یەكێتی داوای پۆستێک لە گۆڕان دەكاتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/07/2019‌ :: 2124‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

دوای هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، یەكێتی دەیەوێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەبزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێتەوە، بەڵام تائێستا ئەو بابەتەیان بەفەرمی باسنەكردووە.


دوای كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەكۆتایی ساڵی رابوردوو، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی كوردستان، ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بۆ ساڵێكی دیكە درێژكردەوە، ئەوەش پرسی ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانی لەنێوان یەكێتی و گۆڕان گەرمتر كرد.

پۆستی پارێزگاری سلێمانی چیرۆكێكی درێژی هەیە، سەرەتاكەی بۆ رۆژی 30ی نیسانی 2014 و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەگەڕێتەوە، کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان بە 12 كورسی بووە براوەی یەكەم و  یەكێتیش بە 11 كورسی بووە براوەی دووەم، هەرچەندە دەبوو گۆڕان پۆستی پاریزگار بۆ ماوەی چوار ساڵ بەڕێوە ببات و یەكێتیش سەرۆكی ئەنجومەنی بەدەستەوە بێت، بەڵام بەهۆی پێگەی سیاسی یەكێتییەوە دواجار رێككەوتن هەرلایەکیان دوو ساڵ ئەو پۆستانە وەربگرن.

رۆژی 9ی كانوونی یەكەمی 2014 هەردوولا گەیشتنە رێككەوتن لەسەر ئەوەی: حكومەتی خۆجێی سلێمانی، حكومەتێكی بنكە فراوانە لەگشت لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی 2014/4/30 پێكدەهێنرێت، كەهەموو لایەنەكان بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن بەشدار و هاوبەشن لەبەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانی.

لە رێککەوتنەکەدا ئەوەش هاتبوو: پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی و جێگرەكانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و جێگرەكەی، بڕیاردەری ئەنجومەن، قایمقامیەتی ناوەند، پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە و جێگرەكانی، سەرۆكی ئەنجومەنی هەڵەبجە و جێگرەكەی، بڕیاردەری ئەنجومەنی هەڵەبجە و قایمقامی هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئیدارەی راپەرین و جێگرەكان بەپێی هاوپێچی یەكەم دابەش دەكرێت، بۆ هەر یەك لە گۆڕان و یەكێتی بۆماوەی دوو ساڵ پاشان جێگۆڕكێیان پێ‌ دەكرێت.

هەر بەپێی رێككەوتنەكە: كاندیدی یەكێتی بۆ دوو ساڵی یەكەمی پۆستی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە د.ئاسۆ فەرەیدون عەلی ئەمین كە لە بەرواری (2014/12/11) دەستبەكار دەبێت تا بەرواری (2016/8/9)، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دوو ساڵی دووەم پۆستی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە د.هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لە بەرواری (2016/8/10) دەستبەكار دەبێت تا بەرواری (2018/4/30).

هەرچەندە دەبوو دوای رادەستكردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن یەكێتییەوە بۆ گۆڕان لەمانگی ئابی 2016 راستەوخۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر، كاندیدی گۆڕان دەستبەكاربوایە، بەڵام لەو كاتەدا مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو كە ماوەكەی لەلایەن ئەنجومەنی شوراوە بۆ درێژكرابووەوە و ئەو كاتەش گۆڕان دانی بەسەرۆكایەتی بارزانیدا نەدەنا، پۆستی پارێزگاریش دەبوایە لەلایەن بارزانییەوە مەرسومی بۆ دەربكرایە، هەڤاڵ ئەبوبەكریش ئامادەنەبوو بەواژۆی بارزانی ئەو پۆستە وەربگرێت.

لەو كاتەدا تا ماوەیەكی دیاریكراو سەردار قادر جێگری پێشووی پارێزگاری سلێمانی لەپشكی گۆڕان بەوەكالەت پۆستەكەی وەرگرت و دوای نزیكەی شەش مانگ دەستی لەكاركێشایەوە، پاشان عومەر قەڵادزێی، جێگری دووەمی پارێزگاری سلێمانی لەپشكی یەكێتی بەوەکالەت پۆستەکەی وەرگرت.

دواجار كە مەسعود بارزانی لەكۆتایی مانگی 10ی ساڵی 2017 وازی لەسەرۆكایەتی هێنا و دەسەڵاتەكانی درایە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێم، مەرسومی بۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك پارێزگاری سلێمانی دەركرد و لەكۆتایی 2017ەوە ناوبراو پارێزگاری سلێمانییە.  

پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەش لەبەرئەوەی ئەنجومەنی نییە، لەناوەڕاستی 2015 عەبدوڵا نەورۆڵی لەپشكی گۆڕان بووە یەكەم پارێزگار، دواتر پۆستەكە رادەستی یەكێتی كرا و عەلی عوسمانی جێگری لەپشكی یەكێتی پۆستەكەی بەوەكالەت وەرگرت، كۆتایی ساڵی رابوردووش ئازاد تۆفیق، هەر لەپشكی یەكێتی پۆستەكەی بەفەرمی وەرگرت و تائێستا پارێزگارە. 

لەبارەی ئەگەری وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لە گۆڕان، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: رێككەوتنێك لەنێوان ئێمە و گۆڕان هەیە بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی، خولی یەكەم بۆ ئێمە و خولی دووەم بۆ گۆڕان بێت و قسەش هەیە ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژ دەكرێتەوە، ئەگەر وا بێت مافی ئەوەمان هەیە داوای پۆستەكە بكەینەوە، بۆیە دەتوانین لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبینەوە و باسی بكەین.

ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەكرد: ئەو مەسەلەیە لای ئێمە تاوتوێكراوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدراوە، بەڵام پێموایە پێویستمان بەوە بێت پۆستەكە بۆ خۆمان بگەڕێتەوە.

هەروەها سەباح فەتاح، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: تائێستا رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان هەیە بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی، راستە ماوەی رێككەوتنە كۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا بەفەرمی یەكێتی داوای ئەو پۆستەی نەكردووەتەوە و لەگەڵ گۆڕان دانیشتنمان نەكردووە.

وتیشی: "ئاساییە یەكێتی داوای پۆستەكە بكاتەوە، چونكە رێككەوتن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بووە، ساڵێك و هەشت مانگ بۆ یەكێتی، ساڵێك و هەشت مانگ بۆ گۆڕان، ئێستاش كە ئەو ماوەیە تەواو بووە، دەكرێت یەكێتی و گۆڕان قسەی لەسەر بكەنەوە".

سێشەممەی رابوردوو پەرلەمانی كوردستان یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، روپاك ئەحمەد، پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ دواڕۆژی رونکردەوە: بەپێی هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان، دەكرێت پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجومەنیش هەڵبژێردرێت، بۆیە یەكێتی دەتوانێت لەدەرەوەی ئەنجومەنیش كاندیدی پارێزگای سلێمانی دیاریبكات.

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، لەحاڵەتی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لەلایەن یەكێتییەوە و لەبەرئەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانیش هەمواركراوەتەوە و لە بڕگەیەكدا دەڵێت: "ئاساییە پارێزگار ئەندامی ئەنجومەنیش نەبێت"، یەكێتی د.عیزەت سابیر، پەرلەمانتاری پێشووی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات.

لەو بارەیەوە سەباح فەتاح وتی: "بابەتەكە بەفەرمی باسنەكراوە، هەر كاتێك یەكێتی و گۆڕان بەفەرمی باسیان كرد، ئەو كاتە باسی كاندیدەكەش دەكەن".

بەڵام رێبوار ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: تائێستا هیچ باس و خواسێك سەبارەت بەپۆستی پارێزگاری سلێمانی نەكراوە، هەر كاتێك یەكێتی داوایانكرد، ئێمەش قسەی دیكەمان دەبێت، پارێزگار ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی پێدەدات و دایدەنێت.

سەبارەت بەوەی ئەگەر یەكێتی داوای پۆستەكەی كردەوە، ئەوان رادەستیان دەكەنەوە، ناوبراو رونیكردەوە: ئەم پۆستە موڵكی ئەوان نییە تا بەهاوكاری پێیان دابین كە ماوەكەی تەواو بوو پێیان بدەینەوە، ئەوە پۆستی پارێزگارە، ئێمە 12 كورسیمان هەیە و پۆستەكەش بەركەوتەی گۆڕانە و لەبەر بەرژەوەندی شاری سلێمانی ئێمە رازیبووین پۆستەكە دوو ساڵ بەدوو ساڵ بێت.

دەشڵێت: "ئەگەر بەپێی ستانداری جیهانی و عورفی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی و حكومەتی مەركەزی بێت براوەی یەكەم پۆستی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بەدەست دەبێت".

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure