سكاڵا له‌سه‌ر وه‌زیری دارایی تۆماركرا

هەواڵ / ئابوری :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 4650‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دوو په‌رله‌مانتاری عێراق (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ی ته‌مموزی 2019) سكاڵایه‌كی یاساییان له‌ دژی وه‌زیری دارایی عێراق به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌باره‌ى ناردنی پشكی هه‌رێم، یاسای بودجه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌.


هه‌ردوو په‌رله‌مانتاری عێراق ئینعام روبه‌یعی و جه‌واد موسه‌وی دواى تۆماركردن سكاڵا له‌ دژی فوئاد حسێن، وه‌زیری دارایی عێراق رایانگه‌یاند: وه‌زیری دارایی پێچه‌وانه‌ی (بڕگه‌ی ج له‌ مادده‌ی 10)ی یاسای بودجه‌ی 2019ی فیدراڵی عێراق كاری كردووه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر راده‌ستنه‌كردنی 250 هه‌زار به‌رمیل رۆژانه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، پشكی هه‌رێمی كوردستانی كه‌م بكردایه‌ته‌وه‌.

له‌ (بڕگه‌ی ج له‌ مادده‌ی 10) بودجه‌ی 2019ی عێراقدا هاتووه‌: "ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پشكه‌ی بۆی دیاریكراوه‌ نه‌خاته‌سه‌ر گه‌نجینه‌ی گشتی فیدراڵی یان ئه‌گه‌ر هه‌ردوو بڕگه‌ی (ا ، ب)ی ئه‌م مادده‌یه‌ جێبه‌جێ نه‌كرد، ئه‌وا وه‌زیری دارایی هه‌ڵده‌ستێت به‌ بڕینی پشكی دیاریكراو به‌پێی هه‌ردوو بڕگه‌ی (یه‌ك، دوو/ا ،ب)".

بڕگه‌ی (ا، ب)ی مادده‌ی 10 تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رێگه‌ی (سۆمۆ)وه‌ هه‌نارده‌ بكات و داهاته‌كه‌ی بخرێته‌سه‌ر سندوقی گشتی فیدراڵی.

ئه‌و دوو په‌رله‌مانتاره‌ روونیانكردووه‌ته‌وه‌: ناكۆكیه‌ سیاسییه‌كان له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌ت وایكردووه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی له‌ راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ عێراق پشتگوێبخات و پشكی خۆیشی له‌ بودجه‌ ببات.

(رۆژی 3ی تەمموزی 2019) رۆژنامەیەکی سعودی بڵاویكرده‌وه‌: پەرلەمانی عێراق لە چەند رۆژی داهاتوودا چەند رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە هەرێم رازی نەبووە نەوت رادەستی بەغدا بکات.

رۆژنامەی (عوکاز)ی سعودی لە زاری سەرچاوەکانی پەرلەمانی عێراقەوە رایگەیاندووە: کۆنترۆڵکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە مەترسیدارە و وایلێدەکات کە رێکاری سزایی لە دژی بگیرێتەبەر و ئەم کارەی هەرێمیش وەک چەتەیی و ئاڵنگارییەکە لە دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی.

باسی لەوەشکردووە: حکومەت ئەم دۆسیەیە رادەستی پەرلەمان دەکات، بۆ ئەوەی رێکاری گونجاو و یاسایی لە دژی هەرێم بگیرێتەبەر، بە تایبەت دوای راپۆرتی لیژنەی وزەی پەرلەمان کە تەئکیدی کردەوە هەولێر پابەند نەبووە بە یاسای بودجەوە و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتیش وای کردووە ئەو بڕەی هەرێم دەیفرۆشێت کە داهاتەکەی بۆ خۆیەتی کار بکاتەسەر پشکی نەوتی عێراق لە رێکخراوی ئۆپێک، ئەمەش لادانە لە یاسا.

ئاماده‌كردنی: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure