ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا له‌ هه‌ولێر و سلێمانى هاووڵاتیان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1479‌ جار بینراوە

تاگ :: پەنابەران

دواڕۆژ، سامان قوبادى

له‌ هه‌ولێر و سلێمانى ژماره‌یه‌ك كۆمپانیاى وه‌همى دروستكراون، به‌ڵێنى وه‌رگرتنى ڤیزه‌ و ئیقامه‌ى كار ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وروپا، له‌به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كى زۆردا، مه‌رجیشیان بۆ ئه‌وه‌ دانانى پاره‌یه‌كه‌ له‌و نوسینگه‌یه‌ى خۆیان مه‌به‌ستیانه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك هاووڵاتى هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون و پاره‌یان خوراوه‌، پارێزه‌رێكیش ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ى گەره‌نتى وه‌رگرتنى ئیقامه‌ى كار ده‌ده‌ن خه‌ڵك فریو ده‌ده‌ن".


له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا چه‌ند جۆرێك ئیقامه‌ ده‌درێت به‌ په‌نابه‌ران، له‌وانه‌:  ئیقامه‌ى كار،  زه‌واج، پڕۆژه‌، قورسترینیان وه‌رگرتنى ئیقامه‌ى كاره‌ له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌.

شوان ئه‌حمه‌د گه‌نجێكى دانیشتووى سلێمانییه‌، زیاتر له‌ مانگێكه‌ له‌ هه‌ولێر له‌ڕێگه‌ى یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكانه‌وه‌ داواکاری پێشكه‌شى كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنى ئیقامه‌ له‌ وڵاتى سوید، ئەو بەدواڕۆژی وت: " كۆمپانیاكه‌ داواى بڕى 23 هەزار دۆلاریان ده‌كرد بۆ وه‌رگرتنى ئیقامه‌، سه‌ره‌تاش داوایان كرد بڕى 10 هەزار دۆلار دابنرێت تا ئیقامه‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت، پاره‌كه‌شم له‌و نوسینگه‌یه‌ دانا كه‌ خۆیان داوایان كرد، به‌ڵام زیاتر له‌ یه‌ك مانگه‌ هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌داومه‌ته‌وه‌، داواى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌م كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ نوسینگه‌كه‌ دامنابوو پێیان وتم ناتوانن بیده‌نه‌وه‌".

شوان وتیشى: "ته‌نیا من نیم پاره‌م خورابێت، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكى تر ده‌ناسم له‌ هه‌ولێر و سلێمانى هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون و پاره‌یان خوراوه‌".

یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكانى سلێمانى له‌ڕێگه‌ى په‌یجێكى نافه‌رمییه‌وه‌ ریكلام بۆ وه‌رگرتنى ئیقامه‌ى كار ده‌كات له‌ وڵاتى سوید، باس له‌وه‌ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر پێدانى 45 هەزار دۆلار  ده‌توانن ئیقامه‌ی كار بۆ یه‌ك كه‌س وه‌ربگرن، به‌ وته‌ى خۆیان كاره‌كه‌ گەره‌نتى هه‌یه‌، ده‌شبێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌ له‌ یه‌كێك له‌ نوسینگه‌كانى ئاڵوگۆڕى دراو دابنرێت.

كۆمپانیاش هه‌یه‌ ریكلام بۆ ده‌ركردنى پاسپۆرتى "سێنت كیتس" ده‌كات كه‌ ده‌توانرێت به‌بێ ڤیزا گه‌شت بۆ 137 وڵات بكه‌یت له‌وانه‌ش وڵاته‌كانى شنگن و بریتانیای تێدایە، باس له‌وه‌ش كراوه‌ "ژیانى داهاتووى خۆت و خانه‌واده‌كه‌ت بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ مسۆگه‌ر بكه‌" نرخى پاسپۆرته‌كه‌ش له‌ 100 هه‌زار دۆلارەوە ده‌ست پێده‌كات.

ئارێل سه‌عدوون، پارێزه‌ر له‌ وڵاتى سوید به‌رده‌وام له‌ڕێگه‌ى سۆشیال میدیاوه‌ هۆشدارى ده‌دات له‌وه‌ى رۆژانه‌ چه‌ندین دۆسیه‌ى دێته‌لا كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر خه‌ڵك هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون به‌بیانوى پێدانى ئیقامه‌، ناوبراو له‌باره‌ى یاساكانى وڵاتى سوید بۆ وه‌رگرتنى ئیقامه‌ ده‌ڵێت: "هه‌ر كه‌سێك داواكارى بۆ وه‌رگرتنى مانه‌وه‌ (ئیقامه‌) پێشكه‌ش بکات، ده‌بێت  چوار مانگ كارى سپى له‌ سوید كردبێت، به‌ڵام خه‌ڵك هه‌بووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى كارى سپى بكات یه‌كسه‌ر پێشكه‌شى كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنى ئیقامه‌ى كار دواتر ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا ئێستا ئه‌و كه‌سه‌ له‌ سوید ده‌ژیا".

ئه‌و پارێزه‌ره‌ كه‌ به‌شێوه‌ى خۆبه‌خش به‌رده‌وام هاوكارى كوردانى سوید ده‌كات دەشڵێت: "ئه‌وه‌ى  شاره‌زایى نه‌بوو پێویسته‌ قسه‌ بكات و پرسیار بكات، به‌داخه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك توشى كێشه‌ى گه‌وره‌ بوون، كه‌ پرسیاریان له‌ هاوڕێ و كه‌س و كاریان كردووه‌، هه‌ر له‌خۆیانه‌وه‌ زانیارى نادروستیان پێ ده‌ده‌ن، پێویسته‌ پرسیار له‌ كه‌سى یاسایى بكرێت".

له‌باره‌ى ئیقامه‌ى پڕۆژه‌وە، ناوبراو ده‌ڵێت: "ئیقامه‌ى پڕۆژه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك نابێت، ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێت بیكات پێویسته‌ زۆر ئاگادار بێت چه‌ند مه‌رجێكى تێدا بێت، یه‌كه‌م زمانى ئینگلیزى یان سویدى بزانێت، ئه‌گه‌ر نا به‌ چ زمانێك دێیت پڕۆژه‌ داده‌نێت و مامەڵە دەکەیت؟ یان په‌یوه‌ندیت ده‌بێت له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌ت، دووه‌م پێش ئه‌وه‌ى بێیته‌ وڵاتى سوید پێویسته‌ پڕۆژه‌كه‌ت دانابێت و پاره‌یه‌كى باشت تێدا خه‌رج كردبێت، واته‌ به‌ر له‌وه‌ى بزانیت ره‌فز وه‌رده‌گرى یان نا پاره‌یه‌كى زۆرت خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ره‌تكرایه‌وه‌ چى ده‌كه‌یت؟ چونكه‌ ده‌بێت وه‌كاله‌ت بۆ كه‌سێك بكه‌یته‌وه‌، ئایا ئه‌گه‌ر رفزت وه‌رگرت هه‌موو شته‌كان له‌ده‌ستى ئه‌ودا بوو هیچ كێشه‌یه‌كت نییه‌؟ ئه‌ى ئایا ئه‌و كه‌سه‌ى پڕۆژه‌كه‌ت پێ ده‌فرۆشێت  ئه‌گه‌ر قه‌رزى له‌سه‌ر بوو چى ده‌كه‌یت؟  جگه‌ له‌وه‌ ده‌بێت پاره‌یه‌کى خه‌وتووى زۆرت هه‌بێت، كه‌ له‌نێوان 200 بۆ 500 هه‌زار دۆلارە بۆ ئه‌وه‌ى تا دوو ساڵ پێویستت به‌ هیچ هاوكارییه‌كى حكومى نه‌بێت، له‌ 99% ئه‌وانه‌ى داوای ئیقامه‌ى پڕۆژه‌ ده‌كه‌ن ره‌تده‌كرێنه‌وه‌، بۆیه‌ هیچ گره‌نتییه‌كى تێدا نییه‌".

پارێزه‌ر ئارێل سه‌عدوون باسى له‌وه‌شكرد:  ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ كوردستان  له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان پێدراوه‌ به‌ پاره‌ ئیقامه‌ى كاریان له‌ وڵاتى سوید بۆ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ قۆڵبڕ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رن، جگه‌ له‌وه‌ زۆر نایاساییه‌ پاره‌ بده‌یت به‌ كه‌سێك بۆ ئه‌وه‌ى ئیقامه‌ت بۆ بكات، ئه‌گه‌ر كارێكى وا بكه‌یت هیچ شتێك شمولت ناكات كه‌  كه‌سه‌ قۆڵت ببڕێت، واتا حكومه‌ت هیچت بۆ ناكات،  ئه‌وانه‌شى له‌ سوید كۆمپانیایان هه‌یه‌ و به‌ خه‌ڵك ده‌ڵێن به‌ 30 هەزار دۆلار ئیقامه‌ت بۆ وه‌رده‌گرین، باندێكى مافیان و قۆڵى خه‌ڵكى كوردستان ده‌بڕن، 100 كرۆن كه‌متر باجیان بۆ ده‌ده‌ن و دواتر ده‌یان نێرنه‌وه‌ بۆ كوردستان".

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: خه‌ڵك هه‌یه‌ 50 هەزار دۆلارى داوه‌ بۆ ئیقامه‌ى دوو ساڵ، وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ بیده‌یت به‌ تكتێكى فڕۆكه‌ كاتێك دێیته‌ سوید خاوه‌نى ئیشه‌كه‌ ده‌ڵێت، ده‌بێت خۆت باج بده‌یت، كاتێك مانگانه‌ پێی ده‌ده‌ین، ئه‌و نایدات به‌ حكومه‌ت و ده‌یخوات، دواى دوو ساڵ پێشكه‌شى تازه‌ كردنه‌وه‌ى ئیقامه‌ى ده‌كه‌یت، فه‌رمانگه‌ى باج ده‌ڵێت كوا باجه‌كه‌؟ ئه‌وكات چى ده‌كه‌یت، بۆیه‌ داواكارم پاره‌ نه‌ده‌ن به‌ خه‌ڵك بۆ ئیقامه‌ى كار و پڕۆژه‌، رۆژانه‌ وه‌كو پارێزه‌رێكى كورد له‌ سوید ده‌یان كه‌یسى له‌م شێوه‌یه‌ دێته‌ لامان.

به‌شێك له‌و كۆمپانیایانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزاره‌وه‌ مۆڵه‌تیان پێ ده‌درێت، به‌ڵام ته‌نیا كارى هێنان و بردنى گه‌شتیار ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌شێكیان كاریان ته‌نیا قۆڵبڕینه‌.

نادر رۆستى وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتورگوزراى هه‌رێم بەدواڕۆژى وت: "ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى به‌ناوى گه‌شتوگوزاره‌وه‌ كارده‌كه‌ن و به‌ڵێنى دابین كردنى ڤیزه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بچێته‌ ئه‌وروپا یان به‌ڵێنى ئیقامه‌ ده‌ده‌ن، له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى پاره‌یه‌كى زۆر و دواتر هیچیان بۆ ناكرێت، ئه‌مه‌ سه‌رپێچى یاساییه‌ و كۆمپانیاى گه‌شتیارى نین".

وتیشى: "پێویسته‌ هاووڵاتیان ساویلكه‌ نه‌بن و بڕوا به‌ هه‌موو كۆمپانیایه‌ك نه‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ى پاره‌یان خوراوه‌ پێویسته‌ سكاڵا تۆمار بكه‌ن".

پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure