به‌ستنی پێوه‌ری ئاو كێشه‌ی بۆ دروستده‌بێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/07/2019‌ :: 974‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار


به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆری پاره‌ی ئاو بۆ هاووڵاتیان له‌چه‌ند شوێنێكی هه‌رێم كێشە بۆ به‌ستنی پێوه‌ره‌كه‌ دروستده‌بێت، په‌رله‌مان لیژنە‌یه‌ك پێكدێنێت بۆ راگرتن یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێوه‌ره‌كه‌، به‌ڵام به‌رپرسێكی حكومی ده‌ڵێت: "به‌ستنی پێوه‌ره‌كه‌ راناگیرێت".

 

به‌هۆی گه‌ڕانه‌وەی پاره‌ی زۆر بۆ هاووڵاتیان، پارێزگاری دهۆك بڕیاریدا كاركردن به‌ پێوه‌ركه‌ بۆ كاتێكی نادیار رابگیرێت، هه‌روه‌ها قایمقامی كه‌لار بڕیاریدا بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌و تاوه‌كو كێشه‌ی هاووڵاتیان چاره‌سه‌رده‌كرێت، كاركردن به‌ پێوه‌ره‌كه‌ رابگرێت، هاوكات ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر به‌نیازه‌ ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، كاركردن به‌ پێوه‌ره‌ نوێییه‌كه‌ رابگیرێت.

 

ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌، پێنج كۆمپانیای كه‌رتی تایبه‌ت گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئه‌نجامداوه‌ بۆ به‌ستنی پێوه‌ری ئاوی میكانیكی، به‌ڵام له‌ماوه‌ی مانگی رابوردوودا ره‌خنه‌ی زۆر له‌ كۆمپانیایانەو وه‌زاره‌تی شاره‌وانی گیرا به‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆریان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

 

له‌ 250 هه‌زار تاوه‌كو پێنج ملیۆن دینار بۆ هاووڵاتیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌

به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاوی هه‌رێم به‌ دواڕۆژ دراوه‌، له‌كۆی 800 هه‌زار هاوبه‌شی ئاو كه‌ پێوه‌ری ئاویان به‌ستووه‌، هه‌زارو 374 هاووڵاتی بڕی سێ ملیۆن دینار، و دوو هه‌زار و 733 هاووڵاتی له‌ 500 هه‌زار تاوه‌كو یه‌ك ملیۆن دیناریان بۆ هاتۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها نۆ هه‌زار و 448 هاوبه‌شی ئاو له‌ 250 هه‌زار دینار تاوه‌كو 500 هه‌زار دیناریان بۆ هاتۆته‌وه‌.

 

به‌پێی ئاماره‌كان كە دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاویكردوونەتەوە‌، زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س سه‌رووی پێنج ملیۆن دینار پاره‌ی ئاوی مانگێكیان بۆ هاتۆته‌وه‌، سه‌دان كه‌سیش له‌ دوو ملیۆن زیاتر و ده‌یان هه‌زاریش سه‌رووی ملیۆنێك دیناریان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی هاووڵاتیانی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

 

سه‌ربه‌ست محه‌مه‌د، هاووڵاتی نیشته‌جێی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ماوه‌ی هه‌شت مانگه‌ پێوه‌ری ئاوی به‌ستووه‌، به‌ڵام بڕی 750 هه‌زار دیناری بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئامادەش ‌نییه‌ پاره‌كه‌ بدات.

 

جگه‌ له‌وه‌ی به‌شێك له‌ هاووڵاتیان ئاماده‌ نین ئه‌و پاره‌یه‌ بدەن، هاوكات به‌شێكی دیكه‌شیان ئاماده ‌نین پێوه‌ره‌كه‌ ببه‌ستن، مسته‌فا عه‌زیز هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی هه‌ولێره‌، ده‌ڵێت: "مه‌عقول نییه‌ له‌پێناو به‌ستنی پێوه‌رێكی ئاو بڕی 52 هه‌زار دینارمان لێ وه‌ربگیرێت و دواتریش مانگانه‌ 500 هه‌زار دینار به‌ ئاو بده‌ین".

 

بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی شورا بۆ پاره‌ی ئاو، ئیلزامی نییه‌

به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆری پاره‌ی هاوبه‌شانی ئاو، په‌رله‌مانی كوردستان لیژنە‌یه‌كی پێكهێناو سه‌ردانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی كراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌.

 

دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، ته‌واوی كێشه‌كانی پێوه‌ری ئاو له‌ دانانییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ خوێندنه‌وه‌ی پێوه‌ره‌كان خرایه‌ڕوو، كه‌ كۆمپانیاكانی (ئاراس، جنون، گرنگ، ختیب علمی و ئۆرانۆس) ئه‌نجامیانداوه‌و نكۆڵی له‌ هیچ یه‌كێك له‌و كه‌موكوڕی و زانیارییانه‌ نه‌كرا، كه‌ له‌ رابوردوودا هه‌م ئێمه‌و هه‌م هاووڵاتیانیش خستوویانه‌ته‌ڕوو.

 

وتیشی: "له‌ئێستادا هاووڵاتی ناچار ده‌كرێت به‌ به‌ستنی پێوه‌ری ئاو، ئه‌ویش به‌ بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی شورا، بۆیه‌ ئێمه‌ رای گشتی و هاووڵاتیان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌نجومه‌نی شورا ئه‌نجومه‌نێكی راوێژكارییه‌ و بڕیاره‌كانی ئیلزامی نین".

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: دۆسیه‌ی كۆمپانیاكانی  (ئاراس و جنون) كه‌ كاری دانانی پێوه‌ریان كردووه‌، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانی (ختیب علمی، گرنگ و ئۆرانۆس) كه‌ كاری خوێندنه‌وه‌ی پێوه‌ره‌كان ده‌كه‌ن ته‌نده‌ره، گرێبه‌سته، ئیش و كاره‌كانیان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی پڕۆژه‌كه‌ و به‌ڵگه‌ و زانیارییه‌كان، له‌به‌رده‌ستدان و ئه‌م كێشه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ تاك به‌ تاكی ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ چاودێری و به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌ وازناهێنین تا ئه‌و كاته‌ی پڕۆسه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیاندا ده‌شكێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ یان كۆی پڕۆسه‌ی پێوه‌ری ئاو راده‌گیرێت یان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

 

بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ پێوه‌ری ئاو

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێم ره‌تیده‌كاته‌وه‌، كاركردن به‌ پێوه‌ری ئاو رابگرێت و ده‌ڵێت: "كاركردن به‌پێوه‌ری ئاو ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌فیڕۆدانی ئاو كه‌مبێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاركردن به‌ پێوه‌ره‌كه‌ رانگیرێت".

 

مه‌سعود كاڕه‌ش، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێم به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌ستنی پێوه‌ری میكانیكی ئاو بۆ نه‌هێشتنی جیاوازی پاره‌ی ئاو كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ فیڕۆدانی ئاو بووه‌و بێگومان بۆ ده‌ستپێكردنی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كیش گرفت دێته‌پێشه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و هاوبه‌شانه‌ی كه‌ پاره‌ی زۆریان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌رده‌كرێت، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا هۆكاری هاتنه‌وه‌ی پاره‌ی زۆر له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هاوبه‌شانی ئاو بۆ به‌كارهێنانی ئاوی زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

له‌باره‌ی راگرتن یاخود هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری به‌ستنی پێوه‌ره‌كه‌، مسعود كاڕه‌ش وتی: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ستنی پێوه‌ره‌كه‌ راناگیرێت و هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ دانانی پێوه‌ری میكانیكی ئاو بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌".

 

له‌ هه‌رێمی كوردستان، رۆژانه‌ دوو ملیۆن مه‌تر دووجا ئاوی پاك بۆ هاووڵاتیان دابینده‌كرێت، به‌ڵام به‌شێك له‌ هاوڵاتیان ئاوی پاك به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوكردنەوە: ن.ر

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure