هاووڵاتیان له‌ كڕینى جۆرە ئاوێک ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 3706‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، راپۆرتی سامان قوبادى

له‌ به‌شێك له‌ ماركێته‌كانى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى ئاوى خواردنه‌وه‌ى ده‌به‌ له‌به‌ر تیشكى خۆر داده‌نرێت،  له‌ڕووى زانستییه‌وه‌ به‌هۆى لێدانى خۆر كارلێكى خراپ ده‌كات و زیانى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ بۆ ته‌ندروستى، هاوكات هه‌رزانى نرخى ئه‌و ئاوانه‌ گومانى لاى هاووڵاتیان دروست كردووه‌. قایمقامى سلێمانى و كوالێتى كوانترۆڵیش هۆشدارى ده‌ده‌ن له‌ مه‌ترسى كڕینى ئه‌و ئاوانه‌ بۆ سه‌ر تەندروستی هاووڵاتیان.


عبدولغەفار محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵى جۆرى سلێمانى به‌دواڕۆژى وت: "ئه‌گه‌ر ئاو بخرێته‌ به‌ر تیشكى خۆر مادده‌ى بۆزۆنى تێدا نامێنێت، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ئاو له‌كاتى گواستنه‌وه‌ و دانانیدا به‌ر تیشكى خۆر بكه‌وێت".

به‌ وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵى جۆرى سلێمانى "پێش ئه‌وەى ئاو بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌ له‌ كارگه‌كان مادده‌ی (بۆزۆن)ی تێده‌كرێت بۆ پاككردنه‌وه‌ى له‌ میكرۆب، كاتێك تیشكى خۆر لێى ده‌دات ئه‌و مادده‌یه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆى خراپبونى ئاوه‌كه‌ و ژه‌هراوى بوونى، بۆیه‌ زیانى گه‌وره‌ى ته‌ندروستى هه‌یه‌ بۆ مرۆڤ، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانى تر رێكار بگیرێته‌به‌ر و نوسراومان بۆ بكرێت، پاشان ئێمه‌ ده‌توانین پشكنین بكه‌ین".

له‌ به‌دواداچونێكى دواڕۆژ بۆ ماركێت و دوكانداره‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ندێك له‌و فرۆشگایانه‌ گوێ به‌ رێنماییه‌كان ناده‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى نرخى ئه‌و ئاوانه‌ به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌رزانه‌ كه‌ بووه‌ته‌ جێگه‌ى گومانى هاووڵاتى، به‌نموونه‌ نرخى یه‌ك بتڵى ئاوى گه‌وره‌ له‌ چه‌ند ماركێتێك به‌ 250 دینار دەفرۆشرێت، له‌كاتێكدا له‌ هه‌ندێك شوێنى تر به‌ 1000 دینار ده‌فرۆشرێت.

ئاوات محه‌مه‌د قایمقامى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند:  پێشتر هه‌موو كارگه‌كانى ئاومان له‌ سنورى سلێمانى ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌و ئاوانه‌ى ده‌یگوازنه‌وه‌ بۆ بازاڕ و ماركێته‌كان به‌ داپۆشراوى و ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێكارى یاسایى به‌رامبه‌ر هه‌ر كارگه‌یه‌ك ده‌گرینه‌به‌ر كه‌ به‌ده‌ر له‌ رێوشوێنه‌ زانستى و ته‌ندروستییه‌كان ئاو بگوازێته‌وه‌.

قایمقامى سلێمانى وتیشى: "هه‌موو خاوه‌ن ماركێته‌كان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌بێت ئاو له‌ شوێنێك دابنرێت دوور له‌ تیشكى خۆر بێت، هه‌ر ماركێتێك سه‌رپێچى بكات سزاى ده‌ده‌ین، هۆشداریش ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتیان خۆیان به‌دور بگرن له‌ كڕینى ئه‌و ئاوانه‌ى له‌به‌ر تیشكى خۆر دانراون یان ده‌به‌كه‌ى ئاوساوه‌، ئه‌گه‌ر دیارده‌یه‌كى له‌و شێوه‌یه‌ بینرا داوا ده‌كه‌ین لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌ت ئاگادار بكه‌نه‌وه‌".
 
ناوبراو له‌وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى كه‌ بتڵێك ئاوى گه‌وره‌ به‌ 250 دیناره‌ ئایا ئه‌مه‌ جێگه‌ى گومان نییه‌؟ وتى: "ئه‌مه‌ جێگه‌ى گومانه‌، لیژنه‌ى بۆ ده‌نێرین، داوا ده‌كه‌ین ناوى ئه‌و ماركێتانه‌مان پێ بوترێت كه‌ ئاو به‌و نرخه‌ هه‌رزانه‌ ده‌فرۆشێت".

 

پ: ن.ر 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە