ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بوونه‌ قوربانی و به‌رپرسی گه‌وره‌ی تێدایه‌

هەواڵ / عێراق :: 12/07/2019‌ :: 701‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵمه‌تێكی فراوانیان بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش له‌ زنجیره‌ چیاكانی حه‌مرین ئه‌نجامدا، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ دوو  چه‌كداری حه‌شد و به‌رپرسێكی گه‌وره‌ش برینداربوون.


غالب عه‌تییه‌ وته‌بێژی پۆلیسی دیاله‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "ئه‌مڕۆ هه‌ینی 12ی ته‌مموزی 2019 هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ پۆلیس و سوپا و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵمه‌تێكی فراوانیان بۆ سه‌ر پاشماوه‌كانی داعش له‌ زنجیره‌ چیاكانی حه‌مرین ئه‌نجامدا".

وتیشی: "به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ دوو چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی دوای برینداربوون له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاوان له‌ دیاله‌ عه‌مید عه‌لی سودانی برینداربووه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وامیی هه‌یه‌ و ئامانجیان له‌ناوبردنی چه‌كدارانی داعشه‌ كه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی دیاله‌ بوونیان هه‌یه‌ و ناوبه‌ناو په‌لاماری تیرۆریستی ئه‌نجامده‌ده‌ن.

پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure