كورد هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆسته‌كانی به‌غدا ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 207‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

تاوه‌كو ئێستا پارتی ژماره‌یه‌ك پۆستی له‌ به‌غدا وه‌رگرتۆته‌وه‌ و ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراقیش ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات ژماره‌ی پۆسته‌ به‌ تاڵه‌كانی كورد 50 پۆستی باڵایه‌.


له‌دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ 11ی ئاداری 2018، پارتی دیموكراتی كوردستان جگه‌ له‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و پۆسته‌ وزارییه‌كان، ژماره‌یه‌ك پۆستی دیكه‌ی وه‌كو ئه‌مینداری په‌رله‌مانی عێراق و چوار به‌ڕێوبه‌ری گشتیی و ژماره‌یه‌ك پۆستی باڵای سه‌ربازی وه‌رگرتۆته‌وه‌ و له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌واش داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی 20 پۆستی كردووه‌ و كاندیدیشی له‌وباره‌یه‌وه‌ پێشكه‌شكردووه‌.

ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق بۆ دواڕۆژ رایگه‌یاند: ژماره‌ی پۆسته‌ به‌تاڵه‌كان كه‌ به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێن لە پشكی كوردن، له‌ په‌نجا پۆست زیاتره".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە: پڕنه‌كردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و پۆستانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ كابینه‌ی رابوردوو كه‌ رێگربوون و ناكۆكیش له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كاندیدی كورد بۆ ئه‌و شوێنانه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئێستا به‌ فه‌رمی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك ئه‌ركان و سوپاسالار له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌ستبه‌كارنه‌بوون، به‌ڵام گفتوگۆكانی چه‌ند مانگی رابوردوو له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا وایكردووە، پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ به‌ كاندیدانی پارتی نزیك بكاته‌وه‌.

بابه‌كر زێباری، سوپاسالاری پێشووتری عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دانووستانی نێوان ھەرێم و بەغدا به‌رده‌وامه‌ بۆ وەرگرتنەوەی پشکی کورد لە پۆستە ئەمنی و سه‌ربازییه‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئەو پرسە له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا یه‌كلابكرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: به‌پێی په‌یڕه‌وكردنی سیستمی كۆن، كورد له‌ 20%ی پۆسته‌كانی به‌رده‌كه‌وێت له‌ماوه‌ی رابوردووش شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و دانووستانه‌كان ده‌ستپێكردووه‌.

به‌وته‌ی ناوبراو، پشكەكانی كورد له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆ بریتین له‌ سوپاسالار و ئەمینداری گشتی و ژماره‌یه‌ك جێگر لە وەزارەتی بەرگری و پشکێنەری گشتی و چەندین بەڕێوبەری دیكه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure