تۆپخانە و فڕۆكەی ئێران بۆردومانی باڵەكایەتی دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 11/07/2019‌ :: 181‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

تۆپبارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گوندو ناوچه‌ كوێستانیه‌كانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی به‌رده‌وامه‌ و چه‌ند جێگه‌یه‌كیش یه‌كه‌مجاره‌ بۆردومان بكرێن، له‌ ئه‌نجامی تۆپبارانه‌كه‌ش پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ به‌ سه‌ختی برینداربووه‌ و له‌ سنوری حاجی ئۆمه‌رانیش ئاگرێكی گه‌وره‌ كه‌وتۆته‌وه‌ و 20 ماڵیش ئاواره‌بوون. 


عه‌بدوڵا ئاڵانه‌، موختاری گوندی ئاڵانه‌ (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژی وت: له‌ پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆوه‌ تۆپبارانی ئێران بۆ سه‌ر گوند و ناوچه‌ كوێستانی و سنورییه‌كانی باڵه‌كایه‌تی به‌ چڕی ده‌ستیپێكردوه‌ و تائێستاش به‌رده‌وامه‌ و ناوه‌ ناوه‌ش فڕۆكه‌ی چاودێری به‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا ده‌سوڕێته‌وه‌. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ به‌هۆی به‌رده‌وامی تۆپبارانی بیست ماڵی نیشته‌جێی ناوچه‌ تۆپبارانكراوه‌كان ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووه‌ و له‌ جاده‌ی هامڵۆتن جێگیربوون. 

ئه‌و موختاره‌ رونیشیكرده‌وه‌: سنوری هه‌ریه‌ك له‌ گونده‌كانی ئالانه‌، گونده‌ژۆر، به‌رده‌سۆران و ناوچه‌ سنوری كوێستانیه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران تۆپباران ده‌كرێن و به‌وهۆیه‌وه‌ش ئاگرێكی گه‌وره‌ كه‌وتۆته‌وه‌ و ره‌زوباغی هاوڵاتیانیش زیانی زۆریان پێگه‌یشتوه‌. 

جگه‌ له‌ تۆپبارانكردنی سنوری حاجی ئۆمه‌ران كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یه‌كه‌مجار ناوچه‌ كوێستانیه‌كانی بناری هه‌ڵگۆڕدیشی له‌ دیوی دۆڵی روستێی باڵه‌كایه‌تی تۆپبارانكردوه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ش ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆری لای دانیشتوان دروستكردووه‌، چونكه‌ یه‌كه‌مجاره‌ سارتكه‌، ناوڕۆین و ستێروك له‌ سنوری گوندی گرتگی باڵه‌كایه‌تی تۆپباران بكرێن. 

سه‌رچاوه‌یه‌كی نیشته‌جێی سنوره‌كه‌ به‌دواڕۆژی وت: له‌ ئه‌نجامی تۆپبارانی ئه‌مڕۆی سنوره‌كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران (كۆمه‌ڵه‌) به‌سه‌ختی برینداربووه‌. 

پێداچونه‌وه‌: ئارام غه‌فور
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure