پۆلیسی سلێمانی باندێكی مەترسیدار دەستگیر دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 12/07/2019‌ :: 820‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت "هێزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن‌ باندێكی‌ چوار كەسییان دەستگیركردووە كە هەڕەشەی‌ كوشتنیان لە هاوڵاتییەك كردبوو لەبەرامبەر پێدانی‌ بڕێك پارە".


نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت: "پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی لەلایەن هاوڵاتی‌ (ح، م، غ) لەسەر كەسێك كە لەڕێگەی‌ مۆبایلەوە هەڕەشەی‌ كوشتن ‌و تەقەلێكردنی‌ لێكردووە لە ماڵ ‌و دوكانەكەی‌، ئەگەر بڕی‌ 10 هەزار دۆلاری‌ پێنەدا، هێزەكانیان هەستاون بە كاری پێویست".

وتیشی: "دوای‌ وەرگرتنی‌ وتەی‌ سكاڵاكار و بڕیاری‌ دادوەر، مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن بەسەرپەرشتی‌ راستەوخۆی‌ بەرێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد و زانیاری‌ وردیان لەسەر تۆمەتبار كۆكردەوە".

نەقیب سەركەوت ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا "سەرئەنجام لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن‌ بە هاوكاری‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانی‌ سلێمانی توانرا خاوەنی‌ مۆبایلەكە بدۆزرێتەوە كە تۆمەتبارێكە بەناوی‌ (س، ح، س) لە ‌ سلێمانی‌ دەستگیركرا و لە دانپێدانانەكانیدا تۆمەتبار رایگەیاندووە كە سێ كەسی‌ دیكەی‌ لەگەڵدایە و هاوكارییان كردووە لە هەڕەشەكردن لە سكاڵاكار".

باسی لەوەشكرد "لەدوای دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن ‌و بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانی‌ سلێمانی‌ تۆمەتبار (ی، ع، ق) لەشاری‌ سلێمانی‌ دەستگیر بكرێت، پاشان هەردوو تۆمەتبار (ج، ع، ق) و (د، ن، أ) لە قەزای‌ پێنجوێن دەستگیر كران".

سەركەوت ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو "لەئێستادا هەر چوار تۆمەتبارەكە بە بڕیاری‌ دادوەر راگیراون ‌و لەلایەن بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێنەوە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوەیان بۆ رێكخراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".

پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure