ و توركیا له‌ خاكی هه‌رێم روویداو ئاگرێكی گه‌وره‌ش كه‌وتۆته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 12/07/2019‌ :: 424‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ ناوچه‌ی خواكوركی سنوری برادۆست شه‌ڕوپێکدادان له‌ نێوان گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و سه‌ربازانی سوپای توركیا روویداو ناوچه‌كه‌ش به‌ تۆپ و فڕۆكه‌ بۆردومانكراو بەهۆیەوە ئاگرێكی گه‌وره‌ كه‌وتۆته‌وه‌. 


دیار ده‌نیز، ئه‌ندامی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) باڵی سه‌ربازی په‌كه‌كه‌ به‌دواڕۆژی وت: "هیچ زانیارییه‌كمان له‌باره‌ی زیانه‌كانی شه‌ڕه‌كه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه‌ نییه‌. 

وتیشی: "توركیا ده‌یه‌وێت پێشڕه‌وی زیاتر بكات، به‌ڵام گه‌ریلاكان رووبه‌روویان وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و چالاكی جۆراوجۆریان به‌رامبه‌ر ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دوێنیش گه‌ریلاكان له‌ سنوری سیده‌كان چالاكییه‌كیان ئه‌نجامداو چوار سه‌ربازی سوپای توركیایان كوشت". 

هاوکات جه‌لال عوزێر، موختاری گوندی خه‌لیفان كه‌ گوندێكی سنوریه‌ به‌دواڕۆژی وت: "دره‌نگانی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ناوچه‌كه‌مان به‌سه‌ختی بۆردومانكراو بەهۆیەوە ئاگر له‌ پوش و پاوانی ناوچه‌كه‌ كه‌وتۆته‌وه‌ و  له‌ترسی بۆردومانیش كه‌س ناتوانێ بچێت ئاگره‌كه‌ بكوژێنێته‌وه‌ و هاووڵاتیانیش له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێدا ده‌ژین". 

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure