دوو مەڵبەندی یەكێتی هەڵوێست لەبەرامبەر حیزبەكەیان وەردەگرن و داوای پۆستی حكومی دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 12/07/2019‌ :: 972‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
 
مەڵبەندی  چەمچەماڵ و  گەرمیانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دوو یاداشتی جیاوازدا ناڕەزایی لەبەرامبەر حزبەكەیان دەردەبڕن لە بەرامبەر ئەوەی لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هیچ پۆستێكیان پێنەدراوە و داوای چەند پۆستێكیش دەكەن، دەشڵێن: "لە ئەگەری پێنەدانی ئەو پۆستانە هەڵوێست وەردەگرن".

 
لە یاداشتنامەیەكدا مەڵبەندی چەمچەماڵی یەكێتی كە ئاڕاستەی (جێگرانی سكرتێری گشتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەنجومەنی ناوەند، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و مەكتەبی رێكخستن)ی حیزبەكەیان كردووە و ئاماژەیان بەوەداوە كە سنوری قەزاكەیان دانیشتووانی زیاتر لە 350 هەزار كەسە و زۆربەیان كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوانن لە پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرامۆشكراون.
 
لە یاداشتەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو "بەهۆی نەبوونی كادیری باڵای ناوچەكە لە پۆستە حزبی و حكومییەكاندا، تاوەكو بەدواداچوون بۆ كێشەكانی ناوچەكە بكات، سنوورەكە رووبەڕووی چەندین كێشەی خزمەتگوزاری بووەتەوە، بۆیە ئێمە وەك ئەنجومەنی مەڵبەندەكەمان و فەرماندەی لیواكانی سنوورەكە ناڕەزایی تووندی خۆمان دەردەبڕین، لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیشمان، هەڵوێستی توند وەردەگرین".
 
ئەو مەڵبەندەی یەكێتی داوای لە جێگرانی سكرتێری گشتی و سەركردایەتی حزبەكەیان ئەوەیە ئەم پۆستانەیان پێبدەن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم (یەك بریكاری وەزیر، دوو بەڕێوەبەری گشتی، دوو راوێژكار لە پەرلەمان و وەزارەتەكان و دوو بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی).
 
هەروەها لە یاداشتێكی دیكەدا مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی كە ئاڕاستەی (جێگرانی سكرتێری گشتی، مەكتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەنجومەنی ناوەند و قوباد تاڵەبانیان كردووە)، تێیدا هاتووە "ئێمە لە مەڵبەندی گەرمیان دەنگی ناڕەزایی خۆمانتان پێ رادەگەیەنین لە بەرامبەر پرس و راوێژ پێنەكردن و بێبەشكردنی یەكێتییەكانی گەرمیان لە پۆستە وەزارییەكان لە هەموو كابینەكانی پێشوو و ئەم كابینە نوێیەش".
 
دەشڵێن: "ئەو پەراوێزخستنە لەگەڵ رۆحی چارەسەری كێشەكانی ناو یەكێتی یەكناگرێتەوە"، هەروەها تاوەكو 14ی ئەم مانگەش چاوەڕێی وەڵامی پێویست و هەڵوێستن لە حیزبەكەیان وەك ئاماژەیان پێكردووە بەپێچەوانەوە هەڵوێستی دیكەیان دەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان".
 
مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی داواش دەكات رەچاوی مافەكانیان بكرێت لە پێكهاتەی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو پۆستەكاندا (بریكاری وەزیرەكان، راوێژكار، نوێنەرایەتی، باڵیۆز و بەڕێوەبەرەگشتییەكان)، هەروەها دەشڵێن: "پێویستە مەڵبەندی گەرمیان سەرپشك بكرێت لە دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرپەرشتیاری نوێی ئیدارەی گەرمیان و هەموو دەستێوەردانێك رەتدەكەنەوە".
 
پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە